ناس کورد-
جێگری سەرۆكی حکومەتی هەرێم لێكەوتەكانی تێپەڕاندنی یاسای قەرزی بۆ نێردە دیپلۆماسییەکان ڕوونکردەوە و ڕاشیگەیاند، یاساى قەرزى بەغدا دوو لایەنەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
قوباد تاڵەبانى، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ (سێشەممە 17 تشرینى دووەمى 2020) لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان و ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەرێمى کوردستان بە شێوەى ئۆنلاین کۆبووەوە و پوختەیەکى لەسەر لێکەوتە خراپەکانى تێپەڕاندنى یاسای قەرز لە پەرلەمانى عیراق بەبێ بەشداریکردنى پێکهاتەى کورد و پشت بەست بە پرەنسیپى زۆرینە و کەمینە پێشکەشکرد.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕوونیکردەوە: " کات و چۆنییەتى تێپەڕاندنى یاساکە کێشەى بۆ رێککەوتنە کاتییەکەى بەغدا و هەرێمى کوردستان دروست دەکات کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بووە."
قوباد تاڵەبانى باسى لەوەشکرد، یاساى قەرزى فیدراڵى دوو لایەنەیە، دەکرێت بە ڕەشبینى لێک بدرێتەوە ئەگەر ئەم جۆرە مامەڵە تاکلایەنە بگوازرێتەوە بۆ یاساى بودجە، دەشكرێت لایەنى باشیشى هەبێت، ئەگەر ببێتە هۆى گەڵاڵەكردنی رێککەوتنێکى درێژخایەن لە بوارى بەرێوەبردنى نەوتدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئەمساڵدا بەغدا لە مانگەکانى ئایار و حوزەیران و تەموز هیچ پشکێکى دارایی تەرخان نەکردووە بۆ هەرێمى کوردستان و ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵیش کێشە و لەمپەر هەبن ئەوە نیوەى ساڵەکە هەرێم بەبێ شایستەى دارایی دەمێنێتەوە لە کاتێکدا ئەوەشى نێردراوە پشکى تەواوەتى نەبووە و بڕێکى کەم بووە
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رەخنەى گرت لە کاردانەوەى توندى هەندێک لایەنى سیاسى عێراقى دەسەڵاتدار بەرامبەر هەرێمى کوردستان و لایەنە خراپەکانى بەکارهێنانى دژایەتى کوردستانى روون کردەوە وەک کارتى کۆکردنەوەى دەنگ لە وەرزى هەڵبژاردن و باسى لەوە کرد: " ئەوە مەترسى لەسەر پێکەوەژیان و پەیوەندى پێکهاتەکانى عێراق دروست دەکات و بێبەشکردنى هەرێمیش لە شایستەى دارایی کێشەى زۆرى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى لە عێراقدا دروست دەکات.."