کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد – فوئاد عەبدوڵا لەكاتێكدا لە سەدا هەشتی داهاتی كارەبا لەسلێمانی بۆ چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی هێڵەكانی كارەبا بەكاردەهێنرێت، لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بڕی 15 ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبای هەولێر و دهۆك خەرجكرا. . سیروان محەمەد وتەبێژی كارەبای سلێمانی بە – ناس كورد-ی راگەیاند "بە دڵنیاییەوە كارەبای سلێمانیش كێشەی تەكنیكی هەیە و پێویستی بە بودجەیەكی تایبەت هەیە بۆ چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی هێڵەكانی كارەبا و ماوەی دوو ساڵە بڕیارێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان جێبەجێدەكەین، كە لە 8% داهاتی كارەبای سلێمانی بۆ پڕۆژەكانی ناوخۆمان خەرج دەكەین". . ئاماژەی بەوەش كرد، بە هەوڵی خۆیان توانیویانە زاڵبن بەسەر كێشەكاندا و محاویلەی نوێ بكڕن و محاویلەی یارمەتیدەر دابمەزرێنن و هەندێ تۆڕی كارەبا نۆژەن بكەنەوە. . وتیشی، سلێمانی پێویستی بە دروستكردنی وێستگەی كارەبای نوێ و دەركردنی فیدەری نوێیە و بەپێویستیزانی بودجەیەكی تایبەت بۆ ئەو كارانە تەرخان بكرێت. . ئەمڕۆ (یەكشەممە) بەنووسراوێكی رەسمی كە واژووی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەسەرەوەیە و وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، بڕیاردرا 15 ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، خەرج بكرێت.