ناس کورد-
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە قۆناغێکی ھەستیاردان و ھەستیان بە بەھێزبوونەوەو خۆ رێکخستنەوەی داعش کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شۆڕش ئیسماعیل لە وتەیەکدا لە مەراسیمی پڕچەککردنی دوو لیوای پێشمەرگە لە ھەولێر کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە وتی "بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر لە قۆناغێکی ھەستیارداین، ھەست بە مەترسییەکانی داعش و بەھێزبوونەوەیان دەکەین".
وتیشی "خۆمان ئامادەکردووە بۆ ھەر ئەگەرێکی لەناکاو، بۆ ئەوەش پێویستمان بە ھاوکاریی و ھەماھەنگی ھاوپەیمانەکانمان ھەیە بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسییە".
وەزیری پێشمەرگە باسی لەوەشکرد، ھێزەکانی پێشمەرگە ئێستا لەسەر ئاستێکی باش پەیوەندیان لەگەڵ سوپای عێراقدا ھەیە و ھەوڵی زیادکردنی ھەماھەنگی دەدەین بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان ھەیە.
وەزارەتى پێشمەرگە لە چواردە لیواى یەکخراو پێکهاتووە کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت و هاوکارى سەربازى دەکرێن.
لەچەند ساڵى ڕابردوودا ئەمریکا دوو لیواى پێشمەرگەى پڕ چەککرد و بڕیاریشیدا بە قۆناغ سەرجەم لیواکانى دیکە پڕچەک بکات. هەروەها مانگانە بڕێک پارە بۆ موچەى پێشمەرگە وەک هاوکاریی دەداتە هەرێم.
قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە پێشتر بە ناس کوردى راگەیاندبوو "لەم مانگەدا هەردوو لیواى 14 و 16 لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەچەکى نوێی ئەمریکى پڕچەک دەکرێن".
وتیشى "جگە لەچەک دوو لیواکە سەرجەم پێداویستییە سەربازییەکانى دیکەشیان پێدەدرێت".
قارەمان کەمال باسی لەوەشکرد، پێشتر هەردوو لیواى یەک و دووى هێزەکانى پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پڕچەککراون.