گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چۆن دەستیپێکرد و چۆن کوژایەوە؟

پەکەکە بە ڤیدیۆ نهێنى نەبیستراو لەسەر شەڕەکەى چەمانکێ ئاشکرا دەکات

2020.11.09 - 19:55
App store icon Play store icon Play store icon
پەکەکە بە ڤیدیۆ نهێنى نەبیستراو لەسەر شەڕەکەى چەمانکێ ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

فەرماندەیەکى سەربازى پەکەکە وردەکاریی رووداوەکەى چەمانکێ لەنێوان هێزێکى پێشمەرگە و پەکەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت سەرەتا هۆشدارییان داوە بەو هێزە بەڵام ئەوان بەردەوام بوونە لە پێشڕەویکردن بەرەو ناوچەکانى گەریلا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

زۆزان چەولیک، فەرماندە لە بریارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (9ی تشرینی دووەمی 2020) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى فورات نیوزى سەر بە پەکەکە کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاندووە "4ی تشرینی دووەم کاتژمێر 11:00ی نیوەڕۆ لە بەرانبەر چیای گارەی هەرێمی چەمانکێی دهۆک هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی پەدەکە لە دوو قۆڵەوە دەستیان بە جووڵە کرد. قۆڵی یەکەم لە هێڵی چەمانکێ ڕووی کردە چیای گارە، قۆڵی دووەم لە هێڵی ئەرتووش کە وەک گەلی قیامەت و گردی ئاسلانیش دەناسرێت، دەستی بە جموجووڵ کرد."

وتیشى، "هێزەکانمان لە هەرێمەکە سەرەتا هوشداریاندا. لەدژی ئەو هێزەی کە لە دوو قۆڵەوە دەستی بە جووڵە کرد هێزەکانمان بە خوینساردی جووڵانەوە. ئێمە بە ڕاستی نامانەوێت شەڕی ناوخۆ دروست ببێت، نامانەوێت لەدژی پێشمەرگە شەڕ بکەین".

بەوتەى چەولیک، "هێزەکانی گەریلا پەیوەندی بەو هێزەوە کرد کە دەستی بە ئۆپەراسیۆن کردبوو و هوشداریان بە هێزەکەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکە خۆی گەیاندە خاڵی گەریلا و گوێی بە هوشداریەکە نەدا".

"لەبەرئەوە هێزەکانی گەریلا بە ناچاری دەستیان بە خۆپاراستن کرد. ئەو بەریەک کەوتنە ٤ – ٥ خولەک بەردەوامبوو. لەبەرئەوەی گۆڕەپانی گەریلایان تێپەڕ کرد، مینێک تەقیەوە کە پێشتر بۆ پاراستن جێگیرکرابوو. لەبەرئەوەی ئەو بەریەککەوتنە ٤ – ٥ خولەکیە نەبێتە شەڕێکی گەورە بریارگەی ناوەندی دەستی بە جووڵە کرد و فەرمانی بە هێزەکان کرد کە شەڕ نەکەن. بەریەککەوتنەکە بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنرا و بەم شێوەیە ڕێگری لە شەڕ کرا"، زۆزان چەولیک وادەڵێت.

4ی ئەم مانگە لە ڕوبەڕوبونەوەیەکی تەمومژاوی هێزەکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی پەکەکەدا لە چەمانکێ، پێشمەرگەیەک گیانیلەدەستدا و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.


نەجات عەلى فەرماندەى هێزەکانى 80ى پارتى (8ی تشرینی دووەمی 2020) لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵى رووداو کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە وتى "لەبەرنامەماندا نییە شەڕى پەکەکە بکەین و بڕیارى شەڕمان نەداوە، بەڵام ئەمە ماناى ئەوە نییە بوار بە پەکەکە بدەین تەجاوز بکاتە سەر دامەزراوەکانى هەرێم، ئەوە هێڵى سورە".

وتیشى "پەکەکە بۆشایی ئەمنى شەڕى داعشى لەسنورى بادینان قۆستووەتەوە و دەستى بەسەر هەندێ ناوچەدا گرتووە، دەمانەوێت ئەو ناوچانە بگەڕێنینەوە ژێر کۆنتڕۆڵى هێزەکانى پێشمەرگە".

نەجات عەلى دەڵێت "پەکەکە ئەو قوەتەى نییە کە شەڕى پێشمەرگە بکات، لەرووى سەربازییەوە شکستێکى گەورەى خواردووە بەرانبەر تورکیا، نامانەوێت ئەو بابەتە بگاتە ئاستى شەڕ، بەڵام پێویستە سنوریان بۆ دابنرێت".