گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاوڕێیەکی وردەکاری دەگێڕێتەوە

شۆخان بەنیازی ماستەر بوو بەڵام دوو فیشەک خەونەکانى لەگۆڕنا

2020.11.09 - 23:57
App store icon Play store icon Play store icon
شۆخان بەنیازی ماستەر بوو بەڵام دوو فیشەک خەونەکانى لەگۆڕنا

ناس کورد-
شۆخان عارفى تەمەن 36 ساڵان سەرقاڵى خۆئامادەکردن بوو بۆ خوێندنى ماستەر و وەرگرتنى بڕوانامەى بەرز، بەڵام دوو فیشەک کۆتاییان بە خەونەکەى هێنا و بۆ هەتایە چاوەکانى لێکنا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

تەرمى شۆخان نیوەرۆى ئەمڕۆ لەناو ئۆتۆمبیلەکەیدا لە شەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود لە سلێمانى دۆزرایەوە، کە بەوتەى پۆلیس دوو فیشەک بە جەستەیەوە بووە.

 

زیاتر بخوێنەوە: بەڤیدیۆ؛ لێدوانی کەسوکاری ژنە کوژراوەکەى سلێمانی و وردەکاری

 

شۆخان فەرمانبەر بوو لە دادنوسى یەکى سلێمانى لە باڵەخانەى کۆنى دادگا لەناوجەرگەى شارى سلێمانى، بەوتەى کەسوکارەکەى بەڕێگاوە بووە بەرەو کارەکەى کاتێک ئەو رووداوەى بەسەردا هاتووە.

me_ga.php?id=1500

لەو کاتەوە کە هەواڵى مەرگى شۆخانى بیستووە، هێمن غازى هاوڕێى نزیکى توشى شۆک بووەو ناتوانێت بە ئاسانى بڕوا بە هەواڵەکە بکات "ئەو هاوڕێ و خوشکم بوو، هەرگیز هەستم نەکردووە کێشەى هەبێت و تارماییەک لە ژیانیدا بێت کە لێی بترسێت".

 

شۆخان خاوەنى دوو کوڕە و حەوت ساڵ لەمەوبەر لە خێزانەکەى جیابووەتەوە و لەگەڵ دایکى پێکەوە لە سلێمانى ژیانیان بەسەر دەبرد.

 

زیاتر بخوێنەوە: کوشتنى کچێک و خۆکوشتنى کوڕێک؛ سەرەداوەکان پێکیان دەبەستنەوە؟  

 

هێمن بۆ ناس کورد وتى "جیابوونەوەیان رووداوێکى ئاسایی بووە نەک بە کێشە بوبێت، شۆخان هەمیشە لەهەوڵى ئەوەدابوو کە چۆن کارەکانى بەرەوپێش ببات، ئەو زۆر خەونى هەبوو".

 

شۆخان بڕوانامەى بەکالۆریۆسى هەبووە لە یاسادا، پێش ماوەیەک نیازى خوێندنى ماستەرى بۆ هێمن و هاوڕێکانى درکاندووە و داواى لێکردووە کە هەواڵى بۆ بپرسێت لەبارەى وردەکاریی خوێندنى باڵاوە، بەتایبەت لە ئێران.


هێمن لەگەڵ سەیرکردنى دوایین وێنەى شۆخان لە سناپچات وتى "بەنیاز بووم ئەمڕۆ دەستخۆشى و هەواڵپرسینى لێبکەم، بەڵام بەداخەوە ئەو هەواڵە جەرگبڕەم بیست".


دوایین وێنەى شۆخان لە سناپچات بڵاویکردووەتەوە کە لەگەڵ کچێکى منداڵ گرتویەتى.


هێمن کە سەرۆکى رێکخراوێکى گەنجانە ماوەیەک لەمەوبەر وەک رێکخراوەکەیان بەڵێنیان بە شۆخاندا بوو کە رێزلێنانى پێشکەش بکەن بەهۆى کارامەیی و دڵسۆزى لەکارەکەیدا، بەڵام مەرگ رێگەینەدا رێزلێنانەکەى پێبدەن.

 

"زۆرى پێخۆش بوو کە پێمان وت رێزلێنانت پێدەدەین، بەڵام بەداخەوە مەرگ رێگەینەدا، ئێستا بەنیازین بیدەین بە دایکى و شتێک بکەین کە بمێنێتەوە، بۆ ئەوەى هەرگیز لەیاد نەکرێت".

 

پۆلیس دواى رووداوەکە رایگەیاند کە بکوژەکە هەڵهاتووە، بەڵام نەیشاردەوە کە رەنگە کوشتنى شۆخان پەیوەندى بە رووداوى خۆکوشتنى گەنجێکەوە هەبێت لە دەریاچەى دوکان.

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ناس کوردی راگەیاند، "ئەو کچە کوژراوە لەلایەن کەسێکەوە و بکوژ هەڵاتوە و لە ئیستادا هەندێک سەرەداو لەسەر روداوەکە دەست کەوتووە و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی تاوانبار بەردەوامە".