گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوایین قسەکانی لەناس کورد

کۆچەر؛ گەشتی بوک و زاوا و ’خۆکوشتن’ لە قوڵایی دوکان

2020.11.10 - 15:13
App store icon Play store icon Play store icon
کۆچەر؛ گەشتی بوک و زاوا و ’خۆکوشتن’ لە قوڵایی دوکان

ناس کورد-

"بوەستە دەستێک بە ئاو دەگەیەنم" ئەمە دوایین وتەی ئەو گەنجەیە کە لەسەر بەلەمێکی گەشتیاری فیشەکێکی بەخۆیەوە ناو خۆی خستە ئاوی دوکانەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کۆچەر عەبدولکەریم دوێنێ دووشەممە وەکو فۆتۆگرافەرێک خۆی بە کەسێک ناساند کە لە دوکان بەلەمی گەشتیاری ھەیە، تا گەشتێکی پێبکات بە تەنگی بوک و زاوا یەکێک لە دڵرفێنترین شوێنە گەشتیارییەکانی دەریاچەکە.

 

کۆچەر و خاوەنی بەلەمەکە کەوتنە گفتوگۆ و مامەڵەکردن، دواجار لەسەر ٤٠ ھەزار دینار رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی گەشتەکە، ئەوەش بەپێی وتەی خاوەنی بەلەمەکە کە  (١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠) بۆ ناس کورد قسەیکرد.

 

دوای مامەڵەکە، کۆچەر چووە سەر بەلەمەکە و گەشتەکەیان دەستپێکرد، بەڵام بۆ کۆچەر بووە گەشتێکی نەگەڕانەوە، بۆ خاوەن بەلەمەکەش بووە رووداوێکی لەبیرنەکراو.

 

"وتی بمبە بۆ تەنگی بوک و زاوا ھەندێ کاری وێنە و مۆنتاژم ھەیە، چوینە ئەوێ، وێنەی شوێنەکانی گرت، ھیچ ھەستم بە شێواوی روخسای یان شتێکی نامۆ نەکرد"، دانا خاوەنی بەلەمەکە وایوت.

 

کۆچەر و خاوەنی بەلەمەکە لەگەشتەکەیاندا کە نزیکەی نیو کاتژمێری خایاند، پێکەوە چەند قسەیەکی کەمیان کردووە، پێش ئەوەی رووداوەکە رووبدات.

 

دانا وتی "کۆچەر چەند پرسیارێکی کرد کە کام شوێنە قوڵە و تەنگە، منیش وەڵامم دایەوە کە زۆربەی شوێنەکانی تەنگی بوک و زاوا قوڵە".

 

دوای ماوەیەک لە گەڕان بە تەنگەبەرەکەدا و گرتنی وێنەی شوێنەکە، کۆچەر داوای لە دانا کرد بگەڕێنەوە بۆ ناو دەریاچەکە، بەبێ ئەوەی دانا ھەست بەھیچ شتێکی نائاسایی بکات.

 

"گەڕاینەوە دەریاچەکە، لە شوێنێکی قوڵ بووین کە نزیکەی چل مەترێک قوڵ دەبێت، کۆچەر وتی بوەستە دەست بە ئاو دەگەیەنم، چووە پشتەوەی بەلەمەکە"، دانا وایوت.

 

دانا چاوەڕوان بوو کۆچەر داوای لێبکات دەست بە رۆیشتن بکەنەوە، بەڵام لەجیاتی ئەوە دەنگی زرمەیەکی گەورە رایچڵەکاند.

 

"وادیاربوو کۆچەر فیشەکی بەخۆیەوە نابوو، یەکسەر کەوتە ناو ئاوەکەوە".

 

ئەو روداوە دانای توشی شۆک کرد کە بەلەمەکەی لەناوەڕاستی دەریاچەی دوکاندا و لە شوێنێکی قوڵ راگرتبوو، بڕیاریدا لە شوێنی خۆی نەجوڵیت و یەکسەر پۆلیسی ئاگادارکردەوە، دواتر ھاوڕێکانیشی ئاگادارکردەوە.

 

دوای گەیشتنی پۆلیس، دانا تەواوی وردەکاریی رووداوەکەی بۆ گێڕانەوە، پۆلیسیش رووداوەکەی بۆ "خۆکوژی" گەڕاندەوە، پێش ئەوەی تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.

 

کۆچەر دوای خۆی مۆبایلەکەی بەجێماوە کە رادەستی پۆلیس کراوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر لەبارەی روداوەکەوە.

 

دوای رووداوەکە، پۆلیس و تیمەکانی فریاگوزاریی ھەوڵەکانیان دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی، بەڵام قوڵایی شوێنی نقوم بوونی تەرمەکە ئاستەنگی گەورەی بەردەم تیمەکە بوو.

 

تیمەکە دوای چەندین کاتژمێر لە گەڕان، دواجار پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ تەرمەکەیان لە قوڵایی ئاوەکەدا دۆزییەوە و دەریانھێنایەوە.

 

لەساتەوەختی قسەکردنی دانای خاوەنی بەلەمەکە بۆ ناس کورد، تیمەکە توانیان بەلەمەکە بدۆزنەوە و ناس کوردیش وەک یەکەم دەزگای راگەیاندن بەپەلە ھەواڵەکەی بڵاوکردەوە.

 

یەکێک لە ئەندامانی تیمەکە وتی "شوێنەواری فیشەک بە ملی کۆچەرەوە دەردەکەوێت".

 

لەئێستادا تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە بۆ پشکنین و لێکۆڵینەوەی زیاتر.

 

ئەوەی رووداوی گیان لەدەستدانی کۆچەری گەورەتر کرد و پۆلیس و رای گشتی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد، رووداوێکی کوشتن بوو لەدووری زیاتر لە ٦٠ کیلۆمەتر، ئەویش دۆزینەوەی تەرمی ژنێکی تەمەن ٣٦ ساڵان بوو لەناو ئۆتۆمبیلەکەیدا لە شاری سلێمانی.

 

تەرمەکە ژنە فەرمانبەرێکی دادنوسی یەکی سلێمانییە بەناوی شۆخان عارف کە شوێنەواری دوو فیشەک بەجەستەیەوەیە.

 

ئێستا لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەی سەرەداوەکانی پێکەوە بەستنی ئەو دوو رووداوەیە کە پۆلیس بەئەگەرێکی بەھێز ناویبردووە.

 

 سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ناس کوردی راگەیاند، لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەو بارەیەوە و ھێشتا کۆتایی نەھاتووە.  

  

وتیشی "شتێکی وا ھەیە لەسەر پەیوەندی ئەو دوو رووداوە بەیەکەوە، بەڵام ھێشتا پشتڕاستنەکراوەتەوە".