گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عومەری سەید عەلی: شەش مانگ مۆڵەت دەدەینە حکومەتی نوێ بۆ چاکسازی و لابردنی پاشەکەوتی مووچە

2019.03.05 - 23:06
عومەری سەید عەلی: شەش مانگ مۆڵەت دەدەینە حکومەتی نوێ بۆ چاکسازی و لابردنی پاشەکەوتی مووچە

 

ناس کورد-

 

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت شه‌ش مانگ مۆڵه‌ت دەدەنە حكومه‌تی نوێ بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و لابردنی پاشەکەوتی مووچە، هاوکات ئەو پۆستانەش ئاشکرای دەکات کە پارتی دانی بەوەدا ناوە کە ئەنجامی هەڵبژاردن سەنگی ڕاستەقینەی گۆڕان نییە.


لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکەیدا، عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وردەکاریی ڕێککەوتنەکەیانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خستەڕوو.


بەپێی میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان، لە کۆبوونەوەکەدا رێکخەرى گشتى گۆڕان، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە لە کۆبونەوەکاندا پارتى دیموکراتى کوردستان "دانى ناوەى بەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان سەنگى راستەقینەى بزوتنەوەى گۆڕان نییە، لە بەرامبەردا شاندى گۆڕان جەختى کردوەتەوە کە ناچینە حکومەت بۆئەوەى ببینە دیکۆرى کابینەکە و حکومەت و حیزبێکى کارتۆنى بین، ئەگەر بڕیارى چونە دەسەڵات و کابینە نوێ بدەین  را و بۆچونى خۆمان هەیە".


وتیشى:"لە سەرەتا کۆبونەوەدا ئەو خاڵانە بە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیەندراوە کە ئەوانە پرەنسیپە گشتیەکانى گۆڕانن، ئەگەر رازین ئەوا درێژە بە گفتوگۆکانمان دەدەین، ئەگەرنا ئێوە خاوەنى (45) کورسین و زۆرینەن حکومەت دروستبکەین، لەبەرامبەردا ئەوان وتیان؛ دید و بۆچونەکانى ئێوە دید و بۆچونى نیشیتیمانى و نەتەوەیین و بە خزمەتى خەڵکى کوردستانن و قبوڵمانە".

 
عومەر سەید عەلى، سەبارەت بە پەیکەرى کابینەى حکومەت و چۆنیەتى بەشداریکردنى گۆڕان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە کۆبونەوەکانیشدا ئەوەیان خستوەتەڕو کە بەپێى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن گۆڕان خاوەنى (12) کورسییە، یان بە خاڵ یان بەکورسى یان بە قورسایى سیاسى، بەشداربێت، "جەختمان کردوەتەوە کە ناماناوێت لە زیاترمان بدرێێ و خێرمان پێ بکرێت، بەڵکو دەمانەوێت بە قەبارە و قورسایى خۆمان لە زاخۆ تا خانەقین بەپێى پرەنسیپى ستونى و ئاسۆیى بەشداربین لە هەمو دام و دەزگاکان و داواى زیاتر ناکەین، ئەوانیش پێیان باش بوو".


رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان داواکارییەکى پارتى دیموکراتى کوردستانى ئاشکرا کرد کە جەختیان کردوەتەوەى لەکاتى بڕیاردانى گۆڕان "نابێت پێیەکیان لە حکومەت و پێیەکتان لە ئۆپزسیۆن بێت، وەفدەکەى گۆڕانیش وتویانە ئەوەمان قبوڵە، بەڵام لەبرى ئەوە شەش مانگ دەوەستین بۆ ئەنجامدانى چاکسازى لابردنى پاشەکەوت و باشکردنى بژێوى خەڵک و دابینکردنى خزمەتگوزاریى".

عومەرى سەید عەلى دەڵێت: "دواى شەش مانگ ئەگەر زانیمان هیچ هەنگاوێک نییە بە ئاڕستەى چاکسازى و باشکردنى بژێوى خەڵک، ئەوا گۆڕان وەک لایەنێکى سیاسى و بەشدار لە حکومەت لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان کۆدەبێتەوە، وەک دو لایەنى سیاسى دادەنیشینەوە و دەڵێین ئەوە شەش مانگ تێپەڕى هیچ دەستپێشخەرییەک نیە، بۆیە ئاگاداربن و پێویستە هەنگاو بنرێت، بەڵام شەش مانگى دیکەش دەدەینەوە حکومەت، ئەگەر زانیمان دواى ئەوە هەر هیچ بەرەو پێشچونێک نییە ئەوە ئێمە رادەوەستین و ئینجا دێین قسە بۆ خەڵک و میللەتى خۆمان دەکەین و هەڵوێستى دیکەمان دەبێت، شاندى پارتیش ئەوەى قبوڵ بوە".



