ناس كورد-
لەسەر ناکۆکییەکانیان، پارتی پەیامێکی تری بۆ پەکەکە نارد و دەڵێت، "پەکەکە لە دەستپێکی دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا نەیتوانی وەکو ھێزێکی نەتەوەیی درێژە بە خەباتی سیاسی و ئازادیخوانە بدات."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە پەیامێکدا دهزگای ڕۆشنبیری و راگهیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (10ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، "سیاسەتی پەکەکە سیاسەتێکی نانەتەوەییە، پەکەکە چەندین جار بووهتە ھۆی شەڕ و خوێنڕشتنی کورد و زیانی مەزنی لە دۆزی رەوای کورد داوە، سووربوونیشی لەسەر ھەمان سیاسەتی نانەتەوەیی، بۆ گشت دڵسۆزان و دیموکراتخوازان بووهتە جێی پرسیار و گومان، پرسیار و گومانێك کە رۆژ بە رۆژ پەکەکە لاوازتر دەکات!.. لاوازبوونێك کە تادێت پەکەکە زیاتر دەخاتە باوەشی ناحەزانی کورد و کوردستان و، ئەوانیش کاری سەیری پێ دەکەن، کارگەلێك کە لە ھیچ لۆژیکێکدا جێگەی نابێتەوە، لەوانە: رفاندنی منداڵ، تێکدانی پرد، خراپکردنی گوند و ئەزیەتدانی جوتیار و وەرزێر و سوتاندنی رەز و باخەکانیان و، تا دەگاتە وەستانەوە بە رووی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە دەسکەوتی خوێنی ئاڵی شەھیدان و خەباتی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکان و رەنجی لەبن نەھاتووی گەلی کوردستانە."
دهقی وهڵامهكهی دهزگای رۆشنبیری و راگهیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پهكهكه:
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە (42)ـهمین ساڵیادی دامەزراندنیدا و، ھەروەھا (زۆزان چەولیك) لە ناوەندیی پاراستنی گەل (نەپەگە)، بە ھەڵچونێکی زۆرەوە، دوور لە لۆژیك و واقیعبینی باس لە پرسگەلێکی پەیوەندیدار بە ھەرێمی کوردستان، ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی دەکەن، تایبەت لە شیکردنەوەی رووداو و هەروەها ئیستفزاز و شەڕپێفرۆشتنەکانی پەکەکە بە ھەرێمی کوردستان، وەك ھەمیشە کەوتوونەتە ناو ھەڵەی مێژوویی و سیاسی و تەنانەت ھەڵەی رۆشنبیریشهوه.
زۆر بە پوختی، کورت و رەوان دەمانەوێت بڵێین :
پەکەکە و ھەموو ئەو تایتڵ و ناوانەی تر، کە دەچنەوە سەر پەکەکە، دەبێ ئەو راستییە بزانن، کە خەڵکی تێکۆشەر و دڵسۆزی کوردستان لە ماھیەت و ھەقیقەتی پەکەکە تێگەیشتوون و دەزانن، بۆچی و بە چ مەرامێك، ئەو مەرامەی کە خزمەت بە ناحەزانی گەل دەکات، پەکەکە گۆڕەپانی راستەقینەی خەباتی لە باکووری کوردستان جێھێشتووە و ھاتووهتە باشووری کوردستان و گێچەڵ و شەڕ بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی دەفرۆشێت.
راستییەکی دیرۆکی ھەیە، کە پێویستە باسی بکەین، راستییەکەیش ئەوەیە، کە پەکەکە لە دەستپێکی دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا نەیتوانی وەکو ھێزێکی نەتەوەیی درێژە بە خەباتی سیاسی و ئازادیخوانە بدات و لە گۆڕەپانی راستەقینەی خۆیدا نەخشهی ھەبێت، نەخشهیهك، کە لەسەر کۆڵەگەی دیموکراسی و مۆدێرنەکانی ژیانی سیاسیی ھاوچەرخ نەخشێندرا بێت، تا سەرنجی دونیای نوێ بەلای خۆیدا رابکێشێت و دۆست و پشتیوان بۆ دۆزی رەوای گەل کۆبکاتەوە، کەچی پەکەکە نەك ھەر نەیویست ئەو رۆڵ و نەخشەیه ببینێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە رۆڵێکی نێگەتیڤی ئەوتۆی گێڕا، کە باسکردنی زۆری دەوێت و لێرە تەنیا ئاماژە بۆ ئەو رۆڵە نێگەتیڤە دەدەین، کە بریتیە لە شەڕفرۆشتن بە خەڵکی کوردستان و دژایەتیکردنی پەرلەمان و حکومەتی بە دیموکراسیی ھەڵبژێردراوی ھەرێمی کوردستان، کە ھەر لە رۆژی دامەزراندییەوە و، لەو کاتەی کە گەلی کوردستان ھێشتا ھەر لە نێو کەشی سەرھەڵدان و راپەڕینی بەھاری ساڵی (1991) دابوو و تا ئێستاش هەر بەردەوامە!..
