گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یاسای قەرز لە بەرژەوەندی هەرێمە؟

ئەگەر یاسای قەرز لە بەرژەوەندی خەڵکە بۆچی پەرلەمانتارە کوردەکان دەنگیان پێ نەدا؟

2020.11.14 - 08:48
App store icon Play store icon Play store icon
ئەگەر یاسای قەرز لە بەرژەوەندی خەڵکە بۆچی پەرلەمانتارە کوردەکان دەنگیان پێ نەدا؟

ناس کورد-

دوای ڕەخنەگرتن لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بەوەی بۆچی یاسای قەرزکردنیان پێباشە، بەڵام دەنگیان پێنەداوە، پەرلەمانتار ڕێبوار کەریم دەڵێت، سیقەی پوشێکیان بە هەرێم  نییە کە نەوت ڕادەست بکات، بۆیە دەیانویست بڕەپارەیەک لەدەرەوەی ئەو مەرجە بۆ هەرێم جێگیر بکەن، دەشڵێت، ئەگەر هەرێم پابەند بێت بڕگەکە لە بەرژەوەندی هەرێمە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەتیف شێخ مستەفا، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی نوسیویەتی: "پرسیارێکی لۆجیکی بۆ پەرلەمانتارە نارازیەکانی کورد لەبەغدا، لەدوێنێوە چەندیانم بینیوە بەرگری لە یاساکەی پەرلەمانی عێراق دەکەن و دەڵێن یاساکە مەجالی زۆر باشی تێدایە و ئەگەر حکومەتی ھەرێم بچێتە بەغداو گفتو گۆی جدی بکات لەوەدەچێ لە 320 ملیارەکە زیاتریشی دەست بکەوێت، ئێستا خەڵک ھەقی خۆیانە لێتان بپرسن کە ئەوەندە باشە بۆچی دەنگتان پێنەداو لەگەڵ یەکێتی و پارتی بایکۆتتان کرد؟."

 

لە وەڵامدا ڕێبوار کەریم مەحمود، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە کۆمێنتی پۆستەکەدا نوسیویەتی: "سڵاو حاکم لەبەرئەوەی سیقەی پوشێکمان بە هەرێم نیە کە نەوت بنێرێت و داهاتی گومرک بداتە بەغدا، هەربۆیە دەمانویست هەرچۆنێک بێت بڕگەیەکی وا جێگیر بکەین کە لەحاڵەتی پابەندنەبوندا بڕێک پارە بێت بۆ هەرێم تەنهاو تەنها بۆ کارئاسانی پێدانی موچە."

 

ئاماژەی بەوەشكڕدووە: " ئێستاش ئەو دەقە لەبەرژەوەندی خەڵکە ئەگەر بێتو هەرێم بڕێک نەوت و کەمێک داهاتی گومرک بدات."

 

 

هاوکات هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە فەیسبوکی خۆی، سەبارەت بەو رەخنەیەی کە دەگوترێت ئەگەر یاساکەتان پێ باشە بۆ بایکۆتتان کرد ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: " لە گفتوگۆکانی ناو لیژنەی داراییەوە هەر دوای ئەوەی ئەو مادەیەی سەبارەت بە هەرێم کە داوای 480 هەزار بەرمیل نەوتی دەکرد گۆڕا بۆ ئەو پشکەی سۆمۆ دیاری دەکات، کۆبونەوەکانی لیژنەی داراییم جێهشت و ئەسڵەن نەچومەتە ناو هۆڵی کۆبونەوەی پەرلەمانەوە تا بە داوای کەس بایکۆتی بکەم! لەگەڵ ئەحمەدی حاجی رەشید هەر زوو خۆمان یەکلاکردەوە کە لەهیچ بارێکدا دەنگ بەو قەرزکردنە نادەین، چونکە پێمان وابوو بەردەوام بون لەسەر سیاسەتی قەرزکردن هەنگاوێکی هەڵە و وێرانکردنی ئابوری عێراقە و دەنگی پێنادەین، ئەوەشمان پێشتر لەناو لیژنەکە راگەیاندبوو."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "من نەمگوتوە یاساکە زۆر باشە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە بەهەڵە دەگوترا بە یاسا 320 ملیارەکە بردرا یان دەگوترا پشکی هەرێم بردرا راستکردنەوەمان نوسی و روونمانکردەوە کە یاساکە پشکی هەرێمی تێدایە و بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی هەرێمەوە بەناردنی نەوت و داهات و بەدەق نوسیمان کە دەرفەتی باشی تێدایە بۆ هەرێم و بەوجۆرە نیە کە میدیای دەسەڵات بۆ ختوکە دانی هەستی نەتەوایەتی وێنای دەکات."

 

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، پڕۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بەبێ ڕەزامەندی کورد تێپەڕێندرا و ئەوەش پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدای بەرەو ئاڵۆزی بردەوە.

 

بەگوێرەی بڕگەیەکی یاساکە، بەغدا هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم نانێرێت تاوەکو هەرێم بڕێک لە نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان و ناوخۆ ڕادەستی بەغدا نەکات.