ناس كورد-
د.ئيسماعيل ناميق یاساناس و مامۆستاى زانکۆ وەڵامی غالب محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان دەداتەوە و دەڵێت :"ئەوەی من ئەیزانم لەسەر تۆ و ھاو پۆپۆلیستەکانت، خەڵک بیزانێت نەک وێنەتان لەگەڵدا ناگرن تفتان لێئەکەن".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. ئیسماعیل نامیق یاساناس و مامۆستا زانكۆ و ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لە وەڵامی غالب محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەهەژمارى خۆى لە فەیسبوک بابەتێکى بڵاوکردۆتەوە کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە و تیایدا رایگەیاند (13ى تشرینى دووەمى 2020) ئێوە لەبەرپرسەکانی یەکێتی و پارتی زۆر مەترسیدارترن، چونکە ئەوان ئەگەر گەندەڵیش بن، بەئاشکرا ئەیکەن، بەڵام ئێوە گورگن لەپێستی مەڕدا".
ئەوەشی وتووە: کاکی پۆپۆلیست ئەگەر یاساکە ئەوەندە باشە بۆ دەنگتان پێنەدا و بایکۆتتان کرد؟ بۆچی دەستتان کردووە بەقسەی بێ بنەما و یەکتر تۆمەتبارکردن؟.
باسی لەوەشكردووە، "ئەزانی تۆ ئەوکات لەئەنجوومەنی پارێزگا بووی، ھەر رۆژەو سینارێویەکت دروست ئەکرد وفێڵت لەخەڵکی برسی وداماو ئەکرد تا دەنگت پێ بدەن بۆ پەرلەمانی عێراق؟ ھەر رۆژەو وێنەت لەتەنیشت تەنکەرێک ولەبنکەیەکی پۆلیس بڵاو دەکردەوە، تا خەڵک وا بزانن تۆ پارێزەری ئەوانی".
پێشتر غالب محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا لە پۆستێکیدا کە لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاندبوو "ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەند بێت بەجێ بەجێکردنی ئەو بڕگەیەی کە لە یاسای قەرزەکان کە تایبەتە بەفرۆشتنی بڕێک نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆەوە ئەوا مانگانە زیاتر لە 950 ملیار بۆ هەرێم دێت".
دەقى وتارەکەى د.ئیسماعیل نامیق:
پۆپۆلیستەکان بۆ وا تەنگەتاو بوون؟
لەپۆستێکی پێشوومدا تەنھا ئەوەم ووتووە، کەپەرلەمانتار و وەزیرە کوردەکان لەبەغداد وەکو فەرمانبەرانی دیکە دوو موچە بەسەر یەکەوە وەرئەگرن، ئەرێ راستم وتوە یان نا؟ کەچی پۆپۆلیستێکی بێ پرەنسیپ وەکو عادەتی خۆی، خۆی کردوە بەسورەی بەر لەشکر و دەستی کردوە بەدرۆ ھۆنینەوەو بوختانکردن، بێ ئەوەی شتەکان لەیەک جیا بکاتەوە، کاکی پۆپۆلیست من لەژیانمدا پارێزەر نەبووم، ئاخر زانیاریەکانی تریشت ھەمووی وا لنگە و قوچن، بۆیە قوڕتان کرد بەسەر خەڵکدا. ئێوە لەبەرپرسەکانی یەکێتی وپارتی زۆر مەترسیدارترن، چونکە ئەوان ئەگەر گەندەڵیش بن، بەئاشکرا ئەیکەن، بەڵام ئێوە گورگن لەپێستی مەڕدا، ئەزانی تۆ ئەوکات لەئەنجوومەنی پارێزگا بووی، ھەر رۆژەو سینارێویەکت دروست ئەکرد وفێڵت لەخەڵکی برسی وداماو ئەکرد تا دەنگت پێ بدەن بۆ پەرلەمانی عێراق؟ ھەر رۆژەو وێنەت لەتەنیشت تەنکەرێک ولەبنکەیەکی پۆلیس بڵاو دەکردەوە، تا خەڵک وا بزانن تۆ پارێزەری ئەوانی، فایلە دەنگەیەکانیشت ماون ھەڕەشەی ئەوە دەکەیت، ئەگەر گۆڕان کاندیدت نەکات، لای شاسوار خۆت کاندید ئەکەی و پشتیوانی لەو دەکەی. ئێوە ئەگەر بەم فێڵکردن لەخەڵک وخۆبەپاڵەوانکردنە نەبێت کاریشتان دەست نەئەکەوت دڵنیابە نەک ببن بەپەرلەمانتار! پرسیارێکی زۆر مەنتیقی ئەگەر ھاووڵاتیەکی ئاسایی قسە بەو بەرپرسانە بڵێت کەتۆ بەردەوام جنێویان پێ دەدەیت وبەگەندەڵ وەسفیان دەکەیت، چی بەسەر دێت؟ بۆچی تا ئێستا کەس لەگوڵ کاڵتری بەتۆ نەوتووە؟ ئەوەی من ئەیزانم لەسەر تۆ و ھاو پۆپۆلیستەکانت، خەڵک بیزانێت نەک وێنەتان لەگەڵدا ناگرن تفتان لێئەکەن. رۆژگار روی راستەقینەی ئێوەش بەدەردەخات، دەردەکەوێت کەئێوە چەند مەترسیدارترن لەبەرپرسەکانی یەکێتی وپارتی، دەردەکەوێت ئێوە لەسەر چەند پەت یاریتان کردووە و چەند پەیوەندی خوار وخێچتان ھەبووە بۆ بەدەستھێنانی پلەو پۆست وبەرژەوەندی زیاتر و بازرگانیکردن بەدەنگی خەڵکی بێچارە، سەفەقاتەکانتان لەناو حیزب وپەرلەمان دەنگدەرەکانتان تووشی شۆک وخۆکوشتن ئەکات. ئەگەر دڵت بەوە خۆشە بەجنێوەکانت زیاترت لەئێمە کردووە، بێگومانبە ھەڵەی، زەحمەت نەبێ پێمان بڵێ جنێوەکانی تۆ جگە لەخۆت چ سودێکیان بەخەڵک گەیاندووە؟ لەکۆتاییدا دەڵێم: کاکی پۆپۆلیست ئەگەر یاساکە ئەوەندە باشە بۆ دەنگتان پێنەدا و بایکۆتتان کرد؟ بۆ چی دەستتان کردووە بەقسەی بێ بنەما و یەکتر تۆمەتبار کردن؟