کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- شەهرام عەزیز پۆلیسی كەركوك بڕیاریداوە هەر كەسێك بە پانتۆڵی سێچارەك و شۆرتەوە لە شوێنە گشتییەكاندا بگەڕێت، دەستگیری بكات. . ئەمڕۆ (شەممە) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەیەك بڵاوكرایەوە كە گوایە چەند گەنجێك لەبەر ئەوەی شۆرت و پانتۆڵی سێچارەكیان لە پێدا بووە لە بازاڕدا دەستگیركراوون. . لەو بارەیەوە ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك زانیارییەكانی پشتڕاستكردەوە و بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند"لەلایەن فەرماندەی بارەگای پێشكەوتووی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك بڕیارەكە دەركراوە و لە دوێنێوە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەر كەسێك لە شوێنە گشتییەكاندا پانتۆڵی سێچارەك و شۆرتی لەپێدابێت دەستگیر دەكرێت". . سەبارەت بەهۆكاری دەكردنی بڕیارێكی لەو جۆرە، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك ئاماژەی بەوە كرد، بریارەكە لەسەر سكاڵای كۆمەڵێك كەس دەركراوە، كە گەنجێكی زۆر بەتایبەتی لە شەواندا بە پانتۆڵی سێچارەك و كورتتریشەوە دەگەڕێن و سیمایەكی ناشرینی لە شارەكەدا دروستكردووە. . دەربارەی جۆری سزای ئەو كەسەی سەرپێچی بڕیارەكە دەكات ئەفراسیاو كامیل ڕوونیكردەوە، لە ئێستادا تەنها بڕیارەكە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و وردەكارییەكەی لە داهاتوودا بریاری لەسەر دەدرێت. .