ناس کورد-
پزیشکێکى پسپۆڕ رایگەیاند، ئەگەرێکی زۆر ھەیە ئەسپرین رۆڵی هەبێت له رێگا گرتن له‌دیارده‌ی خوێن مه‌یین و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی مردن بە کۆرۆنا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دکتۆر عارف گۆران پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لە لەندەن لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک (15ى تشرینى دووەمى 2020) کە ناس کورد بینیویەتى نوسیویەتى "ئەسپرین دەرمانێکی ھەرزانە و لە ئەگەری یەکلابوونەوەی کاریگەرییه‌كانی، دەتوانرێت بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاربھێنرێت و هه‌موو كه‌س ده‌توانێت ده‌ستی پێبگات و سوودی لێوه‌رگرێت".
دەقى نوسینەکە:
رۆلی ئەسپرین لە چاره‌سه‌ری پەتای کۆرۆنا
ئەسپرین یەکێکە لە کۆنترین ئەو دەرمانانەی، کە لە لایەن مرۆڤ بۆ ئازار‌و تاو چه‌ندین نه‌خۆشی تر بەکارھاتووە، زۆرترین لێکۆلینەوە له‌سه‌ر ئه‌و ده‌رمانه كراوه‌و سالانە پتر لە ھەزار لێکۆلینەوەی لەسەر دەکرێت . ھەموو ئەو نەخۆشانەی تووشی جەلتەی دل و جەلتەی مێشک ده‌بن ، یاخود نەشتەرگەری دڵیان بۆ ده‌كرێت و شەبەکەیان بۆ داده‌نرێت، ئه‌سپرین وه‌ك به‌شێكی گرنگ له‌چاره‌سه‌ریه‌كانیان سوودی لێوه‌رده‌گیرێت.
ئێستاش له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا رۆلی ئه‌سپرین زیاتر هاتۆته پێشه‌وه، چونكه دیارده‌ی خوێن مه‌یین یه‌كێکە له ماکەکانی بەشێکی تووشبوانی ئەو پەتایە ، بە تایبەتی لەو كه‌سانه‌ی بە توندی تووشی ئه‌و په‌تایه ده‌بن و پێویستیان بە چارەسەری لە نەخۆشخانە ده‌بێت .
ئەو نەخۆشانەی کە دۆخیان خراپەو توانای جوولەیان نیە، بۆ ئەوەی رێگا له مه‌یینی خوینی بگیرێت، ده‌رمانی دژه خوێن مه‌یین بە شێوەی دەرزی ژێرپێستە کە بە كڵێكسێن دەناسرێت به‌كارده‌هێنرێت ، ئەم رێکارە شتێکی نوێ نیەو به‌ر له سەرھەلدانی کۆڕۆناش بۆ نەخۆش ئه‌نجامدراوه ، بەلام بە ھاتنی كۆڕۆنا گرنگیەکی زیاتر بەو چارەسەریە دراوه‌و بەشێک لەو نەخۆشانەی کە بە توندی تووشی پەتاکە ده‌بن، برێکی زیاتر لەو چارەسەریەیان پێویستە ، ئەم چارەسەریە و بڕەکەی دەبێت لە لایەن پزیشکی پسپۆڕه‌وه دیاری بکرێت ، پێویسته ئاماژه‌ش بۆئه‌وه بكه‌ین، كه ئه‌و كه‌سانه‌ی به سووكی تووشی ئه‌و په‌تایه ده‌بن پێویستیان بە دەرزی دژە خوێن مەین نابێت .
لە کاتێکدا رۆل و گرنگی دەرزی دژە خوێن مەین بۆ ھەموومان دیاره ، بەڵام بەکارھێنان و رۆلی ئەسپرین لە تووشبوانی پەتای کۆرۆنا تاکوو ئەم دوایە جێگای مشت‌ومڕ بووه ، چەند ھەفتەیەک به‌ر له ئێستا لێکۆلینەوەیەک لە زانکۆی مێریلاندی ئەمریکا لەسەر ٤١٢ تووشبوانی کۆرۆنا کە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەبووە بلاوکرایەوە، ئەو لێکۆلینەوە ئه‌وه‌ی ده‌رخست، کە ئەو نەخۆشانەی ئەسپرینیان بەکارھێناوە کەمتر پێویسیان بە ئامێری ھەناسەی دەستکردوو ژووری چاودێری چڕ ھەبووە . لەمه‌ش گرنگتر ئەم لێکۆلینەوە ده‌ریخست، کە رێژەی مردن لەنێو ئەو تووشبوانەی دەرمانی ئەسپرینیان بەکارھێناوە زۆر کەمتر بووە!.
