ناس کورد-
باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا لە بیرەوەرییەكانیدا باس لەیەكەم سەردانی خۆی دەكات بۆ مەزرای پادشای كۆچكردووی عەرەبستانی سعودیە كە بەقسەی ئەو "ئوتێلی گرانبەها بووە لە ناوەڕاستی بیابان".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئۆباما لە بیرەوەرییەكانیدا بەناوی "خاكی بەڵێن" كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (20 تشرینی دووەمی 2020) باس لەوە دەكات لەیەكەم سەردانیدا بۆ ڕیازی پایتەختی عەرەبستان دوای دەستبەكاربوونی لەواشنتۆن شا عەبدوڵڵا عەبدولعەزیزی كۆچكردوو، بانگهێشتی كردووە بۆ مەزراكەی خۆی كە پڕبووە لە ڤێللە و كریستاڵ و راخەری نەرم و كەرەستەی رووپۆش بە ئاڵتوون و "زیاتر لە ئوتێلی فۆرسزونز چووە كە كەوتبێتە خوارەوە لە بیابان".
ئۆباما دەڵێت پادشا پرسیاری خێزانەكەمی كرد، ئەمیش باسی خۆگونجاندنی میشیل و دووكچەكەی بۆ كردووە لەناو كۆشكی سپی. ئەویش روونیكردووەتەوە كە 12 ژنی هەبووە كە لەیەك كاتدا نەبووە. راپۆرتە هەواڵییەكانیش دەڵێت: ژمارەی ژنەكانی نزیكن لە 30 ژن و 40 مناڵی هەیە و دەیان نەوە.
لەبیرەوەرییەكانیدا ئۆباما دەڵێت پرسیومە، ئەگەر بەلاتەوە كێشە نەبێت بپرسم، چۆن هەڵ دەكەیت لەگەڵ 12 هاوسەر؟ ئەویش بەبێزارییەوە سەری لەقاند: زۆر خراپ، یەكێكیان لەهەمویان زیاتر غیرە ئەكات. ئەو دۆخە ئاڵۆزترە لە سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ئۆباما باس لەوەش دەكات لەیەكێك لەڤیللەكاندا تابلۆیەكی گرانبەها و چەندین پەیكەری زیڕ و چوارچێوەی ڕوخامی لەجانتایەكدا بۆ دانرابوون لەگەڵ كاتژمێرێكی شوشە كە بەپلەی گەرما كاری كردووە، ئەمە جگە لە ملوانەكەیەك بەقەدەر زنجیری پاسكیلێك كە لەیاقوت و ئەڵماس بوون و بەهاكەی بایی سەدان هەزار دۆلاربوون لەگەڵ چەندین مستیلە و گوارەی هاوشیوە، دیاری هاوشێوەش بۆ ئەندامانی شاندەكە دانرابوون لەچەشنی كاتژمێری گرانبەها لە ژوورەكانیان.
ئۆباما ئەوەش دەڵێت وادیارە كەس سعودییەكانی ئاگادار نەكردبوو كە یاساكانی ئەمەریكا وەرگرتنی دیاری قەدەغە دەكات. "دیارییە بەنرخەكانم هەڵگرت و پرسیم لەخۆم ئەبێ چەند جاری تر ئەمانە بۆ سەركردەكانیتر دانرابن كە دەوڵەتەكانیان قەدەغەی ناكات".
لەكۆتایی ئەم بەسەرهاتەشدا ئۆباما ئەوە دەگێڕێتەوە كە لەوكاتەدا بیری لەو چەتە سۆماڵیانە كردووەتەوە كە ئەم فرمانی كوشتنی دەركردوون لەگەڵ گەنجانی یەمەن و عێراق و میسر و ئوردن و ئەفغانستان كە قازانجەكانیان كە داهاتەكانیان بەدرێژایی تەمەنیان نەگەشتووەتە نرخی ئەو ملوانكە گرانبەهایە.