ناس کورد-
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە یەکێتى رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ پارتى و یەکێتى لە هەولێر کۆبنەوە.
سەرچاوەکە کە داوایکرد ناوى نەهێنرێت (8ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردى راگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستى مەکتەبی سیاسییە و بڕیارە لە بارەگاى سەرۆکایەتى هەرێم ئەنجام بدرێت.
وتیشى "ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە و دۆخى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو حزب تێکنەچێتەوە کۆبوونەوەکە دەکرێت".
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتییە لەسەر ئاستى باڵا لەدواى گرژییەکانى ئەم دواییەى نێوان پارتى و یەکێتى کە لە ساڵیادى ریفراندۆم و رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر روویاندا.
دوایین کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى لەسەر ئاستى باڵا لە مانگى ئابى ڕابردوودا بوو، کاتێک هەردوولا لە هاوینەهەوارى دوکان کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لەسەر پشیوانیکردنى حکومەت و جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوانیان لەساڵى 2019 بەتایبەتى لەپرسی تایبەت بە پەرلەمان و حکومەت.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کۆبوونەوەى داهاتووى نێوانیان لە سەرۆکایەتى هەرێم لە هەولێر ئەنجام بدرێت بەئامانجى جێبەجێکردنى بریارەکان.
کێشەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر چەند ئاستێکە کە هەردولا ئامادەییان بۆ چارەسەرکردنیان نیشانداوە، بەتایبەتى لەسەر ئاستى پەرلەمان و حکومەت، کە یەکێتى بەردەوام داواى شەراکەتى راستەقینە دەکات.