ناس کورد-
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیدارەکەى توانیویەتی کارێکی گەورە لەسەر بەرهەمھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بکات و بەڵێن دەدات لە ماوەیەکی کورتدا بە ملیۆنان دەرزی ڤاکسینەکە بەرهەم دەهێنرێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆنا (13ی تشرینی دووەمی 2020) رایگەیاندووە، ئەو کارەی بە هەشت هەتا 10 ساڵ دەکرێت، ئیدارەکەى توانیویەتی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک بە ئەنجامی بگەیەنێت، پـێشبینی نەدەکرا ئەم ڤاکسینەی فایزەر هێندە سەرکەوتووبێت.
وتیشی، لە ماوەیەکی کورتدا بە ملیۆنان دەرزی ڤاکسینەکە بەرهەم دەهێنرێن و سەرەتا لەو کارمەندانە دەدرێن کە لە هێڵی پـێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکەن و پاشان دەدرێت لە کەسانی بە تەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە، ڤاکسینەکە لە مانگی چواردا بۆ خەڵکی بە گشتی لە ئەمەریکا دەسەتەبەردەبێت و باسی لەوەشکرد بۆ هەموو ویلایەتەکانی دەنێرن، تەنیا بۆ ویلایەتی نیویۆرک نەبێت کە بە گوتەی خۆی فەرمانڕەوای ویلایەتەکە لەبەر هۆکاری سیاسی بڕوای بە ڤاکسینەکە نیـیە.
کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکایی و بایۆنتیکی ئەڵمانی ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، ڤاکسنێک بەرهەمهێنراوە کە بە ڕێژەی 90% کاریگەری لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکا زۆر زیایکردووە و ڕۆژانە زیاتر 140 هەزار کەس تووش بوون و هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.