ناس کورد-
وتەبێژى گۆڕان ڕایگەیاند، پێویستە شاندێکى باڵاى حکومى و حزبە سیاسیەکان بچنە بەغدا بۆ ئەوەى لەپڕۆژە یاسای بودجەى ساڵى داهاتووشدا کێشە بۆ هەرێم دروست نەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەلێدوانێکى تایبەت بە "ناس کورد"، عەدنان عوسمان وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامى خانەى ڕاپەڕاندنى ئەو حزبە ڕایگەیاند "کێشەکانى ئەمدواییەى نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵۆزن و پێویستى بەچارەسەرى کتوپڕ هەیە".
وتیشى "زۆر گرنگە شاندێکى باڵاى هەرێم کە هەموو لایەنەکان تێدا بەشداربن و هەم شاندى حکومى بێت و هەمیش شاندى سیاسى بێت بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانە بۆ ئەوەى هەوڵ بدرێت لەپڕۆژە یاسای بودجەى ساڵى داهاتودا هیچ کێشەیەکى تر بۆ هەرێم دروست نەبێت".
لەبارەى چارەنوسى چاکسازى لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، وتەبێژى گۆڕان وتى "هەنگاوەکان خاو دەڕۆن و دەبێت پەلە بکرێت و هەنگاوەکان ڕەنگدانەوەیان هەبێت لەسەر ژیانى خەڵکى و تا ئێستا ئەوە ڕووینەداوە بەڵکو پێچەوانەکەى ڕوویداوە".