دیاره بۆ دلنیابوون لە کاریگەری ھەر دەرمانێک پێویستیمان بە لێکۆلینەوەی زانستی ھەیە، لێکۆلینەوەش ئه‌و كاته ده‌بێته جێگای متمانه‌و باوه‌ڕی پێده‌كرێت کە كۆمه‌ڵێك پێوه‌رو فاكته‌ر تیایدا په‌یڕه‌و بكرێت، یەکێک لەو پێوه‌رانه ژمارەی ئەو نەخۆشانەیە کە لێکۆلینەوەیان لەسەر دەکرێت ، ھەر بۆیە لە ئێستا لە وولاتی بەریتانیا لێکۆلینەوەیەکی گەورە لەسەر ژمارەیەکی زۆری تووشبوانی کۆرۆنا و رۆلی ئەسپرین له چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشیه دەکرێت . ئەم لێکۆلینەوە لە ١٧٦ نەخۆشخانەی بەریتانیا دەکرێت و ھەزارن نەخۆش خراونەتە ژێر چاودێری و چوارچێوه‌ی ئەو لێکۆڵینەوە، پێده‌چێت دەرئه‌نجامی ئەو لێکۆلینەوەیه رۆلی ئەسپرین لە چارەسەری په‌تای کۆڕۆنا بە تەواوی یەکلابکاتەوە .
بڕی ئه‌و ئەسپرینه‌ی کە لە لێکۆڵینەوەکەی ئەمریکا بەکارھاتووە لە دەوری ٨١ مگم بووە ، به‌ڵام لە لێکۆلینەوەکەی بەریتانیادا ١٥٠ مگم بەکار دەھێنرێت ، بەکارھێنانی ئەسپرین لە بەشێک لە تووشبوانی ئەو پەتایە دەبێت لەسەر بڕیاری پزیشک بێت و بڕەکەی لە ١٥٠ مگم لە رۆژێک زیاتر نەبێت و تەنھا ئه‌و ماوه‌یه به‌كاربهێنرێت تا نه‌خۆشه‌كه له په‌تایه‌كه ده‌ربازی ده‌بێت.
میکانیزم و کاریگەری ئەسپرین لە دەرمانەکانی تری دژە خوێن مەین جیاوازە، بۆیە ئەگەرێکی زۆر ھەیە ئەسپرین رۆڵی له رێگا گرتن له‌دیارده‌ی خوێن مه‌یین و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی مردن به‌و په‌تایه ھەبێت. ئەسپرین دەرمانێکی ھەرزانەو لە ئەگەری یەکلابوونەوەی کاریگەرییه‌كانی ، دەتوانرێت بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاربھێنرێت و هه‌موو كه‌س ده‌توانێت ده‌ستی پێبگات و سوودی لێوه‌رگرێت، هه‌رچه‌نده وەک ھەر دەرمانێکی تر ، ئەسپرین ھەندێک کێشەی لاوەکی دروست دەکات ، بە تایبەتی ئەوانەی کێشەی برینی گەدەو دوانزەگرێیان ھەیە ، ئەگەری ئەوە ھەیە ئەسپرین ببێتە ھۆی خوێن بەربوون ، بۆیە دەبێت لە ژیر چاودێری پزیشکدا بەکاربھێنرێت.
وه‌ك هه‌میشه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ین، به‌تێپەربوونی کات ، چارەسەری تر بۆ ئەو پەتایە یەکلادەکرێتەوە و دەبێتە ھۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردن لە نێو نه‌خۆشه‌كان ، لە ئێستادا پێشکەوتنەکان لە دروستکردنی ڤاکسین قۆناغێکی زۆریان بریوەو لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەن، کە تاوه‌کو ناوەڕاستی سالی داھاتوو بە ھۆی به‌کارھێنانی كۆمه‌ڵێك ڤاكسین، ئەو پەتایە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبێتەوە و ژیان تا رادەیەک نیمچە ئاسایی بێتەوە.
دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لەندەن