ناس کورد-
شەقامەکانی هەولێر و سلێمانی پڕبوون لە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بێ ژمارە و سەرجەمیان بەڕێگەی قاچاخ و لەبەرامبەر پێنج هەزار دۆلار بە کۆنتێنەری داخراو دەهێنرێنە ناوەوە و قاچاخچی تایبەت هەیە کە دەڵێت، "بە 50 وەرەقە بۆت دەهێنمە ئەمدیو مەرزەکە".
بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ تۆمارکردنیان و دەستیان بەسەردا دەگیرێت، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێریش ئاماژ بەوەدەکات، هەرێمی کوردستان سنوری نییە و هەموو شتێک بە ئاسانی دێتە ناوەوە.
ماوەی چەند هەفتەیەکە لە شەقامەکانی سلێمانی و هەولێر، چەند جۆرێک ئۆتۆمبێلی جۆری مێرسیدسی مۆدێل 2008 و لێگززی مۆدێل 2006 و چەند جۆرێکی دیکە بەبێ ژمارە و بێ سەرەتا لە شەقامەکاندا دەبینرێن و ڕۆژانەش دەهێنرێنە ناوەوە، لەکاتێکدا بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2018 و بەرەوخوار قەدەغەیە.
ناس کورد زانیویەتی، ئەو ئۆتۆمبێلانە لە ئیمارات دەکڕدرێن و دەکرێنە ناو کۆنتێنەری داخراو و لەسەرجەم دەروازە سنورییەکانەوە بە قاچاخ دەهێنرێنە هەرێم و لێرە نرخیان لەنێوان "130 وەرەقە بۆ زیاتر لە دوو دەفتەر دۆلار دۆلاردایە."
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، ئۆتۆمبێلەکان هیچ سەرەتا و تۆمارێکیان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ بۆ ناکریت، بەڵام تابلۆیەکی ژمارە کاتیی ساختەیان لێدەدرێت.
کەسێک کە ئۆتۆمبێلێکی لەو جۆرەی کڕیوە بە ناس کوردی وت: "لەڕێگەی چەند کەسێکەوە قاچاخچییەکیان پێناساندنم و چوار ئۆتۆمبێلی بۆ من و سێ کەسی دیکە هێنا و جگە لە پارەی کڕینەکەی، تەنها بۆ هێنانە ناوەوەی هەر ئۆتۆمبێلێکیان بڕی 50 وەرەقە ئۆتۆمبێلەکەی لێ سەندین."
لەوبارەیەوە فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو ئۆتۆمبێلانە لە سەرجەم سنورەکانی هەرێم و عێراقیشەوە بەشێوەی قاچاخ دەهێنرێنە ناوەوە، بەڵام هیچ تۆمارێکیان بۆ ناکرێت."
وتیشی: "بڕیارمان هەیە کە لە بازگە یاخود مەفرەزەکانماندا ئەو ئۆتۆمبێلانە دەستیان بەسەردا بگیرێت، چونکە ڕێگەپێندراو و نایاسایین."
دەربارەی ئەوەی هیچ بڕیارێک هەیە بۆ ئەوەی تۆمار بکرین و ژمارەیان پێبدرێت: "بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ تۆمارکردنیان، بەڵام ناشزانین چی ڕوودەدات و بڕیاری نوێ لەوبارەیەوە دەدرێت یاخود نا."
ئۆتۆمبێلەکان هەر لە سلێمانی نین، بەڵکو لە هەولێریش هەن و وتەبێژی هاتوچۆی هەولێریش دەڵیت، هەرێمی کوردستان سنوری نییە و هەموو شتێک دێتە ناوەوە.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بێگومان ئاگادارین لەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانە و بەردەوامیش دێنە ناوەوە، بەڵام کە دێنە ناوەوە ئەوکات پێی دەزانین، چونکە بە قاچاخ دێن، نەوەک بە ئاشكرا."
وتیشی: "لە ئەمریکاش کاری قاچاخچێتی هەیە و تەنها لە هەرێم نییە، ناتوانرێت ڕێگە لەو کارە بگیرێت، هەرێم سنوری هەر نییە و هەموو شتێک دەهێنرێتە ناوەوە."
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێریش بەهەمانشێوەی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "ئەو ئۆتۆمبێلانە لە بازگە و مەفرەزەکاندا دەستیان بەسەردا دەگیرێت و هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی تۆمار بکرێن."