گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’موچەی ئەم کەسانە ببڕن’’

پسپۆڕێکی ئابوری: بەمشێوازە حکومەت دەتوانێت بەبێ بەشە بودجەی بەغدا موچە دابین بکات

2020.11.13 - 21:39
App store icon Play store icon Play store icon
پسپۆڕێکی ئابوری: بەمشێوازە حکومەت دەتوانێت بەبێ بەشە بودجەی بەغدا موچە دابین بکات

ناس کورد-

پسپۆڕێکی ئابوریی کورد دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان کێشەی دارایی بوونی نییە و حکومەت دەتوانێت بەبێ بەشە بودجەی بەغدا موچە بدات، بەڵکو کێشەی بەڕێوەبردن هەیە، دەشڵێت، حکومەت دەتوانێت موچەی سێ سەرۆکایەتییەکە پلەباڵاکان بۆ ماوەیەکی کاتیی ڕابگرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د.ئه‌یوب ئه‌نوه‌ر سماقه‌یی, مامۆستا له‌زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین لە به‌شی ئابوری لە كۆلێژی به‌ڕێوه‌بردن و ئابوری سماقه‌یی ده‌رباره‌ی تێپه‌ڕاندنی یاسای قه‌رز و بڕینی 320 ملیار دیناری هەرێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ و‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند: " ئه‌وه‌ی كه‌ له‌به‌رچاوه‌ و ده‌بینرێت نه‌ك ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێی هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌نێردرێت له‌وانه‌یه‌ هه‌رێم نه‌توانێت له‌كاتی خۆیدا مووچه‌ به‌لێبڕینه‌وه‌ دابه‌ش بكات كه‌ ئه‌وه‌ش جارێكی تر ترس و دڵه‌ڕاوكێ لای خه‌ڵك دروست ده‌كات و ده‌بێته‌هۆی سستكردنه‌وه‌ی دووباره‌ی بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان."

 

دەشڵێت: " كاریگه‌ری ئه‌وه‌ی ده‌بێت كه‌خه‌ڵك ناوێرێت پاره‌ خه‌رج بكات جۆرێك له‌ترس و جۆرێك له‌ 'ئیرهابی ئابوری' دروست ده‌كات كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆخۆی توانای دابەشکردنی موچەی نییه‌، ئەوەش واده‌كات كه‌ بازاڕ دوباره‌ سست ببێته‌وه‌، كه‌بازاڕ سست بێته‌وه‌ چالاكی ئابوری كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و بێكاری زیاترده‌بێت، هه‌ژاری زیاتر ده‌بێت، ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك و دڵه‌ڕاوكێ و ده‌نگه‌ ده‌نگ و خۆپیشاندان و ته‌نانه‌ت دیسان ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان سست ده‌بێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت خوێندن ده‌چێته‌ بارێكی زۆر ناخۆش و زۆر نه‌ویست."

 

ئه‌و پسپۆڕه‌ ئابورییه‌ لە لێدوانەکەیدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: " ئێمه‌ له‌ كوردستان كێشه‌ی ئیداره‌دانی ئابوریمان هه‌یه‌ كێشه‌ی ئابوریمان نییه‌ و ‌ناشكرێت مووچه‌ و قوتی خه‌ڵك ببه‌سرێته‌وه‌ به‌ڕێكکه‌وتنی سیاسی، ئه‌مه‌ سزادانێكی ئابوریه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند نیه‌ به‌ ڕاده‌ستكردنی نه‌وت بۆ عێراق و‌ ئه‌وان نیه‌ت باشی خۆیان پیشاندا، به‌ڵام گرفته‌كه‌ له‌وه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌وه‌ بداته‌وه‌ كه‌هۆكاری چییه‌ هه‌تا ئێستا نه‌وتی ڕاده‌ست نه‌كردووه‌؟ ته‌نها ده‌ڵێن به‌ڵێن ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن پابه‌ندده‌بین و له‌ڕووی كرداریش پابه‌ندنین."

 

باسی لەوەشكردووە: "به‌غدا ئه‌گه‌ر نیه‌تی ڕێککه‌وتنی نه‌بێت، ئه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كه‌یه‌تی من نایزانم، به‌ڵام لایه‌نه‌ ئابوریه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ "سلم بلم"، ئه‌وان ماده‌م نه‌وت ناده‌ن، ئه‌ویش پاره‌ نادات، ده‌كرا هه‌رێمی كوردستان نیه‌ت پاكی خۆی پیشان بدات به‌لایه‌نی كه‌م چه‌ند مانگێك نه‌وت ڕاده‌ست بكات."

