گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناهێڵن خێزانەکەى ببینێت

کوڕێکی بەدەل بەرواری ناوەڕۆکی تەلەفۆنەکەى باوکی لە زیندانەوە ئاشکرا دەکات

2020.11.09 - 21:33
App store icon Play store icon Play store icon
کوڕێکی بەدەل بەرواری ناوەڕۆکی تەلەفۆنەکەى باوکی لە زیندانەوە ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

مامۆستا بەدەل بەرواری، ئەو مامۆستایەی لەدوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دادگا بڕیاریدا ئازاد بکرێت و لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوەدا بوو، بەڵام لەدوای ئەنجامدانی ڕێکارەکانی ئازادکردنیی، لەجێگەی چوونە ماڵەوەی، ئاسایش دەستگیریکرد و ماوەی 84 ڕۆژە لە زیندانە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەدەل بەرواری، مامۆستا و چالاکوانە لەشاری دهۆک، لەشەوی 16 لەسەر 17ی ئایاری 2020، لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا، ئەوەش بەتۆمەتی ئەوەی بانگەشەی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک کردبوو، دوای 15 ڕۆژ و لە 31ی ئایار ئازادکرا و بەبڕی دوو ملیۆن دینار سزادرا.


دوای ئازادکردنی بە ماوەیەکی کەم، بەدەل بەرواری پۆستێک لە فەیسبوک دەکات و دەنوسێت: "بەمنزیکانە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە دهۆک ڕێکدەخەین".



بەوهۆیەوە و بەتۆمەت هاندانی هاووڵاتیان بۆ خۆپیشاندان، لە 18ی ئابی 2020، هێزێکی ئەمنی چوونە مالیان بۆ دەستگیرکردنیی، بەڵام ئەو لە ماڵەوە نەببوو، هەربۆیە ڕۆژی دواتر خۆی چووە بنکەی پۆلیس و خۆی ڕادەستکرد و لەوکاتەوە ئەو مامۆستایە لە زیندانە.


ئاری، کوڕی بەدەل بەرواری ئەمڕۆ دووشەممە (9ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "نزیکەی 60 ڕۆژ بەر لەئێستا ڕێگەیان بە من دا بچمە لای باوکم، ئەوکات کەمتر لە مانگێک بوو دەستگیرکرابوو، لەوکاتەوە تائێستا واتە نزیکەی 60 ڕۆژە ڕێگەیان نەداوە بچینە سەردانی."



وتیشی، 18 ڕۆژ بەرلەئێستا باوکی لە زیندانەوە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوەکردوون و وتوویەتی: "من لە زیندانی زرکام لە دهۆک، تەندروستیم باشە و ئازاریان نەداوم، ڕێزم لێدەگرن، بەڵام لە کۆتاییدا من لێرە زیندانیم".

کوڕەکەی بەدەل بەرواری دەشڵێت: "ئاگادارین کە بە بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایش وتراوە ڕێگەنەدەن کەس بچێتە لای بەدەل بەرواری و کەس نەیبینێت و ڕێگەشی پێنەدەن زۆر پەیوەندی بکات."


بەوتەی ئاری بەدەل بەرواری، دوای ئەوەی دۆسییەکەی باوکی براوەتە دادگا، لە دادگا بێتاوانی سەلمێندراوە و وتویانە، هیچ کەس لەسەر دەربڕینی بۆچوون سزانادرێت و بڕیاردراوە ئازاد بکرێت.



"بڕیاری دادگامان برد بۆ پۆلیس بۆ ئەوەی ئازاد بکرێت، لەوێ کارە یاساییەکانیان تەواو کرد و باوکم چاوەڕوان بوو بێتەوە ماڵەوە، بەڵام لە زیندانی پۆلیس هێنایانە دەرەوە و ئاسایش بردیان."، ئاری بەدەل بەرواری وای وت.



بە وتەی ئاری، ئاسایشی دهۆک بەتۆمەتی "هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی" باوکیان دەستگیرکردووە.



خۆپیشاندانەکانی دهۆک، لەمانگی ئایاری ئەمساڵ دژی دواکەوتنی موچە و خراپی گوزەرانی هاووڵاتیان و بێکاری سەریهەڵدا.



لەوکاتەوە دەستگیرکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران لە سنوری پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە، ئەگەرچی بەرپرسانی سنورەکە باس لەوەدەکەن کە ئەو کەسانە بە بڕیاری دادگا دەستگیرکراون، بەڵام چالاکوانان دەڵێن، دەستگیرکردنی ئەو کەسانە لەسەر ئازادی ڕادەربڕینە و بەبێ بڕیاری دادگایە.



ئاری بەدەل بەرواری دەڵیت: "تەنها حەز دەکەین تاوانی باوکم دیاریبکەن، بزانین بۆچی دەستگیرکراوە، چۆن دەبێت دادگا بڕیاری دابێت ئازاد بکرێت، بەڵام ئاسایش ئازادی نەکات و لە زینداندا بیهێڵنەوە، ئەگەر تاوانی هەیە با پێمان بڵێن ئەوە تاوانەکەیەتی و سزای بدەن، بەڵام ئەوە شەڕی دەروونیە دەسەڵاتی سنورەکە لەگەڵ ئێمە دەیکات."


"لەچەندین ڕێگەی جیاوازەوە هەوڵمانداوە باوکم ئازاد بکرێت، دەچینە لای هەرکەس پێمان دەڵێن، خەمتان نەبێت ئازاد دەکرێت، بەڵام تائیستا لە زینانە و هیچ سەرەداوێکمان دەستناکەوێت." کوڕەکەی بەدەل بەرواری وا دەڵێت.


جەختیشیکردەوە، دۆخی ماڵەوەیان زۆرخراپە و هیچ دەسەڵاتێکیان نییە، جگە لەوەی دابنیشن خەم لەو دۆخەی خۆیان و باوکیان بخۆن کە دەبێت چۆن بێت و لەکوێت بێت.

پێشتر ئەیهان سەعید، نوێنەری سەنتەری میترۆیە لە سنورەکە، بەناس کوردی وتبوو: "پرۆسەی دەسگیرکردنی چالاکوانان لە بادینان لە 11ی ئابی 2020ەوە دەستیپێکردووە، لەوکاتەوە تائێستا زیاتر لە 200 کەس دەستگیرکراون، بەڵام بەشێکیان بە کەفالەت یاخود بەبێ تاوان ئازاد کراون."

ئاماژەی بەوەشکردبوو: "ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین، بە دەیان کەس تاوەکو ئێستا لە زیندانن یاخود بێسەروشوێن، بەڵام کەسوکاری زۆرێکیان لەژێر فشار و هەڕەشەدا ناوێرن قسە بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن."

بەوتەی ئەیهان سەعید، چەندین کەس بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە ئیتر بەشداری خۆپیشاندان نەکەن و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییان ڕەخنە نەگرن.