ناس کورد-کاروان مەحمود
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان جەختدەکاتەوە، لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی تەنها دەرماڵە نایاساییەکان دەبڕێت و ئەو فەرمانبەرانەی بەیاسایی دەرماڵەیان وەرگرتووە هیچ گۆڕانکارییەک لە موچەکانیان نەکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هیڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی راگەیاند، حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و وەکو پەرلەمانی کوردستانیش چاودێری جێبەجێکردنی دەکەین و لە هەر شوێنێک پێویستی بە بەشداری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان هەبێت چاودێری دەکەین.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە، لە جێبەجێکردنی یاساکەدا تەنها موچەی ئەو کەسانە دەبڕێت کە بەنایاسایی موچەو دەرماڵەیان وەرگرتووە و ئەو فەرمانبەرانەی لە دەوامی فەرمیدان و دەرماڵەی یاساییان هەیە هیچ گۆڕانکارییەک لە موچەکانیان ناکرێت.
لەبارەی وادەی دابەشکردنی موچە و دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەو قەرزەی کە حکومەتی فیدراڵ بڕیارە بۆ دابەشکردنی موچە بیکات، هیڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان وتی: "ئاگادار نین کەی دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت، بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستانیش لەو قەرزەی حکومەتی فیدراڵ دەیکات پێویستە حکومەتی هەرێم داوای بکات و تا ئێستا ئێمە ئاگاداری ئەو پرسە نین".