گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى ناوخۆیی عێراق بڕیارێکی نوێی لەبارەى نوسینی سەرپێچی بۆ شۆفێران دەرکرد

2019.05.11 - 17:09
وەزارەتى ناوخۆیی عێراق بڕیارێکی نوێی لەبارەى نوسینی سەرپێچی بۆ شۆفێران دەرکرد
ناس کورد- وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیارێکی نوێی لە یاساکانی هاتووچۆدا ڕاگەیاند و بەپێی بڕیارەکەش، لە کاتی نوسینی پسوڵەی سەرپێچی بۆ شۆفێر، شۆفێرەکە دەتوانێت ناڕەزایی دەرببڕێت و لە دادگا سکاڵا تۆمار بکات. موئەیەد خەلیل سلێمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، بەمنزیکانە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بەپێی بڕیارەکە، لەکاتی نوسینی پسوڵەی سەرپێچیدا بۆ شۆفێر، شۆفێرەکە دەتوانێت ناڕەزایەتی دەرببڕێت و لە دادگا سکاڵات تۆمار بکات و  دەبێت ئەو ئەفسەرەشی پسوڵەکەی نوسیوە سوێند بخوات لەسەر هۆکاری ڕاستەقینەی نوسینی پسوڵەکە. . سەربارەت بەوەى بڕیارەکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا، فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، لە هەرێمی کوردستانیش یاسای لەو جۆرە هەیە و شۆفێر دەتوانێت سکاڵا لە دژی ئەو ئەفسەرە تۆمار بکات کە پسوڵەی سەرپێچی بۆ دەبڕێت، بەڵام پێویستە لە دادگا بیسەلمێنێت کە ناحەقی بەرامبەر کراوە، چونکە کارمەندی هاتووچۆش لە خۆڕا پسوڵەی سەرپێچی بە هیچ کەسێک نابڕێت. سەبارەت بە هەبوونی حاڵەتی لەو شێوەیە، ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی ئەواندا کەیسی لەو جۆرە ڕووینەداوە و ئەوە لە هەرێم کەمە و تەنها ئەو کەیسەی پارێزەرەکەی هەڵەبجە هەبووە کە جێگەی باس بێت. . کەیسی ئەو پارێزەرەی هەڵەبجە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی دروستبوونی کێشە لەگەڵ کارمەندێکی هاتووچۆدا سکاڵای یاسایی لەسەر مەفرەزەیەکی هاتووچۆ تۆمارکردبوو و کارمەندەکەش دەستگیرکرا، کاردانەوەی لێکەوتەوە و دادگای سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی کارمەندەکەی هاتووچۆ بەهۆی ئەوەبووە، تەنها ئەفسەر دەتوانێت لێپێچینەوە لە شۆفێر بکات و داوای مۆڵەت بکات.