گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری لەسەر دۆخی ئەمنیی چەمانکێ

نوێترین زانیاری لەبارەی دۆخی ئەمنیی چەمانکێ.. پەکەکە لەکوێن؟

2020.11.08 - 15:29
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین زانیاری لەبارەی دۆخی ئەمنیی چەمانکێ.. پەکەکە لەکوێن؟

ناس کورد-

لەدوای گرژییەکانی پارتی و پەکەکە لە چەمانکێ، بەڕێوەبەری ناحیەکە ڕایگەیاند، هێزەکانی پەکەکە لە گوندەکاندان و لەئێستادا دۆخی ئەمنیی ناحییەکە سەقامگیرە، دەشڵێت، هیچ هێزێکی زیادەی پەکەکە نەبراوەتە ناوچەکە، بەڵام پەکەکە دەڵێت، هێزێکی زۆر لەو سنورانە بڵاوکراونەتەوە.  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەلەند ئەمیر، بەرپرسی ناحیەی چەمانکێ لە سنوری پارێزگای دهۆک (یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەدوای رژییەکانی هەفتەی ڕابردوو، لەئێستادا دۆخی ئەمنیی ناحیەکەمان جێگیرە ئاسایشی هاووڵاتیان پارێزراوە."

 

بە وتەی بەرپرسی ناحیەی چەمانکێ، ناحییەکە لە 800 خێزان پێکدێت کە بەشێکیان لە گوندەکانن و بەشێکیشیان لە سەنتەری ناحییەکەن

 

ئاماژەی بەوەشكرد: "لەئێستادا هێزەکانی پەکەکە لە نزیک گوندەکانی ناحیەکەن، بەڵام زیادکردنی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە دوورە لەڕاستییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتووانی ناحییەکە بەهۆی ئەو گرژییانەوە دەترسن لە ژیان و سەروماڵیان و نائارامن."

 

جەختیشیکردەوە: "داوادەکەین ئەو شەڕ لە سنورەکەمان دووربخرێتەوە و هاووڵاتیانی ئەم ناوچەیە نەکرێنە قوربانی، داوامان لە پەکەکە ئەوەیە کە سنوری خەباتی ئەوان ئێرە نییە و ئەو شەڕە لێرە بباتە دەرەوە."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا گرژییەکانی پارتی و پەکەکە پەرەی سەند و لە هەفتەی ڕابردووشدا لە چەمانکێ گەیشتە گرژیی سەربازی و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک گیانیلەدەستدا و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندرابوون.

 

ئەگەرچی بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێ دەڵێت، هیچ هێزێکی زیاتری پێشمەرگە نەبراونەتە ناوچەکە، بەڵام میدیاکانی پەکەکە دەڵێن: "پارتی هێزێکی زۆری ڕەوانەی ئەو ناوچانە کردووە کە پەکەکەی لێیە."