ناس کورد-
کەسێکی نزیک لەو خێزانە کوردەى کە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی لە بەغدا کوژران دەڵێت، دوای دوو مانگ لە تاوانەکە جارێکی تر دادگا دەیەوێت لێکۆلینەوە لە بابەتەکە بکات و تائێستا هیچ بڕیارێک یان سزایەک بۆ تۆمەتباری سەرەکی دەرنەچووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژی 15ی ئەیلولی 2020، کەسێک بە ناوی مەهدی حسێن ناسر مەتەر چووە ماڵی دارا و عالیەی هاوسەری و شیلانی کچی کە سەرجەمیان کوردن، دواتر هەرسێکیانی کوشت، ئەو کاتە ڕووداوەکە شەقامی عێراقی و کوردستانی هەژاند.
ماڵی دارا ساڵانێکى زۆر بوو لەبەغدا نیشتەجێ بوون، بەدیاریکراوى ماڵەکەیان لە گەڕەکى مەنسورى پارێزراو بوو بەهۆى نزیکى لەباڵیۆزخانەکانى بەحرەین و روسیا، بەڵام ئەوە دورینەخستنەوە لە مەترسی کوشتن و بە ئامانجگرتنیان.
ئاشنا بابان، خوشەکەزای دارا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ناس کورد (19ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، "خێزانەکەمان وەڕس بووین لە دواخستنی کەیسەکە و نەبوونی بڕیاری یەکلاکەرەوە لە کەیسەکە، دوای دوو مانگ دیسان دادگا داوای کردووە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکرێت، بۆیە دیسان چوونەتەوە ماڵی خاڵم بۆ پشکنین، چونکە هێشتا هیچ کەسێک بۆی نییە بچێتە ئەو خانووەوە."
دەشڵێت، پارێزەری کەیسەکە جارێکی تر لەگەڵ کەسوکارەکەیان لە بەغدا دانیشتووە، "جارێک هیچ جۆرە بڕیارێک لەبارەى کەیسەکەوە دەرنەچووە، چونکە تۆمەتباری سەرەکی سێ کەیسی لەسەرە، دیسان دۆسییەکەیان لە پزیشکی دادی دەرهێناوە، پۆلیس چوونەتەوە ماڵەکەوە و هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە."
زیاتر بخوێنەوە: هەرێمى کوردستان بکوژى شیلان و خێزانەکەى ڕادەستى بەغدا کرد [وێنە]
لە وەڵامی ئەو پرسیارەى بۆچی تائێستا هیچ بڕیارێک لەبارەى کەیسەکەوە نەدراوە سەرباری تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەریدا، ئاشنا بابان وتی، "ئێمە خۆشمان لامان سەیرە، چونکە جارێکی تر تەماشای کەیسەکە دەکەنەوە لە پزیشکی دادی، چوونەتەوە ناو خانووەکە بۆ لێکۆڵینەوە زیاتر."
زیاتر بخوێنەوە: دانپێدانانێكى نوێ و جیاوازی تۆمەتبارى كوشتنى خێزانە كوردەكەى بەغدا بڵاوكرايەوە (ڤيديۆ)
باسی لەوەشکردووە، "تۆمەتباری سەرەکی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، سەرەتا بە دۆسیەی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵ کرد، دواتر کرایە مادەى 406 لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست، پارێزەرەکە وتوویەتی لەوانەیە دیسان بکرێتەوە بە مادەی تیرۆر."
ڕۆژی 18ی ئەیلولی 2020، واتە دوای سێ ڕۆژ لە تاوانەکە، ئاژانسى هەواڵگريی وەزارەتى ناوخۆى عێراق دانپێدانێكى مەهدی حسێن ناسر مەتەر، ئەو كەسەى خێزانە كوردەكەى لە ناوچەى مەنسورى شارى بەغدا كوشت بڵاوكردەوە.
مەهدی حسێن ناسر مەتەر لە دانپێدانانەكەيدا دەڵێت، ماوەى چوار ساڵە باوكى شيلان دەناسم، ناسينێكى زۆر باش نا، ئەوەندەى كە بتوانم پلانەكەم دانێم و پارەكەى ببەم، بچم و بيكوژم و پارەكە ببەم، كاتەكانيانم ئەزانى و كەى دەڕۆن و كەى دەگەڕێنەوە ماڵەوە، چارەك بۆ حەوت باوكى شيلان لە ماڵ نەدەبوو.
باسى لەوەشكردوە، ڕاستەوخۆ چوومە ماڵيان و جەڕەسم لێدا و باوكى شيلان پەيدا بوو، سەرەتا دەرگاى نەكردەوە، دواتر دەرگاى كردەوە و سەلامم لێكرد و چومە ژورەوە و بەخۆمم وت، گەيشتوەتە قۆناغێك ئەبێت ئەم كارە بكەم، دوو چەقۆم لە شانى باوكى شيلان دا و دواتر دايكى شيلان پەيدا بوو، و هاوارى كرد وتى ئەوە چيتانە و بە چەقۆ لەويشمدا و بردمە گەرماوەكەوە.
زیاتر بخوێنەوە: دەقى دانپێدانانى بکوژى خێزانە کوردەکەى شارى بەغدا [ڤیدیۆ]
دەشڵێت، يەكەم كەس كە كوشتم باوكى شيلان بوو، پێش ئەوەى بيكوژم پێموت پارەكانتم بدەرێ بەڵام ئەو وتى پارەم نييە، دواتر بە چەقۆ لە مليمدا و كەوت، بڕێكى زۆرم خواردبووەوە، دواتر بەدواى پارەدا گەڕام بۆ ئەوەى بيبەم و بڕۆم، لە جانتاكەى دايكى شيلاندا هەندێك پارەم دۆزيەوە و دواتر چوومە ژورەكەى باوكى شيلان و لەوێ پارەم دۆزيەوە كە 25 هەزارى و دۆلار بوون.
تۆمەتبارەكە دەڵێت، دواتر ويستم بڕۆم و دەرگاكە كرايەوە و شيلان بوو گەڕايەوە و منى بينى تووشى شۆك ببوو، منيش پێموت مەترسە هيچ نييە، دواتر پرسيارى دايك و باوكى كرد و منيش پێموت لە ماڵەوەن مەترسە و داوام لێكرد بێتە ژوورەوە قسە بكەين و وتى نايەم و دەستى كرد بە هاواركردن و منيش يەكسەر قوڕگيم گرت.
لە درێژەى گێڕانەوەى ڕوداوەكە مەهدی حسێن ناسر مەتەر باسى لەوەكردوە، شيلانم بردە ژورەكەى باوكى و دامنيشاند و وتى كوا دايكم؟ كوا باوكم؟، منيش پێموت دايك و باوكتيان ڕفاندووە، پرسيارى ئەوەى كرد كێ ڕفاندونى و منيش پێموت نازانم و وتم دەچم ئاوت بۆ دەهێنم و دواى ئەوەى هێنام و گەڕامەوە بە تەپڵەكێكى جگەرە داى بەسەرمدا.
دەڵێت، منيش دوو مشتەكۆڵەم لێدا و شيلان كەوت و بێدەنگ بوو دواتر وتم با كۆتايى بەميش بهێنم و بڕۆم و پشتيەكم خستە سەر دەموچاوى تا ئەو كاتەى گيانيلەدەستدا، دواتر ڕۆشتم و ڕوومكردە هەولێر و لەوێ دەستگير كرام.