 

لە وەڵامی ئەوەی‌ حكومه‌تی هه‌رێم بێ ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ له‌به‌غداده‌وه‌ ده‌توانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی بدات؟  ئەو پسپۆڕە ئابورییە ئاماژەی بەوەکردووە: "به‌ڵێ ئه‌گه‌ر ئیداره‌یه‌كی باش بێت و شێوازی دابه‌شكردنی مووچه‌كه‌ بگۆڕن ده‌كرێت ئه‌و پاره‌یه‌ی هه‌یه‌ به‌شی وه‌زاره‌تێك ده‌كات دابه‌شی بكه‌ن و به‌شی وه‌زاره‌تێكی تر كه‌كۆده‌بێته‌وه‌ دابه‌شی بكه‌ن نه‌ك هه‌رهه‌مووی كۆبكه‌نه‌وه‌ پاشان دابه‌شی بكه‌ن،‌ ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی حساباتی بانكییه‌وه‌ حساب بۆ هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك بكه‌نه‌وه‌ و نیوه‌ی مووچه‌ی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ببێته‌ حسابی ژماره‌یی و بتوانێت ئه‌و ژماره‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بكات له‌گه‌ڵ بازاڕ و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت، چاره‌سه‌ر ده‌بێت، چاره‌سه‌ره‌كان زۆر ئاسانه‌ به‌ڵام گرفته‌كه‌ له‌نه‌بوونی ئازایه‌تی و بوێری حكومه‌تی هه‌رێمه‌ كه‌ ناتوانێت متمانه‌ به‌بانكه‌كانی خۆی بدات وه ناتوانێت متمانه‌ له‌نێوان خۆی و میلله‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه،‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ شته‌ی توانی چاره‌سه‌ری گرفتی نه‌بوونی سیویله‌ و نه‌بونی پاره‌و گرفتی مووچه‌ ده‌كرێت به‌ڵام بۆ نایكه‌ن نازانم."

 

سه‌باره‌ت به‌چاره‌نووسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پاش بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق؟ باسی لەوەکردووە: "" چاره‌سه‌ری مووچه‌ له‌تونێلێكی تاریكدا ده‌بێت و پشێویه‌كی زۆر و دڵه‌ڕاوكیه‌كی زۆردروست ده‌كات هیچ ڕووناكیه‌ك نامێنێت له‌وه‌ی كه‌بتوانرێت لانیكه‌م مووچه‌ 30 ڕۆژ جارێك به‌لێبڕینیشه‌وه‌ دابه‌ش بكرێت."

 

ئەو پسپۆڕە ئابورییە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مه‌ودوا ئه‌گه‌ر وای لێبێت ده‌توانێت 60 ڕۆژ جارێك مووچه‌ به‌لێبڕێنێكی زیاتر له‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌ بدات، به‌ڵام من بۆخۆم قه‌ناعه‌تم به‌وه‌ نییه‌ من قه‌ناعه‌تم به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌كوردستان كێشه‌ی دارایی نییه،‌ به‌ڵكو كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ڕه‌هه‌ندی سیاسی یان ڕه‌هه‌ندی سه‌ربازی یان هه‌ر ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی تری هه‌بێت به‌ڵام من نابینم كێشه‌یه‌كی دارایی هه‌بێت له‌هه‌رێمی كوردستان."

 

جەختیشیکردووەتەوە: "ڕاستە كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر دۆخی ئابوری، به‌ڵام داهاتی ناوخۆش له‌هه‌رێم زۆره‌ بایی ئه‌وه‌نده‌ ده‌كات كه‌بتوانرێت مووچه‌ی پێ دابین بكرێت، یاخود زۆر مووچه‌ی نایاسایی و ناشایسته‌ هه‌یه‌ ده‌توانێت ڕایبگرێت، ده‌توانێت له‌سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌تا سه‌رۆكی حكومه‌ت و هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان به‌ته‌واوه‌تی مووچه‌یان هه‌ر ڕابگرێت، ناكرێت مووچه‌ی كه‌مئه‌ندام ببڕێت ناكرێت مووچه‌ی  كه‌سوكاری شه‌هیدان به‌رده‌وام نه‌بێت ، ده‌كرێت مووچه‌ی هه‌موو خانه‌نشینی وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و ئه‌وانه‌ی ده‌وام ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌شی خانه‌نشینن به‌یه‌كجاری ببڕدرێت یان ڕابوه‌ستێنرێت بۆ ماوه‌یه‌كی تر."