گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە ڤیدیۆ بیبینە

لەدوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.. ناوچەی سەوز درایە بە موشەک

2020.11.17 - 22:51
App store icon Play store icon Play store icon
لەدوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.. ناوچەی سەوز درایە بە موشەک

ناس کورد-

دوای چەند خولەکێک لە بڕیاری پنتاگۆن بۆ کشانەوەى بەشێک لە هێزەکانی لە عێراق و ئەفغانستان، هێرشێکی موشەکی کرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە مەرجی بڵاونەکردنەوەى ناوەکەى بە "ناس"ی ڕاگەیاند (17ی تشرینی دووەمی 2020)، "شەش موشەک ئاڕاستەى ناوچەى سەوزی بەغدا کراوە و زەنگی ئاگادارکردنەوەش لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لێدراوە."

 

هەرزوو تۆڕی ڕاگەیاندنی جەنگی عێراقی کەوتنەخوارەوەى چوار موشەکی لە ناوچەی سەوزی بەغدا ڕاگەیاند و دەڵێت، شوێنی تەقاندنی موشەکەکان گەڕەکی ئەمینی دووەمی بووە لە ناوچەی ئەلفدار لە بەغدای نوێ.

 

هاوکات گروپێکی چەکداری بەناوی "اصحاب الكهف" بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و دەڵێت، "بنکەی سەربازیی ئەمریکیمان لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کردووەتە ئامانج."

 

وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت ئاشکرای کرد، وڵاتەکەى بڕیاری داوە لە کشانەوەى بەشێک لە هێزەکانی لە عێراق و ئەفغانستان و دەبێت تاوەکو 15ی کانونی یەکەمی ساڵی داهاتوو جێبەجێ بکرێت.  

  

کریستۆفەر میڵەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت پلانی پنتاگۆنی بۆ کەمکردنەوەى هێزەکانی لە عێراق و ئەفغانستان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، "لە عێراق 500 سەرباز دەکشێننەوە و تەنها دوو هەزار و 500 سەرباز دەمێنێتەوە کە لەئێستادا سێ هەزار و 200 سەربازی هەیە."  

  

بەپێی پلانەکە، ئەمریکا ژمارەى هێزەکانی لە ئەفغانستانیش کەم دەکاتەوە بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز کە لەئێستادا چوار هەزار و 500 سەربازی هەیە.  

  

هەر دوای لێدوانەکەى وەزیر، پنتاگۆن دەستپێکردنی کشانەوەى هێزەکانی "لەماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا" ڕاگەیاند.  

  

پێتشر ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی پلانەکەى پنتاگۆنی ئاشکرای کرد و ڕایگەیاند، فەرماندە سەربازییەکانی پنتاگۆن ئاگادارکراونەتەوە کە لەم هەفتەیەدا ترەمپ بە فەرمی فەرمان دەکات بە کشانەوەى بەشێکی تر لە هێزەکانیان لە عێراق و ئەفغانستان.  

  

سی ئێن ئێن لە زاری دوو بەرپرسی باڵای پنتاگۆنەوە وتبووی، لەم هەفتەیەدا ترەمپ فەرمان دەکات تاوەکو 20ی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو بەشێکی تر لە سوپای ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان بکشێننەوە.    

  

دەشڵێت، "پنتاگۆن ئاگادارییەکی بۆ فەرماندەکان دەرکردووە کە پلانی کشانەوە دابنێن بۆئەوەى تاوەکو 15ی کانونی یەکەمی ساڵی داهاتوو هێزەکانیان لە عێراق کەم بکەنەوە بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز، هەروەها هەمان ئەو ژمارەیەش لە ئەفغانستان بهێڵنەوە."    

  

لەئێستادا نزیکەى چوار هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە ئەفغانستان هەن، لە عێراقیش سێ هەزار و 500 سەربازن.    

  

هەروەها ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاویکردەوە، پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێش ئەوەی کۆشکی سپی بە جێبهێڵێت و دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، فەرمانی کشانەوەی تەواوەتی بۆ هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان دەربکات.    

  

بەگوێرەی هەواڵیکی ڕۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی کە "ناس کورد" بە دواداچوونی بۆ کردووە (16ی تشرینی دووەمی 2020) ئاماژە بەوەکراوە، "پێدەچێت ترەمپ پێش ئەوەی کۆشکی سپی بە جێبهێڵێت، فەرمانی کشانەوە بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان دەربکات، ئەوەش وەک پابەندبوونێکی ناوبراو بەو بەڵێنانەی کە پێشتر دابووی بۆ گەڕانەوەی سەربازە ئەمەریکییەکان بۆ نیشتیمانی خۆیان".      


ڕۆژنامە بەریتانییەکە باسی لەوەکردووە، "ئەو گۆڕانکاریانەی کە ترەمپ لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامی داوە لە پۆستەکانی وەزیری بەرگریی و پەنتاگۆن، ئاماژەن بۆ پەیڕەوکردنی پلانەکەی".      

ئاماژە بەوەکراوە، "کریستۆڤەر میلەر کە لە ئێستادا وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکای بە وەکاڵەت وەرگرتووە جەختی لەوەکردووەتەوە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان و گەڕاندنەوەیان بۆ نیشتیمان کاری لە پێشینەی ئەوە لە ماوەی داهاتوودا".      


ڕۆژنامەی تایمز ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "بەشێک لە بەرپرسانی پنتاگۆن نیگەرانی خۆیان لەو هەنگاوە نیشانداوە و ڕایانگەیاندووە، میلەر ئەو کارە لە ژێر فشاری ترەمپدا دەکات".      


ئەمە لە کاتێدایە کە پێشتر وەزیری بەرگریی پێشووی ئەمەریکا، مارک ئەسپەر، ڕایگەیاند بوو، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ پلانێکی تۆکمە ودروست و بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکان، بیرۆکەیەکی خراپە".      

  

ڕۆژنامە بەریتانییەکە باسی لەوەکردووە، "ترەمپ بە مارک ئەسپەر، وەزیری بەرگری پێشووی وڵاتەکەی وتووە، کە دەبێت هەموو هێزەکانی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێش 20ی کانوونی دووەمی 2021 پاشەکشەیان پێ بکرێت، بەڵام پنتاگۆن ڕەتیکردووەتەوە کشانەوەی ئەو هێزانە پلانێکی دارێژراوی تۆکمە ئەنجامبدرێت".      


لە 10ی ئەم مانگەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تویتێکدا مارک ئەسپەر، وەزیری بەرگری وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخستىەوە وکریستۆڤەر میلەر، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتیمانیی بۆ بنبڕکردنی تیرۆر بەوەکاڵەت بۆ پۆستەکە دەست نیشانکرد.