گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هیچیان بەردەست نین

توێژینەوەیەك: سێ پێشمەرجی پێویستن بۆ گۆڕانكاری پەروەردەیی لە كوردستان

2020.11.18 - 16:59
App store icon Play store icon Play store icon
توێژینەوەیەك: سێ پێشمەرجی پێویستن بۆ گۆڕانكاری پەروەردەیی لە كوردستان

ناس کورد-

توێژینەوەیەكی ئەكادیمی جەخت لەوە دەكاتەوە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم خاوەن هیچ یەك لەو سێ پێشمەرجییانە نییە كە لەئێستادا بۆ گۆڕانكاریی پێویستن لەكاتێكدا کێشەكانی ناو کۆمەڵگە تا دێت لە زیادبوون و پەرەسەندندان

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

توێژینەوەكە كە مامۆستا و توێژەری پەروەردەیی "فایەق سەعید" نووسیویەتى و لەدوا ژمارەى گۆڤارى "ئایندەناسى" ى سەنتەرى لێکۆلینەوەى ئایندەیی بڵاوکراوەتەوە و "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (18 تشرینی دووەمی 2020)، جەخت لەوە دەكاتەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە هەر وڵاتێکدا بکەیت، دەبێت (٣) پێشمەرجمان هەبێت كە بریتین لە زانستێکی ڕۆژئاوایی هاوچەرخ، میتۆدێکی زانستیی هاوچەرخ کار بکرێت، کە سیستمە ڕۆژئاواییەکان کاری پێ دەکەن لەگەڵ کۆمەڵێك کارناسی باش کە کار بەو زانستانە بکەن، ئاگاداری سیستمی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان بن و بتوانن بە میتۆدێکی هاوچەرخ پیادەی بکەن، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان خاوەنی هیچ یەکێک لەو پێشمەرجانە نییە.

 

بۆ دەستکاریکردنی سیستمی پەروەردەیی؛ توێژینەوەکە ئەم پێشنیازانە دەکات:

 

دروستکردنی گرووپێکی بچووک لە کارناسەکانی پەروەردە، بە مەرجێک نیوەیان لە شارەزاترین کارناسە ناوخۆییەکان بێت و نیوەکەی دیکەشیان لەو کارناسانە بن کە شارەزاییەکی زۆر باشیان لە سیستمی پەروەردەی ڕۆژئاواییدا هەیە و کاریان تیادا کردووە. لە مێژووی پەروەردەی وڵاتە دواکەوتووەکاندا نەتوانراوە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بە کادیرە ناوخۆییەکان بکرێت. ئەم بابەتە لەوانەیە هەستیار بێت، بەڵام لە ڕاستیدا وڵاتە ڕۆژئاواییە زۆر پێشکەتووەکانیش هەمیشە پشت بە کارناسەکانی یەکتر دەبەستن. بۆیە توێژینەوەکە وای دەبینێت بەبێ زانست و هاوکاریی ناوەندە مەعریفییە ڕۆژئاواییەکان، هیچ وڵاتێکی دواکەوتوو ناتوانێت گەشەکردن بەدەست بێنێت.

 

دانانی سیستمێکی هاوچەرخ بۆ تاقیکردنەوەکانی هەموو قۆناغی ئامادەیی، کە بتوانێت کارایی خوێندکار بەرز بکاتەوە.

 

هەڵوەشانەوەی سیستمی هەڵبژاردن (لە تاقیکردنەوەکاندا)، چونکە بەربەست بۆ گەشەکردنی مەعریفیی خوێندکاران دروست دەکات. گرفتێک لەوەدا نابینین ئەگەر بۆ نموونە (٢٥٪)ی پرسیارەکان بە هەڵبژاردن بێت.

 

ماوەی ٦ ساڵە، ٢ تا ٣ ڕەشنووسی یاسای خوێندنگەکان هەیە (بە ناوی جیاوازەوە) و هیچ وەزیرێک نەیبردووەتە پەرلەمان بۆ پەسەندکردن، لە کاتێکدا ئەم یاسایە کاروباری خوێندنگەکان ڕێک دەخات. ئەم یاسایە یەکێکە لەو بنەمایانەی کە دەبێ هەبێت (ئ. ن. ک.، ٢٠١٤)[47]، (ئ. ن. ک.، ب ٢٠١٤)[48].

