گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بۆ بەدەستهێنانى ئەو پۆستە هیچ کەسێک کێبرکێى نێچیرڤان بارزانى دەکات؟

لایەنەكانی دەرەوەی نەخشەی كابینەی نۆی حكومەت كاندیدیان بۆ سەرۆكی هەرێم دەبێت؟ [تایبەت]

2019.05.12 - 21:37
App store icon Play store icon Play store icon
لایەنەكانی دەرەوەی نەخشەی كابینەی نۆی حكومەت كاندیدیان بۆ سەرۆكی هەرێم دەبێت؟ [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد– هەڤاڵ فەتاح سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەرگای خۆ پاڵاوتنی بەڕووی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان واڵاكرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و تائێستاش تاكە بەربژێر بۆ ئەو پۆستە نێچیرڤان بارزانی بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستانە. . پەرلەمانتارێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رەتیدەكاتەوە لەگەڵ فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵی ئیسلامی، نەوەی نوێ‌) كاندیدی هاوبەشیان هەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان. . ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، بە ناس كورد-ی راگەیاند"كاندیدمان بۆ ئەو پۆستە نییە چونكە خۆمان سەرنجمان هەیە لەسەر كۆی دامەزراوەكە". . وتیشی "هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان ئێمە و كۆمەڵی ئیسلامی و نەوەی نوێ نییە، ئێمە كۆی پڕۆسەكە رەتدەكەینەوە چۆن دەبێت پاڵێوراومان هەبێت؟!". . رۆژی 8ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە و یاساكە بە دەنگدانی 86 پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، گۆڕان، یەكێتی) پەسەندكرا و فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ دانیشتنەكەیان بەجێهێشت و 12 پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی دەنگیان بە پڕۆژە یاساكە نەدا. . بەوتەی ئەندامێكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنەكەیان بڕیاری لەبارەی دەنگدان یاخود دەنگنەدان بە بەربژێرەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوە بەڵام ئاشكرای ناكەن و لە رۆژی دەنگداندا دەردەكەوێت. هەورامان گەچێنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، رەتیكردەوە فراكسیۆنەكەیان هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختەیان بۆ دیاریكردنی بەربژێرێكی هاوبەش هەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم و فراكسیۆنەكەشیان بەربژێی نابێت بۆ ئەو پۆستە. . ئەمرۆ (یەكشەممە) لەراگەیەندراوێكدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كردەوە كە بە گوێرەی راگەیەندراوەكە پڕۆسەكە ماوەی سێ‌ رۆژ بەردەوام دەبێت و دواتر دوو رۆژ دیاریدەكرێت بۆ تانەدان لەو كەسانەی خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكەن ئەگەر گرفتێكیان هەبێت. . ناس كورد زانیوویەتی ڕێكارەكانی تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نزیكەی دوو هەفتەی پێویستە و پێناچێت ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت. . هەرچی لەبارەی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستانە كە بەشداری پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكەی رۆژی 8ی ئەم مانگەی نەكرد، هێشتا خۆیان یەكلایی نەكردۆتەوە لە دیاریكردنی بەربژێر بۆ ئەو پۆستە یاخود بەشدارینەكردن لە پڕۆسەكە. . پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنەكە كە دیاربوو بەهۆی ئەو كێشانەی ماوەیەكە رووبەڕووی جوڵانەوەكەیان بۆتەوە ئامادەنەبوو ناوی بهێنرێت، بە ناس كوردی وت "نەوەی نوێ تائێستا خۆی یەكلایی نەكردوەتەوە ئایە كاندیدی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم یاخود نا؟". . بەوتەی ئەو "لە ئێستادا لە ناوخۆی جوڵانەوەكەدا ئەو پرسە لە تاوتوێدایە، دەنگدانیش بە نێچیرڤان بارزانی یاخود پێچەوانەكەی پەیوەستە بە ئەنجامی ئەو تاوتوێیەی ناو جوڵانەوەكە". . هەریەك لە فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ ئاماژە بەوە دەكەن تێبینیان لەسەر پڕۆژە یاسای دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەیە و جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە دەسەڵاتێكی زۆر دراوەتە سەرۆكی هەرێم و ناكرێت لەناو پەرلەمانی كوردستان متمانەی پێ‌ بدرێت و پەرلەمان نەتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات. . ئەوەی تا ئێستا دیار و ئاشكرایە، بەربژێرەكەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە نێچیرڤان بارزانی-یە كە رەنگە بەبێ‌ هیچ ركابەرێك پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەدەستبهێنێت. .