ناس کورد-کاروان مەحمود
ئەندامێکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان دڵنیایی دەدات لە بەردەوامی هەڵمەتەکانی حکومەت بۆ نەهێشتنی پاڵاوگە نایاساییەکان و ئەوەش دەڵێت "لەماوەی رابردوو ژمارەیەکی زۆر پاڵاوگەی نایاسایی داخراون".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رێبوار عەبدولڕەحیم، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی لە پەرلەمانی کوردستان (18ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە داخستن و بەدواداچوونی ئەو پاڵاوگەیانەی بەشێوەی نایاسایی کار دەکەن و لەماوەی رابردووش ژمارەیەکی زۆر پاڵاوتگەی نایاسایی لە هەولێرو دهۆک و چەند ناوچەیەکی دیکە داخراون.
لەبارەی ئەوەی دەوترێت هەندێک لەو پاڵاوگەیانە بەشەوان بەنهێنی کاردەکەن، ئەندامەکەی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەوانەی داخراون بەهیچ جۆرێک ناتوانن دەستبەکار بکەنەوە، ئەگەر پاڵاوگەیەکیش هەبێت بەنھێنی کار بکات ئەوە کاری لیژنە تایبەتەکانی ئێمە وەکو پەرلەمانتاران و ئەنجومەنی پارێزگاکانە بەدواداچوون بکات و ئاشکرایان بکات.
رێبوار عەبدولڕەحیم دڵنیایشدا لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جدییە لە هەڵمەتەکەی بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگەیانەو لە هەرشوێنێک پاڵاوگەیەک هەبێت و ئاشکرا بکرێت روبەڕوی داخستن دەبێتەوە.