ناس کورد-
قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، فرسەت سۆفى هاوڕێی بووە و کەسێک بووە کە بەردەوام بە بێ دەنگی پێکەوە ئاگر و ناکۆکی سیاسیان ئەکوژاندەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
قوباد تاڵەبانى لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە "فرسەت سۆفى دەستی هەبوو لە هەموو رێککەوتن و هەنگاوەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لەپێناو ئارامیی و تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی. کەسێک بوو نەدەترسا راستیەکان بە سەرووی خۆی بڵێ، نەشدەترسا هەڵوێستی جوامێرانە بنوێنێت".
دەقى راگەیەنراوەکە:
بەڕێزان كەسوكار و بنەماڵەی كۆچكردوو كاك فەرسەت سۆفی
زۆر بەداخەوە ئەمرۆ خزمەتکارێکی جوان و دڵسۆزی کوردستان و بە تایبەت هەولێرمان لێ رۆیشت.
فەرسەت سۆفی نەک تەنها کەسێکی کارا و دڵسۆز و خەمخۆر بوو، بەڵکو هاوڕێشم بوو. کەسێک بوو کە بەردەوام بە بێ دەنگی پێکەوە ئاگر و ناکۆکی سیاسیمان ئەکوژاندەوە. هەمیشە پەرۆشی یەکڕیزیی سیاسیی کوردستان بوو. دەستی هەبوو لە هەموو رێککەوتن و هەنگاوەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لەپێناو ئارامیی و تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی. کەسێک بوو نەدەترسا راستییەکان بە سەرووی خۆی بڵێ، نەشدەترسا هەڵوێستی جوامێرانە بنوێنێت.
راستە کاک فەرسەت سەرکردایەتی پارتی بوو، پارێزگاری هەولێر بوو، بەڵام تەنها هی هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوو، کاک فەرسەت، هی هەمووان بوو و لە دەست هەمووان رۆیشت.
رۆحی شاد بێت.