 

هەوڵدان بۆ دانانی پەیڕەوی فێرکاری[49]، چونکە ئەم پەیڕەوە ڕۆڵی دەستوور بۆ خوێندنگەکان دەبینێ و کاریگەرییەکی یەکجار ئەرێنیی هەیە. تا ئێستا کۆی وەزارەتەکانی پەروەردە هیچ جۆرە دونیابینییەکیان بۆ ئەم پەیڕەوە نەبووە (Linge, 2012)[50].

 

وڵاتە پێشکەوتووەکان تەنها بایەخ بەو فاکتەرانە دەدەن کە ئەندازەی کاریگەرییان[51] بەرزە (Hattie, 2014)[52]. وەزارەتەکانی پەروەردە کاریان لە هەندێ بواردا کردووە کە زیان بە خوێندکار دەگەیەنێت، بۆ نموونە ستایشکردن و خەڵاتکردن[53] کە ئەندازەی کاریگەرییان لەخوار سفرەوەیە، تاقیکردنەوەی هەڵبژاردن، تاقیکردنەوەی بەکالۆری… هتد، بەڵام کاریان لەو بوارانەدا نەکردووە کە گەورەترین کاریگەرییان لەسەر گەشەسەندنی مەعریفیی خوێندکار هەیە، بۆ نموونە: دیداکتیک، فیدباک، پڕۆگرامەکانی ژان پیاژێ، پەیڕەوی فێرکاری… هتد. بۆیە وەزارەتی پەروەردە پێویستە لە داهاتوودا ئەم کارانەش بکات.

 

ئامانجی پەروەردە و فێرکردن ئەوەیە کە ئاستی کارایی خوێندکار بەرز ببێتەوە و فێری فێربوون ببێت، ئەم کارەش تەنها بە مامۆستاکان دەکرێ، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک کە بکرێت؛ دەبێت لە بەهێزکردنی مامۆستاکانەوە دەست پێ بکات، بەڵام ئەوەی سەرنج دەدرێت هەموو گۆڕانکارییەکان لە شوێنی دیکەوە دەستیان پێ کردووە و تا ئێستا بایەخ بەوە نەدراوە توانای مامۆستاکان بەرز بکرێتەوە، بەتایبەت لە بواری دیداکتیکدا. ئەم شێوازە لە کارکردن وەزارەت تووشی گرفت دەکات، بۆ نموونە بڕوانە گۆڕانکارییەکانی ٢٠٠٧-٢٠٠٩.

 

دامەزراندنی سەنتەرێکی دیداکتیکی بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان لەسەر میتۆدە هاوچەرخەکانی وانەگوتنەوە، چونکە دیداکتیک بەردی بناغەی گەشەسەندنە و ئەندازەی کاریگەریی زۆر بەرزە (٠،٧٠-٠،٩٠) و دەتوانێ ئاستی مامۆستایان و خوێندکاران بەرز بکاتەوە (‌Hattie, 2016)[54]. ئەگەر ئەم سەنتەرە لەژێر سەرپەرشتیی کادیری بیانیدا نەبێت بۆ ڕاهێنانی تیمە ناوخۆییەکان، ئەوە دەرئەنجامەکەی وەکوو پەیمانگەکانی ڕاهێنان و گەشەپێدان لێ دێت. هەروەها ڕاهێنانی ورد لەسەر کارکردنی مامۆستایان بە فیدباک، لەجیاتیی ستایش، چونکە فیدباک و دیداکتیک یەکێکن لەو (٥-١٠) فاکتەرەی کە کارایی خوێندکار زۆر زۆر بەرز دەکەنەوە (Hattie & Clarcke, 2019)[55]، (‌‌‌‌Hattie & Zierer, 2019)[56]. بێتوانایی کۆی کادیرە پەروەردەییەکان و بەتایبەت مامۆستایان، بە گەورەترین بەربەستی سیستمی پەروەردە دادەنرێت.

 

ڕاهێنانی مامۆستایان لەسەر پڕۆگرامەکانی ژان پیاژێ و تیۆری مەعریفی، کە ئەندازەی کاریگەری دەگاتە (0) (Hattie, 2016)[57]. تیۆرییەکانی پیاژێ ماوەی ٨٠ ساڵە پەروەردەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی ڕەنگڕێژ کردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوین (Piaget, 1976)[58]، (Piaget, 1972)[59]، Piaget, 2013))[60]. ئەمڕۆ ٤٠ ساڵ بەسەر مردنی “پیاژێ”دا تێپەڕ دەبێت، بەڵام لە کوردستاندا یەک کتێبی پیاژێمان بە کوردی نییە  و تەنها یەک لێکۆڵینەوەی زانستییشمان بە کوردی لەسەر کارەکانی ئەو هەیە (سەعید، ٢٠١٥)[61].

