ناس کورد-
بەپێى پێشبینیەکانى کەشوهەوا، ڕۆژانى پێنجشەممە و هەینى لە زۆربەى ناوچەکانى عێراق ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بوونى نمەباران لە رۆژى شەممەش بارانى بەهێز هەڵەبجە و سلێمانى دەگرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى و بومەلەرزەزانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە (18ى تشرینى دووەمى 2020) بڵاویکردەوە، ڕۆژانى پێنجشەممە و هەینى 19 و 2020/11/20 نزمە پاڵەپەستۆیەک لە دەریاى سورەوە ڕودەکاتە ناوچەکە و کەشوهەواى وڵات بەشێوەیەکى گشتى نیمچە هەور و هەندێک جار هەورى تەواو و نمە باران دەبێت.
ڕونیشکراوەتەوە، ڕۆژى شەممەى داهاتوو 21ى تشرینى دووەم ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە لەگەڵ پاڵەپەستۆیەکى تر لە دەریاى ناوەڕاست یەکدەگرێت و دەبێتە هۆى بارانبارینى مامناوەند لە چەند ناوچەیەکى عێراق، بەڵام لە ناوچەکانى ڕۆژهەڵات بارانى بەهێز دەبارێت وەک سلێمانى، هەڵەبجە، دیالە، کوت و عەمارە.
کەشناسى عێراق جەختى لەوەشکردوەتەوە، هەروەها بارانبارینەکە هەورە بروسکەى لەگەڵدا دەبێت و لە هەندێک ناوچەش لافاو دروست دەبێت، لە ڕۆژى یەکشەممەشەوە ئەو کاریگەرییە بەرەو کەمبونەوە دەچێت.