ناس کورد-
ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى هۆشدارى دەداتە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەوەى شەپۆلى دووەمى کۆرۆنا بەڕێوەیە و تاکە چارەسەریش توندکردنەوەى ڕێوشوێنەکانە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەحمەد مەنزورى، بەڕێوەبەرى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى دەریاى ناوەڕاست لە ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندوە، نیگەرانن لەوەى دەوڵەتانى ناوچەکە ڕێوشوێنەکانیان سوککردوە، ئەوەش دواى ئەوەى لە ماوەى ڕابردودا ڕێوشوێنى توندیان گرتەبەر.
باسى لەوەشکردوە، کارە سەرەکیەکانى وەڵامدانەوەى پەتا دورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتى و بەستنى کەمامەیە، تائێستا ئەو کارانە بە تەواوەتى لە ناوچەکەدا جێبەجێ ناکرێن، ئەنجامەکەشى ئاشکرایە و نەخۆشخانەکانى ناوچەکە پڕ بوون لە توشبوو.
مەنزورى جەختیشی کردەوە کە "شەپۆلى دووەمى کۆرۆنا مەترسیدارە لە شەپۆلى یەکەم، تاکە ڕێگەى خۆپاراستنیش بۆ ئەوەى ژمارەیەکى زۆر گیانلەدەستدان نەکەوێتەوە توندکردنەوەى ڕێوشوێنەکانە."