هەر لەو کۆبونەوەیەدا رێکخەرى گشتى رونی کردەوە کە رێککەوتننامەکەى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان، لەسەر سێ پرس واژۆ کراوە ئەوانیش؛ یەکەمیان: ئەرکى حکومەت بەرامبەر بەغدا لەسەر سێ بنەماى (خاک، سەرەوەت و سامان، بەشداریى لە دەسەڵات و بڕیارى سیاسى لە کابینەى حکومەتى ئیتیحادى.)

دوەم: لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، ئەویش لەسەر کۆمەڵێک بنەمان کە لە پێش هەمو شتێکەوە دامەزراوەکان بە نیشتیمانى بکرێن، ئینجا بەگژداچونەوەى گەدەڵى و دەزگایەک دروست بکرێت لە ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئەنجامدانى چاکسازیى، هاوکات لابردنى پاشەکەوتى موچە و خشتەیەک دابنرێت بۆئەوەى قەرزەکانى موچەخۆران و شێوازى دانەوەیان دیارى بکرێن. ئەوە جگە لەبەروپێشبردنى ئاستى خزمەتگوزارى بۆ خەڵکى کوردستان.

سێیەم: لە روى پەیکەرى ئیداریشەوە، بەپێى ئەو کورسییەکانى خۆمان، کە جێگرى سەرۆکى هەرێم بەر بزوتنەوەى گۆڕان کەوتوە هەروەها ئەو دەستەیەى بۆ چاکسازى دادەمەزرێت کە بەرپرسەکەى یاریدەدەرى سەرۆکى حکومەت دەبێت، لەگەڵ چوار وەزارەت و بریکارى وەزارەتەکانى چوار وەزارەتى دیکە و سێ بەڕێوەبەرى گشتى دیار لەوانە ئەمیندارى پێشمەرگە و بەڕێوەبەرى گشتییەک لە پەرلەمان یەکێکیش لە فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە.

رونیشیکردەوە بەپێى رێککەوتنەکە؛ لە وەزارەتەکان بەپێى ئەو (12%)ى هەمانە بەڕێوەبەرى گشتى و راویژکارمان بەردەکەوێت کە "دەبێت لەماوەى سێ مانگدا ئیستیحقاقى خۆمان پێ بدرێت"، وتیشى:'لەسەر ئەو بنەمایانە و بە بڕیارى جڤات، بڕیارى بەشداریکنمان لە حکومەتداوە".

هەر لە کۆبونەوەکەدا رێکخەرى گشتى دوپاتى کردەوە کە ئەم رێککەوتنە وا لە بزوتنەوەى گۆڕان ناکات ببینە لایەنگرى پارتى دژى یەکێتى و لایەنگرى یەکێتى دژى پارتى، لە یەکەم کۆبونەوەش بە پارتی دیموکراتى کوردستانمان وتوە ئەم کارە بەبێ یەکێتى ناکرێت و "تەنانەت داوامانکردوە کۆمەڵى ئیسلامیش بەشداربێت".


سەبارەت بە نێوانى گۆڕان و یەکێتى، عومەر سەید عەلى، وتى:"هەمیشە ئێمە ئەو لایەنە بوین کە ویستى تەبایى و گونجان و پێکەوە کارکردنمان هەبوە و چوار رێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتى نیشیتمانى کوردستان هەیە، یەکەمیان لەنێوان هەردو رەحمەتى جەنابى مام جەلال و جەنابى کاک نەوشیروان بوە لە دەباشان، رێککەوتننامەى دوەم لەنێوان رەحمەتى جەنابى کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت واژۆکراوە لەبەردەم رەحمەتى مام جالال کە لە ژیاندا بوە لە دەباشان، رێککەوتنامەى سێیەم رێککەوتنامەى خۆجێیەتیە لەسەر ئاستى پارێزگاى سلێمانى، چوارەمیش رێککەوتننامەى هەڵەبجەیە."


هەروەک باسى لەوەکرد کە لەم کۆتاییەدا یەکێتى چەند جارێک داواى کۆبونەوەیان لەگەڵ گۆڕان کردوە، "ئێمە وتومانە ئێوە یەک هەنگاو بنێن، ئیمە ئامادەین، وتومانە لە هەڵەبجە فەرمان بۆ پارێزگار دەرکراوە بۆ جێگرى پارێزگار و قائیمقامیش دەربکەن کە مافى ئێمە با دەست بە کارەکانیان بکەن دواى ئەوە ئێمە ئامادەین بۆ دانیشتن، بەڵام نەیانکردوە".