گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دانانى بازگە لە سنورەکان

هەرێم وەڵامى بەغدا دەداتەوە

2020.11.16 - 22:56
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم وەڵامى بەغدا دەداتەوە

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەگەر بەغدا دەیەوێت با بازگە لەسەر سنورەکان دابنێت، بەڵام دەروازەکانى هەرێم بەپێی رێکارى یاسایی کاردەکەن و رێگرى لە هاوردەکردنى کاڵاى قەدەغەکراو دەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وەزیرى کشتوکاڵى عێراق (15ی تشرینی دووەمی 2020) هەوڵێکى ئاشکراکرد بۆ دروستکردنى سێ بازگە لەسەر سنورەکانى هەرێم بۆ رێگەگرتن لەهەر کاڵایەکى رێگەپێنەدراو لە هەرێمەوە، ئەگەر هەرێم دەروازەکانى کۆنترۆڵ نەکات.  

 

ساماڵ عەبدوڕەحمان بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێمى کوردستان (16ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ى راگەیاند "ئەگەر بەغدا دەیەوێت بازگە دابنێت با دایبنێت، دەروازە سنورییەکانى هەرێم فەرمین و بەپێی رێوشوێن و رێکارى یاسایی کاردەکەن و مامەڵە لەگەڵ کاڵاى هاوردەکراو دەکەن".

 

وتیشى "کاڵاى قەدەغەکراو بەپێی رێوشوێنەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها بۆ پرسی بەروبومى کشتوکاڵى وەزارەتى کشتوکاڵ کەرەنتینەى هەیە لە دەروازەکان و بەپێی رێنمایی و یاساکان مامەڵە لەگەڵ ئەو بەروبومانە دەکات کە هاوردەکردنیان قەدەغەیە".

 

محەمەد کەریم خەفاجى وەزیرى کشتوکاڵى عێراق (15ی تشرینی دووەمی 2020) لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا کە ناس کورد بینیویەتى رایگەیاند، بەرێژەى 80% کۆنترۆڵى دەروازە سنورییەکانیان کردووە جگە لە دەروازەکانى هەرێم و جدین لە پرسی کۆنترۆکردنى دەروازەکانى هەرێم.  

  

وتیشى پەیوەندى بە پارێزگارەکانى کەرکوک و سەڵاحەدین و کەرکوک و دیالەوە کردووە بۆ دانانى بازگە لەدواى دەروازە سنورییەکانى هەرێمەوە، بۆ ئەوەى هاوردەکردنى هەر بەرهەمێکى رێگەپێنەدراو بە تاوانى ئابورى بناسرێت، ئەگەر هەرێم بەردەوام بێت لە وەڵامنەداوەیان بۆ کۆنترۆڵکردنى دەروازەکانى.  

  

وەزیرى کشتوکاڵى عێراق جەختیشیکردووەتەوە، ئەو هەنگاوە بۆ پاراستنى بەرهەمى ناوخۆییە و پێویستە یاسا و بڕیارەکان لەو بارەیەوە جیبەجێبکرێن لە رێگەى کۆنترۆڵکردن و پاراستنى دەروازە سنورییەکانەوە.  

  

مانگى ئەیلولى ئەمساڵ حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند "سەرباری قەدەغەکردنی چەندین جۆر بەروبوومی کشتوکاڵی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵیەوە، وەک پاڵپشتییەک بۆ جوتیاری خۆماڵی، بەڵام هەرێم پابەندی ئەو بڕیارە نییە".    

  

وتیشى "ڕۆژانە لە سنورەکانی هەرێمەوە سەدان تۆن لە بەروبوومە کشتوکاڵییە قەدەغە کراوەکان دێتە نیوخاکی هەرێم و دواتریش بە قاچاخ ڕەوانەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق دەکرێت".    

  

هەر ئەوکات حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، پرسی بەقاچاخ هاوردەکردنى بەروبومى کشتوکاڵى لەسەرجەم دەروازەکان هەیە بەوانەى عێراقیشەوە، ئەوەش کێشەیەکى سەرەکییە و پێویستە چارەسەر بکرێت.