گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گواستنەوەى دەسەڵات

بۆ یەکەمجار راوێژکارێکى ترەمپ باس لەجێهێشتنى کۆشکى سپى دەکات

2020.11.16 - 22:40
App store icon Play store icon Play store icon
بۆ یەکەمجار راوێژکارێکى ترەمپ باس لەجێهێشتنى کۆشکى سپى دەکات

ناس کورد- 

 

ڕۆبێرت ئۆبراین ڕاوێژکاری ترەمپ بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بەڵێنیدا گواستنەوەیەکی پرۆفێشناڵانەی دەسەڵات بکرێت بۆ ئیدارەکەى جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو قسانەى ئۆبراین، لە میانەی دیمانەیەکدا بووە کە (16ی تشرینی دووەمی 2020) لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی جیهانییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوەش بەپێی هەواڵێکى دەنگى ئەمریکا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆکردووە.

 

ئۆبراین، چەند جارێک باسی لە گواستنەوەی دەسەڵات کردووە و ئاماژەی بە ئاسایی کردنەوەکانی ئەم دواییەی پەیوەندییەکانى بەحرەین و سودان کردووە لەگەڵ ئیسرائیلدا و وەک کارێکی گەورەی ترەمپ باسی کردووە دواى ئەوەى سەرۆک کۆشکی سپی جێدەهێڵێت.

 

لەگەڵ ئەوەدا کە ترەمپ جەخت دەکاتەوە لەوەی دۆسیەى دەنگدان لە هەڵبژاردندا دەباتە دادگا، بەڵام ئەم لێدوانانەی ئۆبراین بۆ یەکەمین جارە کە گەورە بەرپرسێکى ئیدارەکەى بیانکات.

 

لەدواى بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، ترەمپ رەتیکردووەتەوە دان بنێت بە سەرکەوتنى بایدندا و جەخت لە "دزینى هەڵبژاردن" دەکاتەوە.

 

بەپێی دەنگى ئەمریکا، بەرپرسانى هەردوو لایەنی کۆماری و دیموکراتەکان دەڵێن دەنگدان بە شێوەیەکی باش بەڕێوە چووە. چاودێرانی جیهانیش هەمان بۆچوونیان هەیە. دەزگای ئاسایشی کۆمپیوتەر کە دەزگایەکی فیدراڵییە دەڵێت "هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 3ی مانگی یازدە پارێزراوترین هەڵبژاردن بووە لە مێژووی ئەمریکادا".

 

ترەمپ لە نوێترین تویتیدا (16ی تشرینی دووەمی 2020) لە پەیامێکی کورتدا ڕایگەیاند "من هەڵبژاردنەکانم بردەوە."  

  

تویتەکەی ترەمپ لەکاتێکدایە، پێشتر ڕایگەیاند، جۆ بایدنی ڕکابەری بە ئەنجامدانی "ساختەکاری" هەڵبژاردنەکانی بردووەتەوە.  

  

دواتریش ترەمپ ڕوونکردنەوەی دا و ڕایگەیاند، قسەکەی بەمانای ئەوە نەبووە کە دانی بە شکستی خۆیدا ناوە و وتی "بایدن تەنها لای میدیا چەواشەکارەکان بردوویەتییەوە."