گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیوەندی بە وڵاتانی ئیسلامی

واشنتن پۆست ئەو بڕیارانە ئاشکرا دەکات کە بەپەلە بایدن دەریان دەکات

2020.11.08 - 09:54
واشنتن پۆست ئەو بڕیارانە ئاشکرا دەکات کە بەپەلە بایدن دەریان دەکات

ناس کورد-

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریکی بڵاویکردوە، جۆ بایدن بەنیازە دوای دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی وەک سەرۆکی  ئەمەریکا، بەشێکی زۆر لە بڕیارەکانی ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە کە گرنگترینیان ڕاگرتنی بڕیاری کشانەوەى ئەمریکایە لە ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس و لابردنی قەدەغەی گەشتکردن لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمان.

 

بە گوێرەی ڕۆژنامە ئەمەریکییە کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (8ی تشرینی دووەمی 2020) ئاماژە بەوەکراوە، "بایدن بەنیازە دوای سوێندخواردنی یاسایی لە 20ی کانوونی دووەمی 2021 و دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی وەک سەرۆکی  ئەمەریکا، بەشێکی زۆر لە بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە".

 

ئاماژە بەوەکراوە، "بایدن دەیەوێت جارێکی دیکە واژۆ لەسەر ڕێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا و هاکاریکردنی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بکاتەوە کە پێشتر ترەمپ پاشەکشەی لێی کردبوون، هاوکات بەنیازیشە ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنێتەوە کە پێشتر ڕێگریان لە هاتن و گەشتی هاووڵاتیانی چەند وڵاتێک زۆرینە موسڵمان دەکرد بۆ ئەمەریکا".

 

هاوکات کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بایدن بە نیازە لە ئیدارە نوێیەکەیدا تیمێکی 12 کەسی پێکبهێنیت بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تیمەکەش لەلایەن ڤیفیک مۆرسی، سەرۆکی پێشووی دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا  و چەند زانایەکی دیاری ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت".

 

ئاماژە بەوەشکراوە: "پێدەچێت بایدن لەڕێگەی پشتبەستن بە دەسەڵاتی جێبەجێکاریەوە جارێکی تر ئاژانسەکان و ڕێکخراوە فیدڕاڵییەکان بگەڕێنێتەوە سەر گۆڕەپانی جیهانی، سیاسەتی جیاواز لە جیهاندا پەیڕە بکات".