گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشخستن و دواخستن

مەلا بەختیار: بۆچى سلێمانی بە ناوەندی باڵادەستی یەكێتی نەما؟

2020.11.14 - 20:02
App store icon Play store icon Play store icon
مەلا بەختیار: بۆچى سلێمانی بە ناوەندی باڵادەستی یەكێتی نەما؟

ناس کورد-



مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى لە ساڵیادى دامەزراندنى سلێمانیدا چەندین پرسیار لەبارەى ئەو شارەوە دەخاتەڕوو، کە یەکێکیان ئەوەیە بۆچى وەک ناوەندى باڵادەستى یەکێتى نەماوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەلا بەختیار لە وتارێکدا لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک ( شەممە 14ى تشرینى دووەمى 2020)  کە ناس کورد بینیویەتى نوسیویەتى "لە قۆناغی ئاوەدانی دا.. لە زەمانی دوو ئیدارەییدا.. سلێمانی پێش خرا.. كەچی ئێستا، دواخراوە.. زۆرترین ناڕەزایی لەسەر دیاردە دزێوەكان.. هەر لە سلێمانیدا هەیە بۆ؟ زۆرترین خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە سلێمانیدا سەریان هەڵداوە.. بۆ؟".



دەقى نوسینەکە:



یادی (236) ساڵەی دامەزراندنی سلێمانیە. ئەو شارەی لە كەمترین مێژووی خۆیدا، زۆرترین روداوی لە سەرانسەری كوردستاندا خوڵقاند. ئەو شارەی؛ بەهەق، نازناوی شاری هەڵمەت و قوربانی كردە نەخشی مێژووی شارەكە و خەڵكەكەی. لە قسەی رۆمانسی خۆم دور دەگرم و دەڵێم: ئەوەی قۆناغی سەختی خەباتی نەدیبێ‌، نازانێ‌ سلێمانی چ شارێكە؟

 

ـ یەكەمین شار و یەكەمین جار بریتانیا بۆردومانی كرد، شاری سلێمانی بوو.. بۆ؟

 

ـ یەكەمین حوكمڕانی و پایتەختی كوردستان، لە سلێمانی دامەزران.. بۆ؟

 

ـ یەكەمین راپەڕینی ناو شارەكان و كوردستان (30/ی رەشی ئەیلولی 1930) سلێمانی بەرپای كرد، بۆ؟

 

ـ حزبی هیوا ناوەندی چالاكیەكانی سلێمانی بوو.. بۆ؟

 

ـ یەكەمین چاپخانەی باشوری كوردستان لە سلێمانی دامەزرا.. بۆ؟

 

ـ یەكەمین كورتە چیرۆك لە سلێمانی نوسرا.. بۆ؟

 

ـ یەكەمین رەخنەی ئەدەبی كوردی لە سلێمانی نوسرا.. بۆ؟

 

ـ یەكەمین قوربانیەكانی قەڵەم لەم شارەدا بون.. بۆ؟

 

ـ لقی (ژ.ك) ی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە سلێمانی یەكەم جار كرایەوە.. بۆ؟

 

ـ یەكەمین جار برایم ئەحمەد ئەركی دامەزراندنی پارتی 1946 پێ‌ سپێردرا.. بۆ؟

 

ـ گرنگترین گۆڤاری كوردستان كە زۆرترین ژمارەی لێدەرچوو (گەلاوێژ) داینەمۆكەی برایم ئەحمەد بووە لە سلێمانی.. بۆ؟

 

ـ یەكەمین حاكم كە دەستی لە حاكمێتی بۆ گۆڤار هەڵگرت برایم ئەحمەدی سلێمانی بوو.. بۆ؟

 

ـ یەكەمین شانۆگەری، لە سلێمانی پێشكەش كرا.. بۆ؟

 

ـ یەكەمین ژن، لە سلێمانی چووە بەر خوێندن (فاتمە خان) بۆ؟

 

ـ دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی رەنجدەران، زۆربەیان خەڵكی سلێمانی بوون.. بۆ؟

 

ـ شەهیدانی رابەری كۆمەڵە، شیهابی شێخ نوری و ئارام خەڵكی سلێمانی بوون.. بۆ؟

 

ـ گروپە چەپەكانی هەشتاكان بە دواوە، زۆربەیان لە سلێمانی دامەزران.. بۆ؟

 

ـ لە شۆڕشی نوێ‌ دا، یەكەمین و زۆرترین پیاوی رژێم لە سلێمانی دا سزای شۆڕشگێڕانە دران، بەلێدانی پارێزگاری سلێمانیەوە (1976) بۆ؟

 

ـ هەر لە شۆڕشی نوێ‌ دا، بەشی زۆری چالاكیەكانی لە دەورووبەری سلێمانی دا ئەنجامدران.. بۆ؟

 

ـ سەدام بە شاری سلێمانی ووت: شارێكی قورسە.. بۆ؟

 

ـ لە دوای راپەڕینیشەوە، یەكەمین رۆژنامە و گۆڤاری ئەهلی (هاوڵاتی – لڤین) هەروا یەكەم گۆڤاری فەلسەفیی (ئازادی – رەهەند) لە سلێمانی دەرچێندران.. بۆ؟

 

ـ لەدوای راپەڕینەوە، سلێمانی ناوەندی سیاسی و روناكبیری و ململانێی یەكێتی بووە.. بۆ؟

ـ سلێمانی دەستی كرد بە ئاوەدانی فراوان.. بۆ؟ بەڵام ساڵەهایە..

 

ـ سلێمانی، لە ئاوەدانی دواكەوتووە.. بۆ؟

 

ـ سلێمانی، ناوەندی باڵادەستی یەكێتی نەماوە.. بۆ؟

 

ـ سلێمانی، زۆرترین رەخنەی لەسەرە.. بۆ؟

 

لە قۆناغی ئاوەدانی دا.. لە زەمانی دوو ئیدارەییدا.. سلێمانی پێش خرا.. كەچی ئێستا، دواخراوە.. زۆرترین ناڕەزایی لەسەر دیاردە دزێوەكان.. هەر لە سلێمانیدا هەیە بۆ؟ زۆرترین خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە سلێمانیدا سەریان هەڵداوە.. بۆ؟

 

سلێمانی.. سلێمانیە.. ئەوەی قۆناغە سەختەكانی لەسەدەی رابوردودا نەدیبێ‌، نازانێ‌ ئەم شارە، بەهەق، شاری هەڵمەت و قوربانییە!