 

داخستنی خانە و پەیمانگەکانی مامۆستایان و دامەزراندنی چوار پەیمانگەی گەشەپێدان و ڕاهێنان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستایان، یەکێک بوو لە بڕیارە هەرە باشەکانی وەزارەت (٢٠٠٧-٢٠٠٩) لە کابینەی پێنجەمدا، بەڵام بەداخەوە ئەو زانستانەی لەوێدا بەکار دەبرێن؛ زۆر کۆنن و ئاستی زانستیی مامۆستاکانیش نزمە، بۆیە دەبێ زانستەکان تازە بکرێنەوە لە ڕێگەی وەرگێڕانی پڕۆگرامی نوێ و بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستاکانیش گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا بێت[62].

 

گۆڕینی پڕۆگرامی ئایین بۆ ئایینناسی، واتە هەموو خوێندکاران هەمان کتێب دەخوێنن و لەو کتێبانەشدا باسی هەموو ئایینەکان دەبێ بکرێت، بەم پێیە نابێت بەخشین لە وانەی ئاییندا بمێنێت. لەو کتێبانەشدا توێژینەوەکە پێشنیاز دەکات مێژووی ئایینەکان، بنەما سەرەکییەکان، فەرز و ڕەسم و نەریتەکان، ژیانی پێغەمبەرەکان… هتد؛ بخوێنرێت، بەبێ ئەوەی پێویست بەوە بکات دەقی کتێبە پیرۆزەکان دابنرێت، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پڕۆگرامەکانی ئایین لە وڵاتە پێشکەوتووەکان.

 

پاکنووسکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە هەڵەکانی ڕێنووس و داڕشتن، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بە کوردییەکی دروست بنووسن. هەروەها کردنەوەی خولی بەردەوام بۆ تەواوی کادیرە پەروەردەییەکان و بەتایبەت مامۆستایان. لەبەر ئەوەی ڕێنووس ڕێسای خۆی هەیە، بۆیە چاککردنی هەڵەی پڕۆگرامەکان کارێکی سەخت نییە و بە کادیرە ناوخۆییەکانی خۆمان دەکرێت.

 

چالاککردنی ڕاسپاردەیەکی کۆنگرەی پەروەردەیی ساڵی ٢٠١٥ بە ناوی “توێژینەوە و دیراسات”، کە کاری ئەوەیە توێژینەوەی زانستی ئامادە بکات (و. پ، ٢٠١٥)[63]. لەبەر ئەوەی وەزارەتی پەروەردە پشت بە توێژینەوەی زانستی نابەستێت، بۆیە زۆر جار پڕۆگرامێکی هەڵە پیادە دەکات و زیان بە خوێندکاران دەگەیەنێت، بۆ نموونە وەزارەتی پەروەردە لە ٢٠١٦دا بابەتی بیرکاری و زانستەکانی کرد بە ئینگلیزی و لە ٢٠١٩دا وەزارەتێکی دیکە پڕۆگرامەکەی کردەوە بە کوردی، بەبێ ئەوەی هیچ یەکێک لەو دوو وەزارەتە پشت بە هیچ توێژینەوەیەکی زانستی ببەستن. پێوەرێکی زانستی بە ناوی “ئەندازەی کاریگەری[64]” لە چوارچێوەی توێژینەوە زانستییە جیهانییەکاندا بەکار دێت،  بۆ ئەوەی گرنگیی پڕۆگرامێکی دیاریکراو دیاری بکرێت. وەزارەتی پەروەردە پێویستییەکی زۆری بە دامەزراندنی ئەم بەشە هەیە، بۆ ئەوەی توێژینەوە دەربارەی کێشەکانی پەروەردە ئامادە بکات.

 

لەبەر ئەوەی مامۆستاکان، توێژەرەکان و کۆلێژەکانی پەروەردەش بەدەگمەن زانستی نوێ و کتێبی پەروەردەیی هاوچەرخیان دەست دەکەوێت و بەم شێوەیە ناتوانن خۆیان پێبگەیەنن، بۆیە زۆر بە گرنگی دەزانین وەزارەتی پەروەردە بەشێک لەو دامەزراوەیەی سەرەوە بکاتەوە بۆ وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی کتێب و توێژینەوەی زانستیی هاوچەرخ لە زمانە ئەورووپییەکانەوە. بەم شێوەیە کادیرەکان دەتوانن خۆیان پێبگەیەنن، زانکۆکانیش دەتوانن پڕۆگرامێکی هاوچەرخیان هەبێت.

