گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق بەرەو دەریاى سور

ئەو دەروازەیەی 30 ساڵ لەمەوبەر سەدام دایخست کازمى کردیەوە

2020.11.18 - 14:19
App store icon Play store icon Play store icon
ئەو دەروازەیەی 30 ساڵ لەمەوبەر سەدام دایخست کازمى کردیەوە

ناس کورد-

دواى سێ دەیە لە داخستنى دەروازەى سنورى عەرعەر لەنێوان عێراق و سعودیە بەفەرمى کرایەوە، بەوەش پەیوەندییەکانى ڕیاز و بەغدا پێینایە قۆناغێکى نوێوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەروازەکە کە دەکەوێتە سنورى پارێزگاى ئەنبارەوە، ساڵى 1991 بەفەرمى داخرا، دواى هێرشى سەدام حوسەین بۆ سەر کوەیت.

 

لەو کاتەوە دەروازەکە بەرووى هاتوچۆ و جموجۆڵى بازرگانیدا نەکراوەتەوە، جگە لەکردنەوەى هەندێکجار بەرووى ئەو کەسانەدا کە بۆ فەریزەى حەج دەچنە سعودیە.

 

دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق (18 تشرینی دووەمى 2020) لەبەیاننامەیەکدا کردنەوەى دەروازەکەى راگەیاند، بەرووى ئاڵوگۆڕى بازرگانیدا.

 

دەروازەکە لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونى عوسمان غانمى، وەزیرى ناوخۆى عێراق و نوێنەرى سەرۆک وەزیران، عەبدولئەمیر شەمەرى جێگرى فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، عومەر وائیلى سەرۆکى دەستەى دەروازە سنورییەکان و پارێزگارەکانى ئەنبار و کەربەلا کرایەوە. لەلایەنى سعودیش باڵیۆزى سعودیە و ژمارەیەک بەرپرسى حکومى بەشداربوون.


کردنەوەى ئەو دەروازەیە رێگا بۆ عێراق خۆشدەکات کەلوپەل بگەیەنێتە دەریاى سور.

سعودیە و عێراق سنورێکى هاوبەش پێکیان دەبەستێتەوە کە روبەرەکەى زیاترە لە 830 کیلۆمەتر کە تەلبەندکراوە.

ئەو دوو وڵاتە ئەمساڵ هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ کردنەوەى ئەو دەروازە سنورییە، کە لەدواى کردنەوەى بە ڕێژەی %90 دەروازەیەکی بازرگانی دەبێت، چونکە سعودیە دەیەوێت دەرگایەک بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمە خۆراکی، کارەبای و بیناسازیەکانی لە ناو عێراقدا بکاتەوە، لەماوەی پێشوشدا سعودیە بانگهێشتی زیاتر لە 200 بازرگانی عێراقی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتەکەی بکەن.

لەدواى داخستنى دەروازەی سنوری عەرعەرەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان سعودیە و عێراق ئاستەنگى بۆ دروستبوو، لە ڕێگەی وڵاتانی دیکەی دراوسێوە ئەنجام دەدرا، بەڵام بە کردنەوەی ئەو دەروازەیە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجامدەدرێن.