گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوونکردنەوەیەک لە بەشیر حەدادەوە

بەشیر حەداد لەسەر ئەو قسانەی لە دانیشتنی پەرلەمان کردی ڕوونکردنەوە دەدات

2020.11.13 - 18:49
App store icon Play store icon Play store icon
بەشیر حەداد لەسەر ئەو قسانەی لە دانیشتنی پەرلەمان کردی ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

وتەکانی بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی پەرلەماندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و ناوبراو لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت: " قسەکانی من ئەگەر تەنازولیشى تێدا بێت، ئەوە لەبەر بەرژەوەندی کەسی خۆم نەبووە، تەنیا بۆ بەرگریکردن بووە لە قووت و مووچەی ھاووڵاتیانی کوردستان."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە میانەی دانیشتنی پەرلەماندا بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای پڕكردنەوەی کورتهێنانی دارایی، د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە پەرلەمانتارانی شیعە و سونە کرد لەبەر خاتری ریشە سپییەکەی دانیشتنەکە بۆ ماوەیەک دوابخەن و بەبێ ڕەزامەندی کورد پڕۆژەیاساکە تێنەپەڕێت، بەڵام گوێ بە قسەکانی نەدرا و دەنگ لەسەر پڕۆژەکەدرا.

 

قسەکانی بەشیر حەداد لای بەشێک لە هاووڵاتیان بە "تەنازول" ناوبرا و ڕەخنەی لێگیرا، یەکێک لەوانە رێناس جانۆ، ئەندامی خولی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو کە لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی نوسیبووی: " حەیفم بەو ڕیشە سپییەت دێت، لە وەتەی کورد شەڕ دەکات لە بەغدا بە قەد ئەمڕۆ بە زەلیلی نەمدیوە."

 

لەوبارەیەوە بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (هەینی 13ی تشرینی دووەمی 2020)  لە ڕوونکردنەوەیەکدا بەناونیشانی  "وەڵامێکى برايانه بۆ بەڕێز رێناس جانۆ و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە" ڕایگەیاند: " کورد قسەیەکی ھەیە دەڵێت؛ ئەوەی لە شەڕ نەبێت، شیری تیژە، ئەو پەندە کوردییە بۆیە دەھێنمەوە، چونکە لە دوو رۆژی رابردوودا چەندین کەس یەکێک لەوانەش کاک رێناس جانۆ کە خۆی پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بووە و ئەو دیمەنانەی بینیوە، گلەیی ئەوە دەکەن کە گوایە ئێمە لە شەوی تێپەڕاندنی یاسای کورتھێنانی دارایی نەدەبوایە بەو شێوەیە قسەمان بکردایە و دەبوایە بەبێ ھیچ قسەیەک بچوینایتە دەرەوە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "لێرەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە قسەکانی من ئەگەر تەنازولیشى تێدا بێت، ئەوە لەبەر بەرژەوەندی کەسی خۆم نەبووە، تەنیا بۆ بەرگریکردن بووە لە قووت و مووچەی ھاووڵاتیانی کوردستان."

 

بەشیر حەداد دەشڵێت: "پێویستە ئەوەش بڵێم کە لەو ساتەدا بارودۆخی نێو پەرلەمان تەواو ئاڵۆز بوو بوو و گەشتبووە ئاستی شەڕە قسە و تەنانەت نزیک بوو ھێرش بکرێتە سەر پەرلەمانتارەکانمان به پياو ئافرەتانيشەوه، ترسی ئەوەشمان ھەبوو بەردەوامی ئەو بارودۆخە، ببێتە ھۆی تێکچوونی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بۆیە دەڵێم ئەگەر ئەو قسانەی ئيمه تەنازول بێت، ئەوە بۆ میللەتەکەی خۆمانمان کردووە و شانازیشی پێوە دەکەين و نایکەينە منەتیش بەسەر ھیچ کەسێکەوە. "

 

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاندووە: "دواجار دەمەوێت بڵێم، من کە چوومە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڵێنم بە خودا و میللەتەکەم دا ئەوەی لە توانام دا بێت بۆ برگری کردن لە ماف و داخوازییەکانیان بۆیان بکەم، ئەو گوتانەی منیش دوای سێ رۆژ ھەوڵ و ماندووبوونی ھەموو نوێنەرانی کورد و دانوستاندن بوو تاوەکو ئەو یاسایە بەبێ کورد تێنەپەڕێنرێت. "