پەکەکە لە دوای سەرپێکەوتنی تا ئێستا ھیچ کاتێك ئامانجی پرسی کورد نەبووە، ئەگەر لە شوێنێکیش پرسی کوردی خستبێتە نێو رستەوە، ئەوا ھەر بۆ سەرگەرمکرن و جوانکردنی پەرەگرافە سیاسی و میدییاییەکانی بووە و ھیچیتر، ئەگینا پەکەکە تەنھا یەك ئامانجی ھەبووە، ئەویش سەپاندنی ھەژموونی خۆی لەسەر تەواوی بزاڤی کورد، ھەژمونێك دوور لە دیموکراسی و شەرعیەتی یاسایی و، دوور لە چەمکەکانی ژیانی مۆدێرنی سیاسیی ھاوچەرخ.
پەکەکە لەنێو خۆیدا، ھەروەھا لەنێو پارتە کوردییەکانیشدا، تەنھا رۆڵی لێدانە لە کەسایەتییە نەتەوەییەکان، لێدان تا رادەی ناوزڕاندن، پاکتاوکردن و تیرۆرکردنیان و، ئەوانەی ئاگایان لە مێژوو و فاکت و زانیارییەکانە باش ئەو ھەقیقەتە تاڵە دەزانن!..
پەکەکە، کە گۆڕەپانی راستەقینەی خەباتی جێھێشتبێت، کە دوور بێت لە پرەنسیبەکانی کاری دیموکراسی، شەڕی خەڵك و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات و، نەتەوە و خاك و زمان و ئاڵای کوردستان خەمی ئەو نەبێت، ھەموو ئەمانە سەلمێنەری ئەو راستییەن، کە پەکەکە کەوتووهتە خزمەت ئەجێندا ھەرێمییەکان و بە خراپترین شێوە لەلایەن ھێزە ھەرێمایهتییهکانەوە بەکاردەھێنرێت!..
سیاسەتی پەکەکە سیاسەتێکی نانەتەوەییە، پەکەکە چەندین جار بووهتە ھۆی شەڕ و خوێنڕشتنی کورد و زیانی مەزنی لە دۆزی رەوای کورد داوە، سووربوونیشی لەسەر ھەمان سیاسەتی نانەتەوەیی، بۆ گشت دڵسۆزان و دیموکراتخوازان بووهتە جێی پرسیار و گومان، پرسیار و گومانێك کە رۆژ بە رۆژ پەکەکە لاوازتر دەکات!.. لاوازبوونێك کە تادێت پەکەکە زیاتر دەخاتە باوەشی ناحەزانی کورد و کوردستان و، ئەوانیش کاری سەیری پێ دەکەن، کارگەلێك کە لە ھیچ لۆژیکێکدا جێگەی نابێتەوە، لەوانە: رفاندنی منداڵ، تێکدانی پرد، خراپکردنی گوند و ئەزیەتدانی جوتیار و وەرزێر و سوتاندنی رەز و باخەکانیان و، تا دەگاتە وەستانەوە بە رووی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە دەسکەوتی خوێنی ئاڵی شەھیدان و خەباتی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکان و رەنجی لەبن نەھاتووی گەلی کوردستانە.
دوای دروستبوونی قەوارەی شەرعی ھەرێمی کوردستان، پەکەکە سیاسەتی دژە پارتی و بارزانی گرتەبەر و جێبەجێکرنی گشت پیلان و سیاسەتەکانی لەو بوارەدا گرتووهتە ئەستۆ، چوار جەولەی شەڕی پەکەکە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکان بەسن و بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەو راستییە حاشاھەڵنەگرەی، کە پەکەکە ئامادەکاریی بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕێکی تازە دەکات، شەرێك کە بەر لە ھەر لایەنێك خۆی زەرەری لێ دەکات و باجەکەی دەدات!..
بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
10ی 11ی 2020