ناس کورد-
سەرۆکایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رایگەیاند، رێگه نادەن سلێمانی بكرێته قوربانیی ململانێ و نائارامییه سیاسییه‌كان و له‌مه‌زیاتر و به مه‌به‌ست فه‌رامۆش و پشتگوێ بخرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرۆکایەتى یەکێتى لە راگەیەنراوێکدا بەبۆنەى ساڵیادى دامەزراندنى سلێمانى یەوە کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە "به‌ڵێن ئه‌ده‌ین كه رێگه نه‌ده‌ین سلێمانی بكرێته قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه سیاسییه‌كان، نه‌هێڵین بكه‌وێته پاشكۆی روداوه‌كان و، رێنه‌ده‌ین له‌مه‌زیاتر و به مه‌به‌ست فه‌رامۆش و پشتگوێ بخرێت".
ده‌قی راگهیهنراوهكه:
وا ئه‌مڕۆ سلێمانی 236 ساڵه و، له‌و ڕۆژه تا ئێستا هه‌میشه پێشه‌نگ بووه. له روداوه كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی، سیاسی، رووناكبیری و ئه‌ده‌بییه‌كاندا ره‌چه‌شكێن بووه. داینه‌مۆ بووه بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری و نوێكردنه‌وه له‌هه‌موو كایه‌كانی ژیاندا، و له‌به‌رده‌م هه‌ر ته‌وژمێكی ناڕه‌سه‌ندا، خۆڕاگر، و بۆ هه‌ر نوێكردنه‌وه‌یه‌ك، ده‌سپێشخه‌ر و پشتیوان بووه. سلێمانی مه‌ڵبه‌ندێكی سه‌ره‌كیی كوردپه‌روه‌ری و په‌ناگه‌ی ده‌نگی ئازاده و هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌ویی قبوڵ نه‌كردووه.
سلێمانی، خانه‌خوێیه‌كی میهره‌بانه بۆ ھه‌موو پارت و پێكھاته و ئاینزاكان. شاری پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتر قبوڵكردن و ئازادیی راده‌ربڕینه. شاری خۆڕاگری و به‌ره‌نگاری بووه له به‌رده‌م په‌تی سێداره. داهێنه‌ربووه له سه‌رپێخستنی خه‌بات و جووڵانه‌وه‌ی سیاسی و، وره و وزه‌به‌خشی شۆڕش و به‌رده‌وامییه. سلێمانی، ئازا و ئازاده. زیندوێتی و یاخیبوون وه‌ك دوو تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م شاره، زاده‌ی ھهڵكهوتنی ده‌یان رووناكبیر و تێكۆشه‌ر و كه‌سایه‌تی به‌رجه‌سته و سه‌ركرده‌ن له‌بواره جیاكانی ژیاندا، كه جێده‌ستیان لهبهرهوپێشبردن و زیندووێتی ئه‌م شاره و دیرۆكی كوردستاندا دیاره و، بۆ رۆژگاری خۆیان و ئێستاش، بوونه‌ته رێنیشانده‌ر و ئاڵاھه‌ڵگری ئاینده‌یه‌كی روون.
ئه‌مڕۆ ئێمه له‌سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به دید و روئیایه‌كی راسته‌قینه و نوێوه له سلێمانی ده‌ڕوانین. وه‌ك چۆن دامێنی كوێستانه‌كانی كوردستان، مه‌ڵبه‌ندی خۆڕسكی ژیان و گه‌شه‌ی دره‌خته ره‌سه‌ن و یاخییهكانه، سلێمانییش بۆ یه‌كێتی، خاكی به‌پیتی ژیان و گه‌شه و نوێبونهوهیهتی. ره‌گی قووڵی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له گۆڕستانی شه‌هیدانی ئه‌مشاره و بست به بستی كوردستاندا چۆته خوارێ، و ره‌شه‌بای هه‌ر شۆڕشێكی نیشتمانی و كوردستانی، رابه‌رایه‌تی ده‌كا.
بۆ یه‌كێتی، سلێمانی، شاری ھه‌ڵمه‌ت و قوربانی، دایك و ھه‌ستانه‌وه و ھه‌ڵگیرساندنی شۆڕش و به‌رده‌وامیی خه‌باتمانه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كا ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیمان زیاتر بێ به‌رامبه‌ری و، له‌ئاست گه‌وره‌یی و مه‌زنیی سلێمانی، خزمه‌تكاری راسته‌قینه بین. ھه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ پاراستنی شكۆ و پێشه‌نگیی و زیندووھێشتنه‌وه‌ی بێ. له‌ھه‌موو رووه‌كانه‌وه، ئاوه‌دانیی و گه‌شه‌پێدانی سلێمانی، به ئه‌ركی خۆمان بزانین و له‌ئاست گه‌وره‌یی و شكۆمه‌ندی خه‌ڵكی سلێمانی و ته‌واوی كوردستان به‌ڵێن بده‌ین كه یه‌كێتیی نوێ، یه‌كێتیی خزمه‌ت و، یه‌كێتیی حكومدارییهكی باشتر و ئاوه‌دانتر و شایسته‌تر بێت.
ئه‌مڕۆ و له‌م رۆژه مێژووییه‌دا، ئێمه له سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڵێن ئه‌ده‌ین كه رێگه نه‌ده‌ین سلێمانی بكرێته قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه سیاسییه‌كان، نه‌هێڵین بكه‌وێته پاشكۆی روداوه‌كان و، رێنه‌ده‌ین له‌مه‌زیاتر و به مه‌به‌ست فه‌رامۆش و پشتگوێ بخرێت.
پیرۆز بێ یادی بنیادنانی شاره حه‌یاته‌كه
دڵنیا بن یه‌كێتی له‌ئاست مه‌زنیی سلێمانی، به‌رپرسیار و به‌ئه‌مه‌كه
سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
14-11-2020