 

بەپێی توێژینەوەکان (سەعید، ٢٠٠6)[65] و ڕووپێوییەکان کە لە هەرێـم ئامادە کراون (منداڵپارێزی کوردستان، ٢٠١٤)[66]، ڕێژەی هەراسانکردنی خوێندکاران لەلایەن خودی خوێندکاران و مامۆستایانیشەوە لە هەڵکشاندایە. هەراسانکردن جەستەیی، دەروونی، سێکسی و ئەلیکترۆنی لە پارێزگاکانی هەرێمدا لە ئاستێکی زۆر مەترسیداردایە و وەزارەتی پەروەردە تا ئێستاش هیچ بەرنامەیەک و پڕۆگرامێکی نووسراوی بۆ بەربەستکردنی ئەو دیاردە ترسناکە نییە. چەندین پڕۆگرامی باش و کارناسی شارەزا لە جیهاندا هەن کە کار لەم بوارەدا دەکەن و وەزارەتی پەروەردە پێویستە کاریان لەگەڵدا بکەن، بۆ ئەوەی ئازار و نەخۆشییە دەروونییەکانی خوێندکاران کەم ببێتەوە.

 

توێژەرەکان یان بەشی کۆمەڵناسی یان دەروونناسییان خوێندووە و هیچ یەکێک لەم دوو بەشە خوێندکارانی زانکۆ ئامادە ناکات بۆ ئەوەی وەکوو توێژەری کۆمەڵایەتی کار بکەن. بۆیە لە پێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی توێژەرەکاندا، توێژینەوەکە پێشنیاز دەکات بەشێکی نوێ لە زانکۆکاندا بۆ ئەم مەبەستە بکرێتەوە یان گۆڕانکاری لە بەشی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێستادا بکرێت، بۆ ئەوەی توێژەرەکان لەوێدا دەست بە خوێندن بکەن.

 

(٣٠٪)ی خوێندنگەکان کە یەک دەوامیان تێدا دەکرێت، بۆیە پێشنیاز دەکەین ٢ کاتژمێر دەوام بۆ پۆلەکانی ٤-١٢ لەو خوێندنگەکانەدا درێژ بکرێتەوە، بە مەرجێک شایستە داراییەکانی مامۆستایان بەرز بکرێتەوە.

 

ئەنجام

توێژینەوەکە پێی وایە کێشە و گۆڕانکارییەکانی ناو کۆمەڵگە تا دێت زیاد دەکەن و وەزارەتی پەروەردەش لە هەموو کابینەکاندا لەبەر کۆمەڵێک هۆکار نەیتوانیوە چارەسەری ئەو گرفتانە بکات. بەشێک لە هۆکارەکان پەیوەندییان بەوەوە هەیە کە پەروەردە تا ئێستا کاری لەپێشینەی حکومەتەکان نەبووە، وەزارەتەکان کارناسی پسۆڕیان نەبووە کە شارەزاییەکی باشیان لە پەروەردەی ڕۆژئاوایی هەبێت، زانستی تازەیان لەبەر دەستدا نەبووە، هەمان کادیری پەروەردەیی وەزارەتەکانیان بەڕێوە بردووە… هتد، کۆی ئەم کارانەش وای کردووە کە تووشی هەمان هەڵە ببنەوە. توێژینەوەکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات هیچ کابینەیەک نەیتوانیوە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستمی پەروەردەدا بکات و ئاستی کارایی خوێندکاران و مامۆستایانیش بباتە سەرەوە.

 

بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستمی پەروەردەدا، توێژینەوەکە کۆمەڵێک پێشنیازی خستووەتە ڕوو کە پێویستیان بە هاوکاریی زانکۆ و ڕێکخراوە ڕۆژاواییەکان هەیە. یەکێک لە کاری ئەو ناوەندانە، پەرەپێدانە بە توانای کادیرە ناوخۆییەکان لەسەر بنەمای زانستی هاوچەرخ و میتۆدی هاوچەرخی کارکردن. توێژینەوەکە نەیتوانی هیچ سەرچاوە و دۆکیۆمێنتێکی بڵاوکراوە ببینێتەوە کە مژدەی ئەو جۆرە گۆڕانکارییە گەورەیەی تێدا بێت.