ناس کورد-
ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاویکردەوە، پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێش ئەوەی کۆشکی سپی بە جێبهێڵێت و دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، فەرمانی کشانەوەی تەواوەتی بۆ هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان دەربکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی هەواڵیکی ڕۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی کە "ناس کورد" بە دواداچوونی بۆ کردووە (16ی تشرینی دووەمی 2020) ئاماژە بەوەکراوە، "پێدەچێت ترەمپ پێش ئەوەی کۆشکی سپی بە جێبهێڵێت، فەرمانی کشانەوە بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان دەربکات، ئەوەش وەک پابەندبوونێکی ناوبراو بەو بەڵێنانەی کە پێشتر دابووی بۆ گەڕانەوەی سەربازە ئەمەریکییەکان بۆ نیشتیمانی خۆیان".
ڕۆژنامە بەریتانییەکە باسی لەوەکردووە، "ئەو گۆڕانکاریانەی کە ترەمپ لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامی داوە لە پۆستەکانی وەزیری بەرگریی و پەنتاگۆن، ئاماژەن بۆ پەیڕەوکردنی پلانەکەی".
ئاماژە بەوەکراوە، "کریستۆڤەر میلەر کە لە ئێستادا وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکای بە وەکاڵەت وەرگرتووە جەختی لەوەکردووەتەوە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان و گەڕاندنەوەیان بۆ نیشتیمان کاری لە پێشینەی ئەوە لە ماوەی داهاتوودا".
ڕۆژنامەی تایمز ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "بەشێک لە بەرپرسانی پنتاگۆن نیگەرانی خۆیان لەو هەنگاوە نیشانداوە و ڕایانگەیاندووە، میلەر ئەو کارە لە ژێر فشاری ترەمپدا دەکات".
ئەمە لە کاتێدایە کە پێشتر وەزیری بەرگریی پێشووی ئەمەریکا، مارک ئەسپەر، ڕایگەیاند بوو، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ پلانێکی تۆکمە ودروست و بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکان، بیرۆکەیەکی خراپە".
ڕۆژنامە بەریتانییەکە باسی لەوەکردووە، "ترەمپ بە مارک ئەسپەر، وەزیری بەرگری پێشووی وڵاتەکەی وتووە، کە دەبێت هەموو هێزەکانی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێش 20ی کانوونی دووەمی 2021 پاشەکشەیان پێ بکرێت، بەڵام پنتاگۆن ڕەتیکردووەتەوە کشانەوەی ئەو هێزانە پلانێکی دارێژراوی تۆکمە ئەنجامبدرێت".
لە 10ی ئەم مانگەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تویتێکدا مارک ئەسپەر، وەزیری بەرگری وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخستىەوە وکریستۆڤەر میلەر، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتیمانیی بۆ بنبڕکردنی تیرۆر بەوەکاڵەت بۆ پۆستەکە دەست نیشانکرد.