گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هەرێم دەرفەتی ماوە’’

پەرلەمانتارێکی سەدرییەکان هۆکاری تێپەڕاندنی یاسای قەرز بەبێ کورد ئاشکرا دەکات

2020.11.15 - 13:42
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکی سەدرییەکان هۆکاری تێپەڕاندنی یاسای قەرز بەبێ کورد ئاشکرا دەکات

ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح 

پەرلەمانتارێکی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق هۆکاری سەرەکی تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کۆرتهێنانی دارایی عێراق بەبێ ڕەزامەندی کورد دەگەڕێنێتەوە "بۆ پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێم بە بەڵێنەکانی پێشوویەوە" و دەڵێت، هەولێر حەفتا ڕۆژی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی دانوستانێکی چڕو پڕلەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا ئەنجامبدات بۆ ئەوەی پشکی خۆی لەبودجەی 2021 مسۆگەر بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەسعد عەبادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی سائیرۆنی سەر بە موقتدا سەدر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند (15ی تشرینی دووەمی 2020)، تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەى کۆرتهێنانی دارایی بەبێ کورد کۆتایی دونیا نییە، هەرێمی کوردستان حەفتا ڕۆژی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی دانوستانێکی چڕو پڕلەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا ئەنجام بدات بۆ ئەوەی پشکی خۆی لە بودجەی 2021 مسۆگەر بکات".

 

وتیشی: "سەرباری واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتەکانی پێشوو و حکومەتەکەی کازمیش، بەڵام هەرێم لەوکاتەوە و تائێستاش نە نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان نە هیچ بڕە نەوتێکیشی ڕادەستی کۆمپانیا سۆمۆ کردووە".

 

پەرلەمانتارەکەی سائیرون ئەوەشی وت: "ئەوانەی دەیانەوێت پرسی تێپەڕاندی یاساکە بەبێ کورد ببنە قاڵبێکی تائیفی و مەزهەبییەوە  ئەوا دەیانەوێت لە ئاوی لێڵدا ڕاوە ماسی بکەن، پەرلەمان ڕێکاری دیموکراسی خۆی بە کارهێنانەوە  لە تێپەڕاندنی یاساکە، دەنگدان بەپێی ( نیوە کۆی یەک بووە)، و هیچ ڕێکارێکی یاسایی یاخود دیموکراسی لەو دانیشتنەدا پێشیل نەکراوە".

 

بەوتەی عەبادی، "تێپەڕاندنی یاساکە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی بەرپرسانی هەڕیم پێداچوونەوە بۆ شێوازی مامەڵەکردن و سیاسەتکردنیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا لەوباریەوە بکەن".

 

پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانێتی سائیرون باسی لەوەشکردوو، "پێشتر دانوستانەکانی بەغدا و هەولێر قاڵبێکی جدی بەخۆیەوە نەدیەوە، بۆیە دەبێت حکومەتی ناوەندی وحکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی حەفتا ڕۆژی داهاتوودا وپێش پەسەندکردنی بودجەی 2021 دانوستانێکی چڕو پڕ وڕاستەقینە ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی گشتگیر واژۆ بکرێت و چیدی ئەو کێشەییەی کە چەندین ساڵە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە چارەسەربکرێت وسەرهەڵنەداتەوە".

 

لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی کە دەبێت هەرێم بەگوێرەی یاساکە ڕادەستی بەغدای بکات، عەبادی وتی، "دەسەڵاتی دیاریکردنی بڕە نەوتەکە دراوە بە کۆمپانیای سۆمۆ، ئەو دیاری دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم، پەرلەمان ئەو بڕەی دیاری نەکردووە".

 

ئەمە لە کاتێکدایە  کە دوێنێ (شەممە  14ی تشرینی دووەمی 2020) حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانێی فەتحى سەر بە حەشدى شەعبى، بە ناس کوردی ڕایگەیاندبووە،" بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی دەوڵەت کە کورد وەک هەموو فراکسیۆنەکانی تردەنگی پێ داوە دەبێت هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان و بڕێک لە نەوتەکەی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات بۆئەوەی حکومەتی ناوەندی پشکی لەبودجە ڕادەست بکات".

 

وتیشی "یاساکە لە بەرژەوندی هەرێمی کوردستاندایە، چونکە بەرامبەر بە ڕادەستکردنی نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان و ناردنی بڕە نەوتێک  بۆ کۆمپانیای سۆمو، حکومەتی فیدراڵی پەیوەستکراوە کە دەبێت هەموو شایستە داراییەکان، موچەی فەرمانبەران،  پارەی کۆمپانیاکان وتێچووی دەرهێنانی نەوت لە بیرە کۆنەکان و تازە لێدراوەکان بگرێتە ئەستۆ، کە بڕکەشی بە ملیارەها دینار مەزەندە دەکرێت". 

  

پەرلەمانی عێراق یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە ( 12س تشرینی دووەمی 2020) پەسندکرد، پشکی هەرێمی کوردستان لە نێو یاساکە دیارینەکراوە، بەڵام بڕی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە پرۆژە یاساکە بە 250 هەزار بەرمیل دانرابوو، زیادکراوە بۆ 480 هەزار بەرمیل نەوت. 

 لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق، کە بۆ ماوەی 12 کاژتژمێر بەردەوام بوو، محەممەد حەلبووسی لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکەی دەنگدان لەسەر یاساکە رایگەیاند "یاساکە بە تەوافوق یان بە زۆرینە تێدەپەڕێنرێت."

دوای دەنگدان لەسەرپێنج ماددەی یەکەمی یاساکە مشتومڕ و دەمەقاڵێ لەسەر ماددەی پێنجەم  لە نێوان ژمارەیەک نوێنەری کورد و نوێنەرانی شیعە دروست بوو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دانیشتنەکەیان بایکۆتکرد، دەنگدان لەسەر ماددەکانی دانیشتنەکە بەڕێوەچوو و یاساکە پەسندکرا.