ناس کورد-
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەوتەی وتەبێژی کازمی، ناردنی 320 ملیارەکە بەردوامدەبێت و هەرکات نێردرا دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بەپێی وتەی وتەبێژی سەرۆکی حکومەتی عێراق، ناردنی 320 ملیارەکەی بەغدا بەردەوام دەبێت و هەرکات پارەکە هات دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەین."
وتیشی: "بەمنزیکانە شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە و گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان."
هەر ئەمڕۆ دووشەممە (16ی تشرینی دووەمی 2020) فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو لەدوای چەند ڕۆژێک لە دەستپێکردنی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی بەغدا، 320 ملیارەکەی هەرێمیش بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت، واتە لەم هەفتەیەدا."
وتیشی: "شەوی ڕابردوو وتەبێژی کازمیش بەهەمانشێوە پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بە ناردنی پارەکە ڕاگەیاند."
سەبارەت بەوەی ناردنی 320 ملیارەکە تەنها ئەم مانگە دەنێردرێت، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد: "نەخێر، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە تاوەکو پەسەندکردنی بودجەی 2021 حکومەتی عێراق ئەو پارەیە دەنێرێت و ئەگەر نەینێرێت ئەوە پابەندنەبوونە بە ڕێککەوتنەکە."
هەروەها شەوی (یەکشەممە 15ى تشرینى دووەمى 2020) ڕابردوو ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژى مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عێراق لە میانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، حکومەتى فیدراڵى هەموو ئیلتیزاماتى دارایى لە گەردنى هەرێمدا بڕیوە پێش ئەوەى پارەى بۆ بنێرێت.
وتیشى: "دەربارەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە لەیاساى قەرزدا نەهاتووە هێزە سیاسیەکان مافیان هەیە هەر بریارێک بدەن و بڕگەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە یاساکەدا نەهاتووە و حکومەتى ئێستا لەسەر بودجەى 2019 دەڕوات، چونکە بودجەى 2020 تائێستا پەسەند نەکراوە."
ڕونیشیکردەوە: " لە بودجەى 2019 پێویستە ملیارێک دۆلار بڕوات بۆ هەرێم و حکومەت پارەى نەوتى هەرێم 250 هەزارى لێ دەبڕێت و پارەى دەروازە سنورییەکان دەبڕێت تا 320 ملیار دەمێنێتەوە کە وەکو موچەى فەرمانبەرانى هەرێم دەنێردرێت و ئەمەش لە ڕێککەوتنێکدا لەنێوان بەغدا و هەرێمدا هاتووە و ناکرێت زیان بە فەرمانبەرانى هەولێر و سلێمانى بدرێت بەهۆى ناکۆکى سیاسییەوە".