ناس کورد-
کەسێکی نزیکی قادری حاجی عەلی وردەکاریی نوێی لەبارەی کۆچی دوایی قادری حاجی عەلی راگەیاند.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاسۆ جەمال موختار (١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠) لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن لەناویاندا ناس کورد وتی "بەدیاریکراوی کاتژمێر ٩:٤٠ خولەکی سەرلەبەیانی قادری حاجی عەلی کۆچی دواییکرد".
وتیشی "پزیشکەکان پەیوەندیان بە عوسمانی حاجی مەحمودەوە کرد و ئەویش خێزانەکەی ئاگادارکردەوە".
بەوتەی ئاسۆ جەمال موختار، گیان لەدەستدانی قادری حاجی عەلی "کتوپڕ و پێشبینینەکراو" بووە، چونکە ھەفتەیەک لەمەوبەر دۆخی تەندروستی رووی لە باشی کردووە، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ دۆخی دوبارە تێکچووەتەوە.
وتیشی "قادری حاجی عەلی ھیچ وەسیەتێکی نەکردووە".
لەبارەی کاتی ناشتنی تەرمەکەی، ئاسۆ جەمال موختار باسی لەوەکرد، سبەینێ تەرمەکەی بەخاک دەسپێردرێت، بەڵام ھێشتا شوێنی ناشتنیان دیارینەکردووە.
بنەماڵەی قادری حاجی عەلی لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە رایانگەیاندووە "بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی مەرگی ناوەختی سەرکردە و سوارچاکی شۆڕش و ورەو بەرەنگاربونەوەی نادادی بەڕێز (قادری حاجی عەلی) رادەگەیەنین، کە یٔەمڕۆ ( ٢٠٢٠/١١/١٠ ) دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا".
ئاماژە بەوەشکراوە "گیان لەدەستدانی کاک قادری حاجی عەلی وەک سەرکردەیەکی خۆنەویست و خۆشەویست و جێی متمانە و یٔومێدی خەڵک و پشتیوانی ستەملێکراوان، سەرکردەی دیارو سەربەخۆی گەلەکەمان، یٔەسەف و خەسارەتێکی گەورەیە بۆ ھەموان".