ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، داخستنی خوێندنگاکان هاوشان لەگەڵ پابەندبوونێکی ڕێژەیی هاووڵاتیان بەڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ئامارەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکە، دەشڵێت، بۆ تاووتوێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێم سبەی وەزیری تەندروستی لەگەڵ لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ" ناس کورد" (یەکشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: " کۆمەڵێک ڕێکار کە لەماوەی ڕابردوودا پەیڕەوکراون کاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان".
وتیشی: "داخستنی خوێندنەگاکان بەتایبەتی قۆناغەکانی سەرەتایی و ژمارەیەک شوێنی ناپێویست، بەرزبوونەوەی ئاستی شارەزایی دامەزراوە تەندروستییەکانی هەرێم لە چۆنێتی بەرنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە، زۆربوونی پشکنینەکان، هەموو ئەمانە پێکەوە ڕۆڵی بارچاویان گێڕاوە لە کەمبوونەوەی ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشییەکە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا".
حەوێزی ئاماژە بەوەشدا، بەمەبەستی تاووتوێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سبەی وەزیری تەندروستی لەگەڵ لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە".