ناس کورد-
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، راگرتنی دەوامی قوتابخانەكان رۆڵی گرنگی ھەبووە لە كەمكردنەوەی تووشبووانی كۆرۆنا و دەشڵێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندنی نوێ دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا (دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: " راگرتنی دەوامی قوتابخانەكان و توندكردنی رێكارەكان، ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنای لە ھەرێم كەمكردووەتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێستا رەوشەكە تاڕادەیەك باشترە".
وتیشی: " دۆخی خراپی نەخۆشەكان لە نەخۆشخانەكان جێی نیگەرانییە، ئێستا ئەو تووشبووانەی كە باری تەندروستیان ناجێگیرە زۆرن، ئەگەر ئەو رێژەیە كەم نەكەینەوە، ژمارەی مردووان کەم نابێتەوە و بگرە زیاتریش دەبێت."
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئاماژەی بەوەشكرد: "لە رۆژانی داھاتوو كۆبوونەوەی وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكرێت، بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخەكە و ئەو بڕیارانەی كە لە كۆبوونەوەی رابردوو دراون".