گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دەبوو لە ئێمە باشتر بن’’

وتەبێژی یەپەگە بۆ ناس کورد: سەرکردایەتیی کورد لە باشور سەرکەوتوو نەبوون لە حکومڕانیدا

2020.11.14 - 15:01
App store icon Play store icon Play store icon
وتەبێژی یەپەگە بۆ ناس کورد: سەرکردایەتیی کورد لە باشور سەرکەوتوو نەبوون لە حکومڕانیدا

ناس کورد- شەهرام عەزیز

نوری مەحمود، وتەبێژی یەکینەکانی پارستنی گەل (یەپەگە) لە وتووێژێکدا لەگەڵ "ناس کورد" باس لە چەند پرسێکی تایبەت بە کورد لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان و پەیوەندییە سیاسییەکانی هەردوولا و بۆچوونیان لەسەر دۆخی هەرێم و گرژییەکانی پارتی و پەکەکە و سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وتەبیژی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەڵێت: "سەرکردایەتیی کورد لە هەرێمی کورستان سەرکەوتوو نەبوون لە حکومڕانییەکی باشدا و بەو ماوە زۆرە دەبوو ئەزموونەکەیان زۆر لە ڕۆژئاوا زیاتر دەنگی بدایەتەوە و سیاسەتێکی جێگیریان لە دەرەوە هەبوایە، بەڵام بەداخەوە بەوشێوەیە نییە".

 


دەقی گفتوگۆکانی ناس کورد لەگەڵ وتەبێژی یەپەگە:

ناس کورد: هەڵوێستی یەپەگە لەبارەی گرژییەکانی پارتی و پەکەکە چییە؟
نوری مەحمود: "ئەو پرسە زۆر هەستیارە و ئێمە وەک یەپەگە جارێ بێدەنگی هەڵدەبژێرین، بارودۆخی رۆژئاواش هێندە لەبار نییە تاوەکو بچینە ناو ئەو کێشەیەوە."



ناس کورد: ئاگاداری ئەوەن کە دەوترێت مەزڵوم عەبدی و نێچیرڤان بارزانی نێوەندگیری نێوان پارتی و پەکەکە دەکەن؟
نوری مەحمود: ئێمە ئاگاداری ئەوە نین و ئەگەر شتێکی لەوشێوەیەش هەبێت ئێمە بەشدار نین تێیدا، وەک وتم ئێمە لەو پرسەدا بێدەنگی هەڵدەبژێرین.



ناس کورد: بۆچوونتان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان چۆنە؟

نوری مەحمود: ئەگەر ڕاشکاو بم، پێمانوایە دەبوو هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسیی و ئابوری و پێشکەوتنەوە زۆر لە ئێستا باشتر بوایە، بەڵام لە 29 سالی ڕابردوودا و لەماوەی حوکمڕانی حکومەتی کوردی ئەوە دەرکەوتووە کە سەرکردایەتیی کورد لە باشوری کوردستان سەرکەوتوو نەبوون لەو پرسەدا و نەیانتوانیوە سیاسەتێکی ڕێکخراویان هەبێت لە ناوخۆ و دەرەوەشدا، ئەزمونی حوکمڕانی لە باشوری کوردستان زۆر دێرینترە وەک لە ڕۆژئاوا، بۆیە دەبوو ئەزمونی باشور لە ئەزمونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی ڕۆژئاوا زۆر زیاتر دەنگی بدایەتەوە لە ناوچەکەدا، بەڵام وەک دەبینین بەوشێوەیە نییە، لەکاتیکدا لەڕووی ئەمنییەوە باشور زۆر ئارامترە لە ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا ئێستاش لەژێر داگیرکاریدایە.
me_ga.php?id=1530

ناس کورد: چاوەڕوانی ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان چییە؟
نوری مەحمود: لەگەڵ ئەوەی وتم کە سەرکردایەتیی کورد لە باشور حکومڕانییەکی زۆر باشیان نەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باشوری کوردستان لەچوارچێوەی هەرێمێکدا ڕێکخراوە و حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی هەیە، واتە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە زیاتر گوێی لێدەگیرێت و حسابی بۆ دەکرێت، بۆیە دەبوو هەرێمی کوردستان حوکمڕانییەکی پێشکەش بکردایە و سیاسەتێکی لە ناوخۆ و دەرەوە پەیڕەو بکردایە یاخود ئێستاش بیکات کە ببێتە بنەما بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و پێویستە هەرێمی کوردستان هاوکاری پارچەکانی دیکە بکات، بەتایبەت لە رۆژئاوا کە تاڕادەیەک دۆخی ئێمە لە ڕۆژهەڵات و باکور جیاوازە.

