ناس کورد-
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، سبەینێ پێنجشەممە تەرمی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا بەبۆنەی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا (18ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، "فرسەت سۆفی وەک مرۆڤێكی سادە و نیشتمانپەروەر لەو ماوەیەی کە پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرتبوو، بە بەردەوامی و شەونخوونی كاری دەكرد و لەم ماوە کەمەشدا دەست و پەنجەی لە هەموو بوارە ئیداری و خزمەتگوزارییەكانی ئەم پارێزگایەدا دیارە."
دەشڵێت، "سبەینێ بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیر و پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکان، مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت و لە شاری هەولێر بە خاک دەسپێردرێت."
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد، فرسەت سۆفی هیچ جۆرە نەخۆشییەکی تری نەبووە و تەنها هۆکاری گیانلەدەستدانی توشبوونی بووە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
کەنعان بەهادین لە ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر تایبەت بە ناس کوردی ڕایگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر سییەکانی فرسەت سۆفی دروستکردووە و هەر ئەوەش بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی.
وتیشی، "دکتۆر فرسەت سۆفی پێشتر هیچ نەخۆشییەکی کورتخایەن یاخود دریژخایەنی نەبووە، تەنها هۆکاری گیانلەدەستدانیشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو."
جەختی کردەوە کە بەرەبەیانی ئەمرۆ لە نەخۆشخانەی میمۆریاڵ لە تورکیا گیانی لەدەستداوە.
ناس کورد پەیوەندی بە نەخۆشخانەى میمۆریاڵ لە تورکیا کرد بەڵام ڕەتیانکردەوە هیچ لێدوانێک بدەن و تەنها ئەوەیان وت کە ناتوانن زانیاری لەبارەى توشبووانی کۆرۆناوە بڵاوبکەنەوە.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بە نەخۆشی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی میمۆریاڵ لە تورکیا کۆچی دوایی کرد.
فرسەت سۆفى (3ی تشرینی دوووەمی 2020) بەهۆى ناجێگیرى دۆخى تەندروستییەوە رەوانەى تورکیا کرا، ناوبراوی ساڵی 1978 (42 ساڵ) لە قەزای چۆمان لەدایک بووە.
رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2020، نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر توشبوونی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێری بە کۆرۆنا ڕاگەیاند.
ڕاگەیاندنی نوسینگەی فرسەت سۆفی وتی، "دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆ فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر دەرکەوت کە دەرەنجامەکەی پۆزەتیڤە و تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە."
ڕۆژی 12ی حوزەیرانی 2019، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر فرسەت سۆفی وەک پارێزگاری نوێی شارەکە دیاری کرد.
ژیاننامەى فرسەت سۆفی:
دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە
مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بووە
ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بووە
ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بووە
ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بووە
ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بووە
سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە