ناس کورد-
بەڕێوەبەرى گشتى وەبەرهێنانى سلێمانى رایگەیاند، هێشتا هیچ بڕیارێکیان پێنەگەیشتووە بۆ دەستپێکردنەوەى مۆڵەتى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان و بەستنەوەى مۆڵەتەکان بەسەرۆکى حکومەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی نوسراوێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستى پێوەدەکرێت ناس کورد بینیویەتى و واژۆى مەسرور بارزانى لەسەرە، بڕیاردراوە بە هەڵوەشاندنەوەى سێ بڕیارى تایبەت راگرتنى مۆڵەتەکانى وەبەرهێنان و نیشتەجێکردن و پێدانى ئەو دەسەڵاتە بەسەرۆکى حکومەت.
عەزیز سەعید بەڕێوەبەرى گشتى وەبەرهێنانى سلێمانى (17ى تشرینى دووەمى 2020) بە "ناس کورد"ى راگەیاند "هێشتا هیچ نوسراوێکى لەو شێوەیەمان بەدەستنەگەیشتووە، بەڵام ئەوەدەزانین کە بڕیارێک دەردەچێت لە ئەنجومەنى وەزیران بۆ هەڵوەشاندنەوەى سێ بڕیارى تایبەت بە راگرتنى مۆڵەت".
وتیشى "ئەگەر ئەو بڕیارە درابێت زۆر قورسە، پێشتر ئەم دەسەڵاتە لاى ئەنجومەنى باڵاى وەبەرهێنان بوو، پێموایە سەرۆکى حکومەت بەشێکى ئەو دەسەڵاتە دادەبەزێنێت بۆ سەرۆکى دەستەو دواتر رێنمایی زیاتر دەربکرێت".
عەزیز سەعید جەختیکردەوە، ناکرێت بە بڕیارێک پێدانى مۆڵەت بە پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون رابگیرێت، چونکە تا ساڵى 2025 جارێکى تر قەیرانى نیشتەجێبوون سەرهەڵدەداتەوە و حکومەت ناتوانێت چارەسەرى بکات.
وتیشى "دەبێت رۆژانە رێگا بە خەڵک بدەیت خەڵک پڕۆژەى نیشتەجێبوون دروستبکات، بۆیە ئێمە داوایاکمان بۆ سەرۆکى حکومەت بەرزکردەوە بۆ ئەوەى دەستپێکردنەوەى پڕۆژەکان بەهەماهەنگى دەستەى وەبەرهێنان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان".