ناس کورد-
بەهۆى هێرشێکى چەکدارانى داعش لە ڕێگەى تەقینەوە و قەناسەوە لە سەڵاحەدین ژمارەیەک ئەندامى هێزە ئەمنیەکان کوژران و برینداربوون و سێ هاووڵاتى مەدەنیش لەناو بریندارەکاندان.
شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى بڵاویکردوەوتەوە، لە گوندی"محسک"ى سەربە پارێزگاى سەڵاحەدین بۆمبێکى چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقیوەتەوە و سێ هاووڵاتى کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون برینداربوون.
ڕونیشکراوەتەوە، دواى ئەوەى هێزە ئەمنیەکان چوون بە هاناى بریندارەکانەوە بە چەکى قەناس تەقەیان لێکراوە و عەقیدێک و ئەفسەرێک لە هێزەکانى پۆلیس و ئەندامێکى حەشدى شەعبى کوژراون، هەروەها مفەوەزێک و ئەندامێکى ترى حەشدى شەعبى بریندار بوون.
لەلایەکى ترەوە سەرچاوەیەکى ئەمنى لە پارێزگاى سەڵاحەدین بە "ناس"ى وتوە، بەهۆى هێرشەکەوە 11 ئەندامى هێزە ئەمنیەکان کوژراون و بریندار بوون و دواتریش پاڵپشتى ئەمنى گەیشتونەتە ناوچەکە و توانیویانە کۆتایى بە هێرشەکە بهێنن.