ناس کورد: واتە هەرێمی کوردستان هاوکاری ڕۆژئاوای نەکردووە؟
نوری مەحمود: بێگومان کردوویەتی، وەک هاوکارییەکی کاتی لەکاتی شەڕی داعشدا و ئێمە داعشمان پێکەوە تێکشکاند، بەڵام هاوکارییەکی هەمیشەیی و پەیوەندییەکی سیاسیی باش لەنێوانماندا نەبووە، کورد دەبێت هەنگاوی مەزن بێت، ئەرکی سەرەکی ئەو هەنگاوەش دەکەوێتەسەر باشوری کورستان بەهۆی ئەو پێگە سیاسییەی وەک هەرێمی هەیەتی، هەرێمی کوردستان بناغەیەکە بۆ پارچەکانی دیکە، دروستبوونی هەرێمی کوردستان قۆناغی یەکەم بوو، نابێت کورد لە قۆناغی یەکەمدا بوەستێت و وازبهێنێت، پێویستە هەنگاو بنێت بۆ قۆناغی دووەم و سێیەم و تا کۆتایی، بۆیە ئێمە لەڕووی ئەو پێگە سیاسییەی کە باشوری کوردستان هەیەتی وەک هەرێمێک، چاوەڕوانی هاوکاری زیاترین، چونکە هەر دروستبوونی هەرێمێکی دیکەی کوردی و حوکمڕانی کوردی لە ڕۆژئاوا سودی بۆ باشور و پارچەکانی دیکەش هەیە، نەک تەنها بۆ ڕۆژئاوا.

ناس کورد: دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و سەرکەوتنی جۆ بایدن، پێتانوایە سودی بۆ کورد هەبێت؟
نوری مەحمود: کورد لە ڕۆژئاوا ئەوەی بەدەستیهێناوە بە هەوڵ و فیداکاری خۆی بەدەستیهێناوە، نەک هەر ئێمە، جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا-ش دانی بەوەدانەوە، بەڵام ئەوە ناشاردرێتەوە کە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان و هێزەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکادا هەیە، بێگومان ئەمریکا وڵاتێکی گەورەیە و کاریگەری لەسەر سەرجەم وڵاتانی جیهان دەبێت، ئێمە هەندێک ڕەخنەمان لە دۆناڵد ترەمپ هەبوو، بەتایبەت لە پرسی داگیرکارییەکانی تورکیادا، ئێمە هیوادارین ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەوڵبدات ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوا لەژێر دەستی هێزەکانی تورکیا دەربهێنێت و هێرشەکان کۆتاییان بێت، هەروەها چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا بێتە ئاراوە و بۆ پارچەکانی دیکەش بەهەمانشێوە سیاسەتێکی مرۆڤدۆستانە پەیڕەو بکەن.

ناس کورد: پێویست نییە کورد پێش ئەوەی پشت بە وڵاتانی دەرەوە ببەستێت خۆی ڕێکبخاتەوە؟
نوری مەحمود: بێگومان ئەوە زۆر گرنگە و پێویستە بکرێت، چونکە کورد بە یەکگرتووی هەر چوار پارچە دەتوانێت سەربکەوێت، هەرچەندە پێشتریش ڕێکخستنەوە هەبووە، بەتایبەت لەشەڕی داعشدا سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ کورد، ئێمە وەک یەپەگە یەکەم هێز بووین کە دەستمان بە شکستهێنان بە داعش کرد و دواتر لە باشوریش و لە کۆتاییدا وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ کورد لەقەڵەمدرا، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەش بەهۆی ئەوەی باشور هەرێمە و لە دەرەوە زیاتر حسابی بۆ دەکرێت.


ناس کورد: کۆتا پەیامتان چییە؟
نوری مەحمود: ئێمە وەک گەلی ڕۆژئاوا هیوادارین کورد لە باشوری کوردستان زیاتر پشتگیری لە خوشک و براکانیان بکەن لە ڕۆژئاوا و هەروەها دەزگا ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەنگ و ڕەنگی کوردانی ڕۆژئاوا بگەیەنن بە جیهان و نەکەونەژێر کاریگەریی پەیامی دوژمنانی کوردەوە.