گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێنەری هەرێم لە بەغدا زانیاری لەبارەی ناردنی 320 ملیارەکە ئاشكرا دەکات

2020.11.16 - 10:41
App store icon Play store icon Play store icon
نوێنەری هەرێم لە بەغدا زانیاری لەبارەی ناردنی 320 ملیارەکە ئاشكرا دەکات

ناس کورد-

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا وادەی ناردنی 320 ملیاری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ئاشکراکرد و ڕاشیگەیاند، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە دەبێت مانگەکانی دیکەش ناردنی پارەکە بەردەوام بێت تاوەکو پەسەندکردنی بودجەی 2021.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو لەدوای چەند ڕۆژێک لە دەستپێکردنی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی بەغدا، 320 ملیارەکەی هەرێمیش بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت، واتە لەم هەفتەیەدا."

 

وتیشی: "شەوی ڕابردوو وتەبێژی کازمیش بەهەمانشێوە پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بە ناردنی پارەکە ڕاگەیاند."

 

سەبارەت بەوەی ناردنی 320 ملیارەکە تەنها ئەم مانگە دەنێردرێت، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد: "نەخێر، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە تاوەکو پەسەندکردنی بودجەی 2021 حکومەتی عێراق ئەو پارەیە دەنێرێت و ئەگەر نەینێرێت ئەوە پابەندنەبوونە بە ڕێککەوتنەکە."

 

فارس عیسا ڕوونیشیکردەوە: "ئەو ڕێککەوتنە و ئەو پارەیە لە دەرەوەی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی قەرزیشە و ڕێککەوتنێکی سیاسیی کراوە و ئەو لە بەرامبەر نەوت و داهاتەکانی دیکەشدا پشکی خۆی لێبڕدراوە، ئەگەرنا دەبوو بڕە پارەکە زۆر زیاتر بووایە."

 

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژى مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عێراق لە میانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا (یەکشەممە 15ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاند، حکومەتى فیدراڵى هەموو ئیلتیزاماتى دارایى لە گەردنى هەرێمدا بڕیوە پێش ئەوەى پارەى بۆ بنێرێت.  

  

وتیشى: "دەربارەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە لەیاساى قەرزدا نەهاتووە هێزە سیاسیەکان مافیان هەیە هەر بریارێک بدەن و بڕگەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە یاساکەدا نەهاتووە و حکومەتى ئێستا لەسەر بودجەى 2019 دەڕوات، چونکە بودجەى 2020 تائێستا پەسەند نەکراوە."

  

ڕونیشیکردەوە: " لە بودجەى 2019 پێویستە ملیارێک دۆلار بڕوات بۆ هەرێم و حکومەت پارەى نەوتى هەرێم 250 هەزارى لێ دەبڕێت و پارەى دەروازە سنورییەکان دەبڕێت تا 320 ملیار دەمێنێتەوە کە وەکو موچەى فەرمانبەرانى هەرێم دەنێردرێت و ئەمەش لە ڕێککەوتنێکدا لەنێوان بەغدا و هەرێمدا هاتووە و ناکرێت زیان بە فەرمانبەرانى هەولێر و سلێمانى بدرێت بەهۆى ناکۆکى سیاسییەوە".