گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم ئاو لە عێراق دەگرێتەوە؟

لێدوانی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم لەبارەی ’گرتنەوەی ئاو’ لە عێراق

2020.11.16 - 14:50
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم لەبارەی ’گرتنەوەی ئاو’ لە عێراق

ناس کورد-

لەدوای مەترسییەکانی وەستاندنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە، لەلایەن هەندێک سیاسى لە هەرێم پێشنیازی گرتنەوەی ئاو لە عێراق دەکرێت، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمیش دەڵێت، ئەوە پرسێکی زۆر مەترسیدار و سیادییە و تەنها ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت باسی بکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو (دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "پرسی گرتنەوەی ئاو لە ناوچەکانی باشور و خوارووی عێراق پرسێکی سیادییە و زۆر مەترسیدارە، ناکرێت هەر بیریشی لێبکرێتەوە."

 

وتیشی: "ئەو پرسە تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندایە و ئەوانیش تاوەکو ئێستا باسیان نەکردووە و لە پێشووتریشدا باس نەکراوە."

 

لەدوای مەترسییەکان لەسەر بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا و تێپەڕاندنی یاسای قەرز بەبێ ڕەزامەندی کورد، هەندێک بەرپرس و لایەنی هەرێم پێشنیاری گرتنەوەی ئاو لە ناوچەکانی خوارووی عێراق دەکەن.

 

حەمەتاهیر جەلال، ئەندازیار و بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوی دوکان بەدووری دەزانێت حکومەتی هەرێم بڕیارێکی لەوشێوەیە بدات و بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەوە کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە هەرکات ویستت ئاو بگریتەوە و یاسا نێودەوڵەتییەکانیش ڕێگە بەوەنادەن."

 

وتیشی: "بەم وەرزی زستانە و لەم کاتی بارانبارینەدا ناتوانرێت ئاو بگیرێتەوە و گرتنەوەشی مەترسی لەسەر بەنداوەکان دروستدەکات."

 

هاوکات سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگادار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی بە ناس کوردی وت: "هەندێک کەس و لایەن بەبێ ئەوەی ئەو پرسە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت و لێدوان دەدەن و قسە دەکەن، لەکاتێکدا ئەوە پەیوەندی بەوانەوە نییە و ناکۆکییەکانیش قوڵتر دەکاتەوە و مەترسی نێودەوڵەتیش دروست دەکات."

 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ نیگەرانی خۆیشی لەو لێدوانانە دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد: "هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەنێک زیاتر پێویستە یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێبکات، بۆ ئەوەی خۆیشی بتوانێت داوای جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە و بنەما دەستورییەکان بکات و پێویستە هیچ کەس لە شوێنی خۆیەوە لێدوانی نابەرپرسانە نەدات." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەهیچ شێوەیەک کاری لەوشێوەیە ناکرێت و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەوە ڕێگەپێنەدراوە و ئەوەندەشمان بەنداو نییە تا ئاوی تێدا گل بدەینەوە و مەترسی دروستدەکات."

 

ئەوە لەکاتێکدایە محەمەدى حاجى مەحمود سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان (15ی تشرینی دووەمی 2020)  لە بەرنامەى تاوتوێى کەناڵى ئێن ئاڕتى رایگەیاند، کشانەوەى سەرجەم نوێنەرانى کورد لە بەغدا و گرتنەوەى ئاو و داخستنى سنورەکان لەگەڵ بەغدا و بەکارهێنانى ئەنجامى ریفراندۆم، ئەو کارتانەى فشارن کە دەتوانرێت بەرامبەر بەغدا بەکاربهێنرێن.

 

وتیشى "قەناعەتم وایە سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا تەلبەن بکرێت".