ناس کورد- هەڤاڵ غالب
ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای سەرەکی ناحیەی ئاغجەلەر - گوندی گۆپتەپە لە ڕوداوێکی هاتوچۆدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە دوان لە قوربانیەکان هاوسەرن و لە ئۆتۆمبیلەکەیاندا سوتاون .
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شڤان گۆپتەپەیی، هاوڕێی ئەو کوڕەى کە لەڕوداوەکەدا لەگەڵ هاوژینەکەى سوتان و گیانیان لەدەستدا بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند "ئەو ژن و مێردەى کە لە روداوەکەدا گیانیان لەدەستدا و سوتان ناویان محەمەد سابیر (22 ساڵ) و کۆچەر لەتیف (20 ساڵ)، ماوەى چوار مانگە هاوسەرگیرییان کردووە".
وتیشی :"محەمەد لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ئەمڕۆ بەمەبەستی سەردانی چونەتە ناحیەی تەکیە و قەزای چەمچەماڵ و ئێوارە دوای گەڕانەوەیان لە ڕێگا توشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون بەهۆیەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا و لە ئۆتۆمبیلەکەیاندا سوتان ".
ئەو هاوڕێیەى محەمەد رونیکردەوە، محەمەد دەرچوی زانکۆیە و دانەمەزراوە و لە کارگەی ئاسن لە سنوری کانی شەیتان کارى دەکرد و ماڵی لە گوندی گۆپتە بوو".
پێشتریش هێمن بەهجەت بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر بۆ ناس کورد وتی :" لە نێوان ناحیەی ئاغجەلەر و گوندی گۆپتەپە نزیک گوندی عەسکەر دووئۆتۆمبیل لە جۆرەکانی (نیسان پیکاب تاک و ئۆپڵ ) پێکیاندا داوە و بەهۆیەوە سەرنشینانی ئۆتۆمبیلی ئۆپڵ کە ژن و پیاوێک بوون سوتاون و لە ئۆتۆمبێلی بەرامبەریشدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی تر بریندارە"
وتیشی " سەرنشینانی ئۆتۆمبیلە نیسانەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی چەمچەماڵ کراون ، بەڵام بەهۆی گڕگرتن و سوتانی سەرنشینانی ئۆپڵەکەوە ئێستا سەقاڵی بڕینەوەی ئۆتۆمبیلەکەین بۆ ئەوەی تەرمەکانیان دەربهێنین "